(دەست لە کوشتنی براکەت مەگێڕەوە، ئەگەر دەسەڵاتێکی چەسپاوت دەوێ)
دەکرێ ئەمە وەک دروشمی سەرەکی و ڕاستەقینەی بەشێکی زۆر لە سوڵتانەکانی عوسمانی بناسێنین.
ڕەنگە ئەمە بۆ کەسانێکی ئاسایی کە لە ڕوانگەی سۆزداریەوە لە مێژوو دەڕوانن و کاریگەری گێڕانەوەکانی پیاوانی ئاینیان لەسەرە جێی قبوڵ نەبێ کە چۆن ڕێی تێ دەچێ کەسانێک کە بە سەرکردەو سەرداری موسڵمانان دەناسێندرێن، وەک ئەوەی بەشێک لە کەسایەتیە ئاینیەکان بە مەبەست یان بێ مەبەست بانگەشەی بۆ دەکەن، کەچی لە پێناوی دەسەڵاتدا دەستیان بچێتە خوێنی ئەندامانی بنەماڵەکەیان!
بەڵام ئەمانە هەموو هەقیقەتی مێژووین و بۆ کەسێک کە لە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤەوە بۆ بابەتەکە بڕوانێ هیچ جێی سەرسوڕمان نیەو وەک بابەتێکی شازو سەیرو سەمەرە لێی ناڕوانێ.
دکتۆر کەمال مەزهەر لەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە پێشەکی کتێبی میر (وەرگێڕانی حسێن عارف) چاپکراوە، لە بابەتێکدا سەرنج دەخاتە سەر ئەو کردارە مەکیاڤیللیەتیانەی کە لە سەرکردەو دەسەڵاتدارەکانی جیهاندا هەبووە بێ ئەوەی کاریگەری خودی (مەکیاڤیللی)①یان لەسەر هەبووبێ.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرنج دەخاتە سەر ئەو توندوتیژیانەی کە لە نێو بنەماڵەی عوسمانیدا لە لایەن سوڵتانەکانەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان دەرهەق بە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان ئەنجامیان داوە.
سەرەتای باسەکە لە (سەلیمی یەکەم1512-1520) دەست پێدەکات، ڕەنگە ئەوەی کەمێک مێژووی خوێندبێتەوە ناوی سەلیمی یەکەمی بیستبێ کە بە (یاوز)یش ناسرەوە کە بە واتای توندوتیژ و تۆقێنەر دێت، سەلیم ئەو سوڵتانەیە کە لە ساڵی (1514) لە جەنگی چاڵدێران سوپای شا ئیسماعیلی سەفەوی تێکشکاندو گۆڕانکاریەکی گەورەی لە ناوچەکە هێنایە کایەوە، بەڵام کەم کەس دەزانێ سەلیم چۆن تەختی شاهانەی وەرگرت و چۆن دەسەڵاتی خۆی چەسپاند.
یەکەم هەنگاوی ئەم سوڵتانە لە ساڵی (1512) بە کوتەدایەک بەسەر بایەزیدی باوکیدا دەستی پێکرد، کە بە پشتیوانی ئینکیشاریەکان ئەنجامیدا و تەختی سەڵتەنەتی داگیرکرد.
سەلیم بۆ نەهێشتنی مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەی لەماوەیەکی کەمدا سەرجەم براو برازاکانی بە گەورەو بچوکەوە کوشت و بە ڕەچەڵکیاندا چووە خوارەوە!
بە جۆرێک جگە لەنەوەکانی خۆی نێرینەیەکی دیکەی لە بنەماڵەکەدا نەهێشت کە گومانی ئەوەی لێی بکات لە داهاتوو بتوانێ تۆڵە بکاتەوە یان شەڕی دەسەڵات بکات.
(مورادی سێیەم 1574-1595) یەکێکی دیکەبوو لەو سوڵتانانەی کە هەر لەگەڵ هاتنە سەر تەختدا فەرمانی کوشتنی هەر پێنج براکەی دەرکرد، کە ئەمەش بێگوومان بۆ چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەی بوو کە بێ کوشتنی ئەوانیش مەترسیەکی ئەوتۆی لەسەر نەبوو!!
وە کوڕەکەی (محمدی سێیەم 1595-1603) هەمان ڕێچکەی باوکی گرت و بگرە لەویشی تێپەڕاند، ئەویش بەوەی هەر لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵاتدا فەرمانیدا هەر (نۆزدە) براکەی بخنکێنن و لە یەک کاتیشدا لە تەنیشت باوکیەوە ناشتنی.
هەڵبەت ئەمە گۆشەیەکی زۆر بچووکە لە توندوتیژی نێوو بنەماڵەکە، بۆ زانیاری زیاترو بینین و خوێندنەوەی ڕووداوی هاوشێوە پێم باشە تەماشایەکی کتێبی (قۆچی زێڕین- لە وەرگێڕانی ڕێبوار کەریم) بکەن کە بە دەنگ و نووسینیش لە ئینتەرنێتدا دەست دەکەوێ، من لێرەدا حەزم نەکرد لە چوارچێوەی توێژینەوەکەی دکتۆر کەمال دەبچم بۆیە تەنها ئەو سێ ڕووداوەم گێڕایەوە کە لەوێدا ئاماژەی پێکراوە.
هیوادارم به چاوێکی واقیع بینانەوە لێی بڕوانن و بە سۆزەوە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکەن.
نووسین و ئامادەکردنی: ئاریان ئومێد
سەرچاوە:
وردبونەوەیەکی مێژوویی دەربارەی مەکیاڤیللی و مەکیاڤیللیزم، لە نووسینی: پ.د کەمال مەزهەر.
له پێشەکی کتێبی میر، وەرگێڕانی (حسێن عارف) لا41-42.
①مەکیاڤیللی نووسەر و ڕۆشبیرێکی دیاری سەردەمی ڕێنیسانسە کە تا ئێستاش نووسین و بابەتەکانی جێگای مشتومڕو جەدەلی گەرمن.
ئاریان ئومێد[1]