خوشک و برایانی بەڕێز، نەورۆزتان پیرۆز بێت!
زۆربەی وڵاتانی جیهان هەموو دە ساڵ جارێک سەرژمێرییەک لە هاووڵاتیانی خۆیان بەڕێوەدەبەن بۆ ئەوەی بزانن ژمارەی دانیشتووانی هەر شار و گوندێکی وڵاتەکە چەند کەسن، چ تەمەنێک و ڕەگەزێک و ئایینێکیان هەیە، بە چ زمانێک و زاراوەیەک قسە دەکەن و.... ئینجا لە حیساباتی هەمەچەشنەی خۆیاندا پشت بە دەسکەوتی ئەو سەرژمێرییە دەبەستن.
بەگوێرەی زانیاریی ئێمە، سەرژمێریی ئەمساڵی بەریتانیا لە ڕۆژی 21ی مارچی 2021 (ڕۆژی نەورۆز) واتە کەمتر لە مانگێک پاش ئێستا لە دوو بەشی ئینگلتەرە و وەیڵزی بەریتانیادا بەڕێوەدەچێت و فۆڕمی تایبەت بەو سەرژمێریبە بە پۆستەدا دەنێررێتە ناو هەموو ماڵ و شوققەکانی وڵاتەکە و هەر ئێستاش دەست کراوە بە ناردنی فۆڕمەکان. لە کۆمەڵگای ئازاد و لیبڕاڵی ڕۆژئاواییدا بەشداریکردنی هەموو تاکێک لەو کارە گرنگە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ئەرکی گرنگی کۆمەڵایەتییە و پێویستە هەموو ئەوانەی وا ڕووی پرسیاریان لێدەکرێت، بە ڕوونی و ڕاستی وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.
تکایە فۆڕمەکان پشتگوێ مەخەن و فۆڕمەکە ڕاست لە ڕۆژی یەکشەممە 21/3/2021 یان دوای ئەودا پڕبکەنەوە دەنا واهەیە غەرامەیەکی هەزار پاوەنیتان بکەوێتە ئەستۆ.
بە داخەوە لە ڕابردوودا وەڵامدانەوەی بەشێک لە ڕەوەندی کورد بە دوو پرسیاری سەرەکی زمان و قەومییەت بەشێوەیەکی هەڵەئامێزبووە و لە ئەنجامدا لە ئەڵمانیا هەموو کوردانی باکووری کوردستان بە توورک دانراون، لە کاتێکدا لایکەم نیوەی ئەو 3 ملیۆنە هاونیشتمانییەی توورکیا لەو وڵاتە، لە باری ئێتنیکییەوە کورد بوون؛ هەروەها بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە چەند ساڵ پێش ئێستا لێکۆڵەرێکی کوردی باکووری کوردستان لە فێرگەیەکی ناوچەی 'هارینگەی' لەندەن بەرێوەی برد، ڕێژەی ٪70 ی ئەو منداڵانەی لە تۆماری فێرگەکەدا وەک تورک نووسرابوون، لە ڕاستیدا کورد بوون!
ئەوە لەباری یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە هەڵەیە و دامودەسگاکانی دەوڵەت و حکوومەتە ناوچەییەکان دەخاتە دۆخێکی چەواشەی ئەوتۆوە نەزانن کێ لە ڕاستیدا کێیە و دەبێ چ مامەڵەیەکی لەگەڵدا بکرێت. لەلایەکی دیکەوە بەربەستێکی گەورەش لە سەر ڕێگەی چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە ئەوروپا دادەنێت لەبەر ئەوەی دەفتەر و ئامارە حکوومییەکانیان قەبارەیەکی گەلێک بچووکتر لە ڕادەی ڕاستەقینەی ئێمەی کوردیان تێدا تۆمار دەکرێت و وەک دەرئەنجامی مەسەلەکە، شوێن و پێگەی خۆمان لە کۆمەڵگاکانی وڵاتانی ئەوروپادا پێنادرێت.
ئێستا ئێمە ڕوو دەکەینە هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی بەریتانیا و تکایان لێدەکەین یەکەم فۆڕمەکان پڕ بکەنەوە و دووهەمیش ئەگەر تێیاندا پرسیاری وڵات و زمانی قسەکردن کرابێت، هەموومان وەک ڕاستەقینەش هەر وەهایە، خۆ بە کورد و زمانەکەتان بە کوردی بناسێنین کە واقیعێکی یاساییە و چەواشەکاریی تێدا نییە. بەو کارەی ئێمە، چیتر کوردی توورکیا بە ناوی تورک و کوردی ئێران بە ناوی فارس و کوردی عیراق و سووریا بە ناوی عەرەبەوە تۆمار ناکرێن و دامودەسگا حکوومییەکانی ئێرەش تووشی هەڵەی تێگەیشتن نابن.
ئەم کارە بۆ نموونە، بێجگە لە دەستکەوتە سیاسیی و مەعنەویەکانی، دەستکەوتی ماددیشی زۆرە و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و لانی کەم بازاڕە گەورەکانی وەک تێسکۆ و ساینسبەری و ئەوانی تر دەستدەکەن بە هاوردەکردنی شتومەکی دڵخوازی خەڵکی کورد، هەروەها دامەزراندنی کورد بۆ ڕاکێشانی کڕیاری کورد. لە لایەکی ترەوە حکوومەتە خۆجێیەکان، واتە کاونسڵەکان، پێویستیان بەوە دەبێت نووسین و وەرگێڕاو و ڕێنووسی کوردی بخەنە بڵاوکراوەکانیانەوە.
لەسەروو هەمووشیانەوە: بە زانینی ژمارەی گەورەی کورد لە وڵاتەکەدا، حیزبە سیاسییەکانی بەریتانیا دەربارەی کوردستان بە سیاسەتەکانیاندا دەچنەوە بە مەبەستی ڕاکێشانی دەنگی کورد، واهەیە کاندیدی کورد بهێننە پێشەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لەو ناوچانەی کوردزمانی زۆرە.
باوەکوو دڵنیا نین، بەڵام بە ئەگەری زۆر، وڵاتانی ناو یەکیەتی ئەوروپاش لە هەمان ڕۆژی 21ی ماڕچ، یان ماوەیەک دواتردا، سەرژمێرییەکی هاوشێوە بەڕێوە دەبەن و جێگەی خۆی دەبێت کوردانی دانیشتووی هەموو وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاش ئەو خاڵە گرنگەی سەرەوە بگرنە بەرچاو.
دەستەی خۆبەخشانی کورد بۆ کەمپەینی سەرژمێری 2021 لە بەریتانیا - لەندەن
#05-03-2021#