سەنتەری میترۆ و گۆڤاری ژن ئیدانەی قەدەخەکردنی کاری ڕۆژنامەوانی کچە میدیاکار ڤیڤیان فەتاح لە ڕۆژئاوا دەکات، ڕای وایە قەدەخەکردن و ڕێگریکردن لەو کچە ڕۆژنامەوانە، ڕێگریکردنە لە هەواڵ و زانیاری نوێ و توانا و بوێری ڕۆژنامەنووسێکی ژن.
لەکاتێکدا زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ئاژانسەکان جەخت لەسەر فراوانکردنی مەودای ئازای بیروڕادەربڕین دەکەنەوە و هانی هاتنەپێشەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەدەن، بۆ ئەوەی لەو ناوچە و وشوێنانەی کە جەنگ و ناکۆکی و ململانێی نێی تێدایە میدیا ببێتە دەنگێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی ڕای گشتی و گەیاندنی کێشەو گرفتەکان، بەڵام ئەوەی جێگەی نێگەرانییە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕۆژی 10ئایار بڕیاریداوە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری ڕووداو بۆ ماوەی دوو مانگ لە کاری ڕۆژنامەوانیی قەدەخە بکات و تۆمەتی سوکایەتیکردن بە شەهیدان دەخاتە پاڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە، لەکاتێکدا گوتەکانی لە چوارچێوەی کاری میدیایی بووە، گواستنەوەی زانیاری بووە.
سەنتەری میترۆ داوا دەکات ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە و پەیامنێرەکەی ڕوداو ئازادانە کاری ڕۆژنامەوانی خۆی بکات لە ڕۆژئاوا.
ڤیڤیان فەتاح، لە نیسانی 2018 دەستی بە کارکردووە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو. ڕووماڵەکانی بۆ شەڕی #داعش# زۆر دەنگیاندایەوە لە کوردستان، زۆر لە بەرهەمەکانی لەو ئاژانس و تەلەڤزیۆنانە بڵاوکرانەوە کە ڕێککەوتنی هاوکارییان هەیە لەگەڵ ڕووداو.
ڤیڤیان فەتاح، لە 3ی ئابی 2018 ڤیتییەکی ئامادەکرد لەسەر ژیانی ژنانی کوردی ئێزدی لە ڕەققە لەژێر دەستی داعشدا، لەو ڤیتییەدا کە ڤیڤیان جلی ژنانی داعشی پۆشیبوون، بە وردی لەو شوێنانەی ئەو ژنانەی لێ ژیاوە، باسی شێوەی ژیانی ئەوانی کرد، ئەو بەرهەمەی زۆر بڵاوبووەوە و دەنگیدایەوە.
ڤیڤیان ڕووماڵی شەڕی داعشی کرد لە ڕەققە، دێرزوور و هەروەها ڕووماڵێکی تەواوی کرد بۆ شەڕی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە باغۆزی سووریا، کە بە دوایین ناوچەی خەلافەتی داعش دادەنرا. بەشدارییە ڕاستەوخۆییەکانی ڤیڤیان لە بوولتەنەکانی ڕووداو دا، ڤیتییەکانی سەبارەت شەڕی باغۆز زۆر بینەر و بیسەریان هەبوو. ڤیڤیان فەتاح تاوەکو دوایین خاڵی نێوان سووریا و عێراق ڕووماڵی شەڕی داعشی کرد.
هەروەها هەڤپەیڤینەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2019 لەگەڵ ستیڤ دوورات، چەکداری داعشیی خەڵکی لۆکسمبۆرگ کە ئێستا لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، زۆر بە فراوانی بڵاوبووەوەو، بووە ڕۆژەڤی میدیا و حکومەتی لۆکسمبۆرگ.
ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 1992 لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. بڕوانامەی لە بواری دەرووناسیدا لە زانکۆی حومسی سووریا وەرگرتووە.
لە ساڵی 2015 لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دا دەستی بە کار کردووە. لە ڕۆژی 12ی ئاداری 2004 لەکاتی ئاڵۆزییەکانی یاری نێوان یانەی جیهادی قامشلۆ و فتوەی دێرزوور لەگەڵ باوکی لە یاریگەی قامشلۆ بووە، کە لایەنگرانی فتوە و پۆلیس هێرشیانکردە سەر کورد و لە ئەنجامدا کورد لە پارێزگای #حەسەکە#ی ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی حکومەتی سووریا ڕاپەڕین، لەوکاتدا حەزیکردووە ببێتە ڕۆژنامەڤان بۆ گواستنەوەی هەواڵەکان. هەروەها ئەوکاتەی باوکی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی دانراوی داعش لە قامشلۆ گیانی لەدەستدا، خۆی هەواڵەکەی خوێندووەتەوە، دوای تەواوبوونی بوولتەنەکە زانیویەتی ئەو هاونیشتیمانییە سیڤیلەی کە ناوی لە هەواڵەکەدا نەنووسرابوو، باوکی بووە.
ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 2015 وەک کامێرامان لە تەلەڤزیۆنی ڕۆناهی کاری کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دواتر وەک بێژەری هەواڵ لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان و ڕادیۆی دواڕۆژ و تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لە باشووری کوردستان کاری کردووە.
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هاوکاری ڕێکخراوی پەیمانگای ڕۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ی ئەمریکی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی ڕەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەک لە ڕێکخراوەکانی پەیمانگای ڕۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و ڕێکخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی کردوە. بۆ ساڵی 2020 ژوار پرۆژە بە هاوکاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕێکخراوەکانی IMSی دەنیمارکی و Intenews جێبەجێدەکات.
#13-05-2020#