دەزگای پەخش: فام
ئەم پەڕتووکە باسی ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکایە، کە کەسایەتییەکی ئاڵۆزی هەیە و هەمیشە کەسایەتییەکەی جێی مشتومڕە.
نووسەر، کە خۆی لە خانەوادەی ترەمپ و برازای ترەمپە، لە ڕەچەڵەکی یەکەمی خانەوادەکەی دەکۆڵێتەوە، دوای هاتنیان لە ئەڵمانیا بۆ ئەمریکا و دەیسەلمێنێت لە ژینگەی ئاڵۆز و پەراوێزخراودا، منداڵ لە کەسێکی فریشتەئاساوە دەبێتە بوونەوەرێکی شەیتانئاسا.
خوێندەوەی ئەم پەرتووکە بۆ مامۆستا و توێژەرانی دەروونناسی و سیاسەت و بەڕێوەبردن، بە پلەی یەک پێویستە و پێشنیارکراوە، بەڵام ئەوانەشی هەم گرنگی بە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دۆناڵد دەدەن و بە تێکڕای خوێنەری گشتیش چێژێکی تایبەت لە خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەبینن. گرنگە دواجار ئەوەشمان لە یاد بێت، نووسەر وێڕای خۆشەویستی بۆ خانەوادەکەی خۆی، لە چەند دیمانەیەکدا هۆشداریشی داوە لەوەی کەسێکی وەک دۆناڵد هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەمریکا و جیهان.
ئەم پەڕتووکە دوای بڵاوبوونەوەی مشتومڕی زۆری نایەوە و دۆناڵد ترەمپی زۆر تووڕە کرد، کۆشکی سپیش هەوڵی دا لە ڕێگای دادگاوە ڕێ لە بڵاوبوونەوەی پەڕتووکەکە بگرێت، بەڵام دادگای ئەمەریکا داواکەی کۆشکی سپی ڕەت کردەوە و ڕێی لە بڵابوونەوەی پەڕتووکەکە نەگرت، بەم هۆیەشەوە پەڕتووکە هەر لە سەرەتاوە و تا ئێستا فرۆشێکی زۆری هەیە و هەر لە ڕۆژی یەکەمیدا یەک ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. [1]