ئامادەکردنی (#گەرمیان# محەمەد، شاهۆ عەبدوڵڵا)
1.بەهێز کردنی ژێرخانی ئابوری ناوچەکە و ئەوناوچانەی ئەو بەنداوانەی لێ دروست دەکرێت.
2.بەدەست هێنانی سوودی ئابوری بۆ هەرێمی کوردستان.
3.پێشخستنی سامانی ماسی، ئەمەش وادەکات هاوڵاتیان ڕوو لەخواردنێکی تەندروست بکەن و زیادەکەشی بنرێتەوە دەرەوە یان بۆ عێراقی عەرەبی هەناردە بکرێت، ئەمەش سەرچاوی باشی هێنانی پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
4.ئاوی بەنداوەکە بەکاردەهێنرێت بۆ کشتوکاڵ، وەک دەزانین لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە لێژی و هەورازی زۆرە و بەهۆی کەمی سەرچاوەی ئاو لەوەرزەکانی هاوین دا، دەست نادات بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بەڵام ئەگەر ئەو بەنداوانە دروست بکرێت، ئەوا لەتوانایدا سنورێکی وەک ناوچەی گەرمیان زۆرترینی ڕووبەرەکەی بکرێتە شوێنی بەرهەمهێنانی بەربوومی کشتوکاڵی، بۆیە تا ئاسایشی ئاومان نەبێت ناتوانین ئاسایشی خۆراک دابین بکەین.
5.پێشخستنی کەرتی باخداری، ئەگەر ئەم بەنداوانە دروست بکرێت وا لەدانیشتوانی ناوچەکە دەکات ڕوو بکەنە کەرتی باخداری و زەوییەکانیان بۆ باخی بەرهەهێنانی میوە بەکار بهێنن، ئەمەش لە چەند ڕوویەکەوە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت بۆ پێشخستنی ئەو ناوچانەی ئەم بەنداوانەی لێ دەرکرێت، بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە و بوونی ئاوی پێویست سەرنجی هاوڵاتیانی ناوچەکە ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی زەوییەکانیان کە دەکرێتە بەرهەمی وەرزی بگۆڕێت بۆ باخداری و درەخت بڕوێنێت، ئەمەش جگە لەو سوودی خاوەن باخەکان دەستیان دەکەوێت ببێتە هۆی کەم بوونەوەی بێکاری لەو ناوچانە.
6.پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لەو ناوچانەی کە بەنداوەکانی لێ دروست دەکرێت، ئەمەش نەک هەرسوودی زۆری دەبێت بۆ جوانترکردنی ناوچەکە بەڵکو دەبێتە هۆی سەرنج ڕاکێشانی گەشتیار و بەدەستهێنانی سوودی مادی لەسەردانی کردنی ئەو گەشتیارانەوە، لێرەشەوە هەڵی کارکردن بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەستەبەر دەبێت.
7.لەڕووی ژینەگەیەوە ناوچەکەیەکی تەندروست و هەوایەکی تەندروست تری دەبێت، نەک هەر بۆ خودی ناوچەکە بەڵکو بۆ تەواوی کوردستان، بۆ نمونە ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو بێت لەناوچەی گەرمیان ئەوا دەبێتە فلتەرێکی هەوای بەهێز بۆ خودی ناوچەکە و شارەکانی وەک #سلێمانی# #هەولێر#یش، هەروەها دورمان دەخاتەوە لەمەترسی بەبیابان بوون، بەاتیبەت لەم دوایانەدا باس لەبەبیابان بوونی باشوری شاری #کفری# دەکرا.
8.دابین کردنی ئاسایشی ئاو، بەپێی چەندین توێژینەوە ناوچەی و نێودەوڵەتی کێشەی ئایندەی ناوچەکە لەسەر ئاو دەبێت بەهۆی کێشەی گەرم بوونی زەوی و کەم بوونەوەی ئاو و بەرنامەی وڵاتانی وەک (ئێران و تورکیا) بۆ گلدانەوەی ئاو و وشک کردنی ئاوی ئەو زێ و ڕووبارانەی ئاوەکانیان دێتە هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە وامان لێدەکات پەلەبەکەین لەدروستکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو، ئەگەر لەمەدا بەرنامە و کردارمان نەبێت دوور نیە لەئایندەیەکی نەچەندان دووردا ڕووبەڕووی مەترسی گەروەرەی کەم بوونەوەی ئاو ببینەوە، بەستنی سەرچاوەیەک لەسەرچاوەکانی ڕووباری سیروان و ئەڵوەن ئەو مەترسیانەیان چەند هێندە کرد.
9.پاراستن ئاوی ژێر زەوی لەمەترسی کەم بوونەوە، ئەوە ڕوونە لەم چەندساڵەی دواییدا ئاوی ژێر زەوی بەئاستێکی زۆر دابەزیوە و کەمی کردووە تەنانەت هەندێک لەبیرە ئاوییەکان وەشکی کردووە، بەجێ بەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە ئاوی ژێر زەوی بۆ ئاستێکی باش بەرزەدەبێتەوە لەڕووی توێکڵی زەوییەوە.
10.دابینکردنی سەرچاوەیەکی ئاوی گرنگ بۆ ئاژەل و باڵندە کێوییەکان، وەک دەزانین هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاژەڵی کێوییەوە لەم چەندساڵەی دواییەدا بەهۆی پاراستنیانەوە لەڕاوکردن بەشێوەیکی بەرچاو زیادیان کردنووە، بەڵام لەوەرزی گەرمادا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە و هەندێک جار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تایبەت ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان حەوزی ئاوی بۆ دروست کراوە، بە جێ بەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە چیتر پێویست بەو حەوزە ئاویانە ناکات و ئەو ئەرکەش لەسەر شانی حکومەت کەم دەکاتەوە.
11.لەڕووی سیاسییەوە ڕۆڵی ئێجگار گرنگ دەگێڕێت لەبەهێزکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر لەناوچەکەدا بەشێوەیەک وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لێی بڕوانیت و بەکاری بهێنێت، لەم ڕووەوە سەرچاوی ئاوی گرنگ و وەرزی بارانی و باشمان هەیە ئەگەر بەکارنەهێنرێت و بەرنامەیەکی باشی بۆ ئایندە دانەرێت، خۆشمان و نەوەی ئایندەمان لەمەترسییەکی ئێجگار گەورەدایە، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا شایەتحاڵی ئەوە بووین کاتێک لەودیو سنووری سیاسییەوە ئاوی ڕووباری سیروانیان لێ بەستین، هەروەها ئەو پرۆژانەی هەیە لەودیو سنوورەکانەوە بۆ وشک کردنی ئەو ڕووبارانە، بۆیە دەبێت وەک حاڵەتی لەناکاو سەیری ئەم بابەتە بکەین، ئەوەی ئێستا دەتوانین بیکەین لەپێنج ساڵی ئایندەدا بەهیچ شێوەیەک ئەو توانایەمان نابێت و بۆ ئەوەی ئاوی ڕووبارەکانمان بۆ بکەنەوە دەبێت زۆرشت ببەخشین!.
12.بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەم پرۆژەیە دەبێت بەشێوەیک دیزاین بکرێت توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەبێت کەمتر نەبێت لەپێنج میگاوات کارەبا بۆ ئەو ناوچەیەیی تێدایە، ئەمەش وادەکات فشار لەسەر وێستەگەکانی کارەبا کەمتر ببێتەوە و بەنرخێکی هەرزان بکڕدرێت لەکۆمپانیاکە، هەروەها سوودی دیکەی ئەوەیە هەرناوچە و جۆرێک لەوێستگەی بچوکی لێبێت و توانای دابین کردنی کارەبای ناوچەی خۆی هەبێت، و ونبوونی کارەبای ڕوونادات، چونکە بەرهەمهێنانەکەی هەر لەخودی ناوچەکەیە.
13.کارەمەند و پسپۆڕانی بەڕێوەبەردنی ئەو بەنداوانە لەلایەن حکومەتەوە دادەنرێت و مووچەکانیان لەلایەن ئەو کۆمپانیاییەیی گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە دابین دەکرێت، تاتەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی، ئەمەش واتە کەم کردنەوەی فشار لەسەر شانی حکومەت لەڕووی دامەزراندنەوە.
14.کەرگەکانی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی لەئایندەدا پێویستیان بەئاوی زۆر دەبێت، بۆیە دەتوانرێت لەدوای تەواوبوونی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیاییەی بەنداوەکە دروست دەکات دەتوانرێت سوود لەئاوی بەنداوەکان وەربگیرێت بۆ ئەو کارگانە بەشێوەیەکی زانستی.
15.لەڕووی دەرونییەوە دڵنیایی دەدات بەهاوڵاتیانی کوردستان کە ڕووبەڕووی بێ ئاوی نابنەوە، بۆ نمونە لەماوە ڕابردوودا کاتێک وڵاتی ئێران ئاوی سەرچاوەکانی ڕووباری سیروانی گلدایەوە بارێکی دەروونی ناخۆشی بۆ هاوڵاتیانی گەرمیان دروست کرد، ئەمەش لەڕووی سیاسی و دەرونیەوە بارێکی نائاسایی دروست بۆیە کاتێک ئاسایشی ئاو پەرپێدەدەین دڵنیاییەکی باش دەدەین بەهاوڵاتیانی کوردستان.
16.پێچەوانە کردنی کۆچ کردن لەگوندەوە بۆ شارۆچکە و لەشارۆچکەشەوە بۆ ناوەندی ئیدارەوە و پارێزگاکان، لەم چەند ساڵەی دوایەدا بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەوە دانیشتوانی گوند و شارەدێییەکان ڕوویان لەشارەکان کرد ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی بەرهەمی دێهاتەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شارەکان و هەڵکشانی بێکاری و بێکاری شارەوە، بۆیە بەجێ بەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە سەرنجی دانیشتوانی شار ڕادەکێشرێت بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان و کارکردنیان لەسەر زەوی و زارەکانیان لەتاکێک و زەوییەکی بێکار و بێ بەرهەمەوە بۆ گۆڕێت بۆ تاکێکی خۆژێن و زەوییەکی بەبەرهەم، ئەمەش چەندین سوودی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی هەریە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.
17.فراوان بوونی ڕووبەری پوش و پاوان، ئەم خاڵە زۆر گرنگە کاتێک ڕێژی ڕووبەری پوش و پاوان و گژوگیایی سروشتی زیاد دەکات سوودێکی گرنگی بۆ خۆش کردنی کەش و هەوا هەیە، و لەمەترسییەکانی بەبیابان بوون دروسمان دەخاتەوە، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خۆراکی مەڕو ماڵات، سەرئەنجام بەرهەمی ئاژەڵ داری زیاد دەکات و سەردەکێشێت بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەنی گوندەکان.
18.یەکێکی دیکەی لایەنەگرنگەکانی پرۆژەی بەنداو ئەوەیە، ڕێگردەبێت لەڕوودانی لافا و زیانگەیاندن بە گوند و شاردێ و شارچکە و شارەکان، وەک بەربەستێکی گرنگ دەبێت لەوەرزی باران باریندا، کەزیانەکانی زۆربەی کات مادی و مرۆیین.
19.بەجێ بەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە لەهەموو کوردستاندا، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاوی سەرزەوی و بەوەش خاکی هەرێمی کوردستان لەزەوییەکی خاکی وشکانییەوە دابەش دەبێت بۆ ڕێژەی وشکانی و ئاوی.
20.پێشخستنی وەرزشە ئاوەییەکان، ئەمەش وادەکات ببێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیار و وڵاتان بۆ ئەنجامدانی وەرشە ئاوییەکان، و هەروەها پەرەپێدان بەو جۆرە وەرزشە لەکوردستاندا.
ئەم سوودانەی لێرە خراوتەوە ڕوو خالەکانی پرۆژەیەکن لەمانگی (12 / 2015) پێشکەش بە (بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوکراوە) لەلایەن هەردوو بەڕێز (گەرمیان محەمەد و شاهۆ عەبدوڵڵا)وە کراوە.[1]