جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
خەڵکی خۆشەویستی شاری #هەولێر#
بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (11ی ئازاری 1970) و ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم کوردستانیان بەگشتیی و جەماوەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکەین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دادەنوێنین و سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا تێدەپەڕێ کە ئەویش واژووکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە کە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ، سەنگ و کاریگەری خۆی هەبوو بەسەر ڕەوتی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان بەگشتیی و مێژووی کورد بەتایبەتی لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراق، هەروەها یادی (30) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێرە، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و بەر لە30 ساڵ و لەیادی پڕشکۆی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، تەواوی چین و توێژەکانی هەولێر و دەوروبەری بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەولێری هەردەم سەربەرز و خۆڕاگر بەپیر و لاو و ئافرەتان بە یەک ئاراستە و یەک دەنگ، دژ بە دڕندەترین ڕژێم و سوپای داگیرکەری کوردستان ڕاپەرین و بەچەند کاتژمێرێکی کەم تەواوی مۆڵگەی سەربازی و ئەمنی و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسیان پاککردەوە و هەولێری قەڵا و منارە تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینی لەسەرنا.
لەم دوو یادە شکۆدارەدا، کە یادکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار و ڕاپەرینی جەماوەی شاری هەولێری خۆشەویستە، دووپاتی دەکەینەوە وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و کۆششی بەردەوام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاوڵاتییانی، دڵنیاشیان دەکەینەوە، ئامانجەکانی شۆڕش و ڕاپەرین دەکەین بە هەوێنی کارکردنمان لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان و دابینکرنی ژیانێکی شایستە و بەختەوەر بۆیان.
وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی ئازار، داوای لێبوردن لەهەموو لایەک دەکەین کە بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو دوخە هەستیارەی لەئارادایە، بۆئەمساڵ هیچ مەراسیم و ڕێورەسمێکی تایبەت بەمبۆنانەوە ئەنجامنادرێت، بۆیە داواکارین لە لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خۆشەویستی شارەکەمان هاوکارمان بن و پابەندبن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک قەدەغەیە.
جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی یازدەی ئازاری 1970 و ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان.
بژی کورد.... بژی کوردستان
پارێزگای هەولێر
#10-03-2021#