برا دوور و خزم دوور و کەسم دوور
بە نا بەڵەد، تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ ئاڵای سوور
بەرەو ژووری بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیە و جێ دارە
نەڵێن ؛ ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دوا ماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردنم دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نیە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن ببێ بە پەرژین
سەربەرزیە کە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
پێ لە سەریان دائەنێم و ئەڕوانم
بەرەو شاری جێ هەواری کاروانم
ئەگەم پێ یان چونکە دیارە جێ پێ یان
ئێرەیە و لێ ی لانادەم تا ئەتوانم
ئەوا ئێستا کەوتوومە شوێن پێشڕەوێک
کە لێرە بووە لە پێش مندا چەند شەوێک
دیارە منیش هەر ئەوەندەی لێ ئەبم
وا بە نوێنی ئەو ئەشکێنم سەرخەوێک
خۆ بە نوێنی جێماوی دائەپۆشم
تا پێ ی سووک بێ، ئێسی لاشەی نەخۆشم
بۆتە بەڵگە بە شوێن ئەودا ڕۆیشتنم
ئاخۆ کێ ی تر پێ ی دێتە شوێنی خۆشم
دیسان ڕێگای شوێنێکی کەم لە پێشە
ڕێ ی گۆڕستان کە دڵنیام ئەو لەوێشە
ئەگەر لاشەم نەشێ ببرێتە شوێنی
گیانم لە سەر گڵی سەر گۆڕی مێشە
کە دڵنیام ئەچێتە جێ ی شانازی
لەو ڕێ یەدا منیش ئەکەم گیان بازی
کە ئەو خوێنی خەڵاتی ڕێ ی خەباتە
خوێنی منیش ئەنەخشێنێ ڕێبازی
ئەو مەرگەی لێم ترساوە ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و بگرێ داوێنم
با بمناسێ کە پێشمەرگەی - کۆمەڵە - و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە، دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگە و کادرم
کە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێ ی خەباتم
لەوێ لەنێو کورەی شۆڕش ئاگرم
ئەگەر لێرە نەمتوانیبێ بجەنگم
لەوێ بە دەست هاوڕێ یەکەوە تفەنگم
ئەگەر لێرە بە جێ مابم لە کاروان
لەوێ لە پێش کاروانەوە پێشەنگم
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
شەهید مەلا عەلی
1979-06-18