لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان 23 تێکهەڵچونی چەکداری ڕویانداوە، لەو تێکهەڵچونانەشدا نزیکەی 50 کەس گیانیان لە دەستداوە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ئامارە 10 حاڵەت کەمتربووە لە ساڵی ڕابردوو.
لەو تێکهەڵچونانەدا 17 ئەندامی سوپای پاسداران و هێزی بەسیج کوژراون و 11 ئەندامی حزبە کوردییەکانیش کوژراون و گەریلایەکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “#پژاک#”یش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی ئەو ئامارەی کە ڕێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە لە کۆی 23 پێکدادان 10 پێکدادان لەلایەن پژاکەوە لە ئەستۆگیراوە و شەش حاڵەتیش لەلایەن حزبی دێموکراتی کوردستان (حدکا) و هەڵۆکانی زاگرۆسەوە لە ئەستۆگیراون، بەشێک لەو حاڵەتانەش لەلایەن هیچ هێزێکەوە لە ئەستۆ نەگیراون.
لە ئاماری کۆتایی گرژییەکانی سنوری هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە کە 16 جار لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە شاخەکانی هەرێم بۆردوومانکراوە.
ئامارەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە لە ساڵی ڕابردوودا 15 گەریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان #پەکەکە# لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان گیانیان لە دەستداوە.[1]
#28-12-2020#