لە حەفتاکانی سەدەی بیستەم دا دۆستی بەڕێزم شاعیری ناسراو هێمن لە بەغدا بوو، لە نیوەندی ڕۆشنبیری و خوێندەوارییەوە نزیک بوو.
بیروڕاکانی بە زۆری کاریگەر بوون لە بابەت هەموو لایەنەکانی کولتووری کوردەوە، بەتایبەتی لە زمان و ئەدەب دا.
یەکێ لە بۆچوونەکانی ئەوە بوو دەنگی (غ) لە زمانی کوردیدا نییە، پێویستە لەناو ئەو ئەلفبێ یە لاببرێ، هەموو وشەیێکی ئەم دەنگەی تێدا بێ دەکرێ لەباتی ئەو بە دەنگی (خ) بنووسرێ.
ئەم بیروڕا و بڕیارە کاریگەر بوو، تائێستا شوێنەواری ماوە، لەبەرئەوە لەپێناوی بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە بیر لە نووسینەوەی ئەم پەرەگرافە کرایەوە.
لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا ژمارەی ئەو غانەی چوونەتە ناو دروست بوونی وشەوە کەم نییە. لەکاتی بەکارهێنانی ئەو وشانە لە بەشێکیان دا (غ)ەکانیان وەکو خۆیان دەمێننەوە، لە بەشێکی دیکەیان دا (غ)ەکان دەبن بە (خ).
لەم لایەنەوە ئەگەر لە بڕێک لەو وشانە دەنگی (غ) ببێ بە (خ) تا پلەیێک ئاسایی بێ، لە هەندێکی دیکەیان دا دەبێتە مایەی پێکەنین.
وەکو بەغدا ببێ بە بەخدا، یا ناوی کەسانی کوردی وەکو غەفوور و غەریب ببن بە خەفوور و خەریب.
جگە لەوەش کورد بەهیچ جۆرێ قۆناغ و قەدەغەی نەکردووە بە قۆناخ و قەدەخە، لە ڕووی فۆنێتیک و ئاوازی مۆسیقییەوە دەنگی غ لە دەنگی خ ناسکتر و سووکتر و لەسەرخۆترە.
بەهیچ جۆرێ ناتوانرێ دەنگی غ لە ئەلفبێ ی کوردی دوور بخرێتەوە چونکە بەغدا نابێ بە بەخدا و هەروەها بابایێکی بە ناو خوێندەواری کوردیش کە دەبیستێ لە ئەلفبێ ی کوردیدا غ نییە سوڵتان مەحموودی غەزنەوی ناکا بە (سوڵتان مەحموودی خەزنەوی)، ئەمە لە مامۆستایێکی زمانی کوردی ڕووی داوە.
نووسین: #مارف خەزنەدار#.
ناونیشانی بابەت: پاراستنی ئەدگاری نەتەوەیی لە وشەی فەرهەنگی زمانی نووسینی کوردیدا.
سەرچاوە: ئەکادیمی، کۆواری کۆڕی زانیاری کوردستان.
لەبەرنووسینەوە: دادیار
سەرنج: بابەتەکەم، بە هەمان ڕێنووس و خاڵبەندیی (کۆوار)ەکە نووسوەتەوە.
تێبینی: لە نووسینەکەدا نموونەی پتر؛ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکە خراونەتە ڕوو و، لەبەر زۆرییان؛ نەمنووسینەوە![1]