ناوی کتێب: پیاوێک لە شەختە
بابەت: شیعر - کوردی - ئینگلیزی
نووسینی: سۆران محەمەد
----------------------------------
شیعرەکانی دیوانی (پیاوێک لە شەختە)؛ داهاتووخوازیین، جیهانیین، فرە ڕەهەندن، مەوزووعین، ڕەسەنن و مۆرکی تایبەتی شاعیرن و بەس... بۆیە خوێنەر چێژێکی زۆر لە شیعرەکان دەبینێت، چێژی گیانی و فیکری و ئەدەبی.
کۆی ئەم شیعرانە ژمارەیان (70) دەقە بە زمانی کوردی و ئینگلیزی نووسراون، هەرچەندە ئەم شاعیرە وەکو زۆر لە شاعیرەکانی تر، لە سێ دەیەی ڕابردوودا تا ئێستا جگە لە چەند هەوڵێکی ڕەخنەیی تاکوتەرا هیچ سەرەقەڵەمێکی ڕەخنەیی جدی کوردی لە ئارادا نەبووە تاکو تەلیسمی دەقەکانی واڵا بکات و ڕۆبچێت بە دیوە پەنهان و شاردراوەکانی پشت دال و وێنە شیعریە تازەکان و ئایدیاو سیمبوڵ و گەمە زمانەوانییەکانی نێو دەقەکان، بەڵام هەمیشە هەر وابووە، ئەوانەی جیاواز دەنووسن ڕەنگە لە زەمەنەکەی خۆیاندا هەر بە نەناسراوی مابێتنەوەو بایەخێکی ئەوتۆش بە بەرهەمەکانیان نەدرابێت، وەکو کافکا و بێسواو دیکنسن و زۆری دی.
بەڵام زۆر پێشتر ڕەخنەنووسی ناوداری مەغریبی و مامۆستای زانکۆی ڕێبازە ڕەخنەییە هاوچەرخەکان (محەمەد خەرماش) لە پێشەکی کۆمەڵە شیعری (قەسیدەی لەقلەقە کۆچەرییەکان)ی ئەم شاعیرەدا، کە لەساڵی 2014دا بە عەرەبی چاپ کرا پەی بە هێزو پێزی شیعریی نێو تێکستی بەرهەمەکانی شاعیر بردبوو و نووسیبووی:
(شیعرەکانی سۆران محەمەد چەمک و بەهاکانی لەسەر سینییەکی زیوین پێشکەشمان ناکات، بەڵکو دەبێت خۆمان ماندوو بکەین و بە پێچوپەناکانیدا بگەڕێین تاکو بگەینە سەرەداوی خوێندنەوەکان و پرۆسەی تەواوکاریی شیعرەکە بێتە دی).
وا ئەمجارەش شاعیر لە هەوڵێکی جیاوازدا و لە دووتوێی یەک پەڕتوکدا دوو دەستە شیعری نوێی خۆی چاپکردووە، بە هەردوو زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی، ڕەخنەنووس و شاعیری ئەمریکی ناودار (دانیاڵ بریک)ە کە لەتەمەنی 73 ساڵیداو لە پێشەکی نوسخە ئینگلیزیەکەدا سەرسامی خۆی ناشارێتەوە بەو قەسیدانەی کە ئاوهای لێکداونەتەوە کە لێیانەوە فێر دەبێت، وەک لە لاپەرە (8)دا نووسیویەتی: (مێژوو نموونەی زۆر هاوەڵانی شاعیرانی تۆمارکردووە، کە ئیلهامبەخشی یەکتر بوون، وەک نموونەکانی لی بای و دو فو، هۆراس و فیرجیل، وۆرد وۆرت و کۆلیریدج، بایرۆن و شیلی. ئەلیۆت و باوەند، بیلی و ڕایت، ئێستاش من و سۆران. بە ڕاستی سەرسامی قەسیدەکانی سۆران بووم، لێیانەوە فێردەبم، لە خوێندنەوەو دیراسەکردنیاندا گەشە دەکەم، و چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کاری داهاتووتری شاعیر چی دەبێت و چی تر دەنووسێت، و پاشان چی بە ماناو زمان دەکات، ئەم قەسیدانە قەسیدەی سەردەمەکەمانن، لە هیواو دڵەراوکێکانی ئێستامان دەدوێن، دەبێت بخوێنرێنەوە ئێستاکێ، چونکە ڕەوتی ژیانمان بەرەو پێش دەبەن، یەکەم ئەرکی شاعیریش ڕاستگۆییە بەو شێوەیەی دنیا دەبینێت، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت ئاماژەی جوانی جیهانیش بکات، ئەم شیعرانەی سۆرانیش ڕایەخی جوانیی ڕادەخەن بۆ داهاتوومان، داخۆ دەمانگەیەننە چ پاشەڕۆژێکی جوان کە چاوەڕوانمان دەکات).
ڕەنگە ئێمەی میللەتی کورد لەبەر هۆکارگەلێکی زاتی و مەوزوعی خاوەنی داهێنانی تەکنەلۆژی پێشکەوتوو نەبین، بەڵام لە بوارگەلێکی زۆری بابەتە ژیاری و زانستە مرۆییەکاندا گەر لە پێشڕەفتی ئاستی جیهاندا نەبین ئەوا کەمتر نین، هەر ئاوهاشە تێڕوانینی تاکێکی هوشیار کە هەرسی سەردەمەکەی خۆی بکات.
شاعیر لەم کۆمەڵە شیعرە جیاوازەدا وەکو ستایڵێکی شیعریی ئەفرێنەر چەند تەکنیکێکی تایبەت و ناوازەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خوێنەر پەلکێشی ناو ئایدیا تایبەت و فەزای مەجازی دەقەکانی بکات و پێکهاتەیەکی گەردوونی لێ بخولقینێت کە هیچ سنوورێک نەناسێت و لە هەموو کۆت و بەندێک سرک ویاخی خۆی قوتار بکات، لەبەر ئەمەشە خوێنەر لەسەرەتا دێڕەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵهێنجانی زیاد لە مانایەک بۆ هەر کۆپلەیەکی شیعریی، ئەمە خەڵەتاندن نییە، هێندەی هاندانی خوێنەرە بۆ قووڵبونەوەو تێڕامانی ورد، بەهایەکی باڵای شیعریشە بۆ مافدان بە هەقیقەتی هێزی وشە، ئەو وشانەی تنۆکی هزرو ئایدیاو مەعریفەی نوێ و کۆڵنەدان و بەرەنگاربوونەوەو شکاندنی هەندێک لە سنووری دەسەڵاتەکانی تابۆیان لێ دەتکێت، وەک لە پێشەکی بەشە کوردیەکەیدا هاتووە :
(بەڵێ ئەوە شاعیرە کە بە شیعر بەرەنگاری دڵڕەقیی واقیع دەبێتەوەو جارانێکیش پێشبینییه سەیرەکانی بۆ جێ دێڵێت؛ وەک ئارسەر ڕامبۆ لە شیعری (شەوی دۆژەدا) دەڵێت:
ئای لە لاوازی من و دڵڕەقی گێتی، خودایا میهرت..
یان لویز گلوک ی براوەی نۆبڵی وێژەی 2020 لە شیعری (پێشبینییەکان)دا دەنووسێت:
ئێمەی شاعیر، بوار بۆ خۆ دەڕەخسێنین
لە بێدەنگیدا ببەخشین، پێشبینی ئەو ڕووداوانەی خەریکە ڕوو دەدەن
تا ئەو ڕادەی گێتی پێداویستیی قووڵی گیان بەرجەستە دەکا
ئەو شاعیرانەی قووڵ و جیاواز دەڕوانن هەمیشە نوێبوونەوەو جیاوازی دەخولقێنن بەبێ بێزارکردن، بەڵام ڕەنگە لای بەشێک لە ئێمە مەخابن شیعری سەردەم خۆی لە خۆیدا چیدی جێی گرنگی نەبێت، ئیتر چۆن لەم دیدە پێشوختەوە دەتوانین لە دەربڕینی دەستەواژەی شیعریی وردبینەوە؟ ئەو جیهانەی خود تیایدا دەبێت بە بابەت و بە ڕێگای جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ دەستەواژە فەلسەفی و مەعریفیی و نهێنیەکانی بوون و هزرو ژیان و کێشە گرنگەکانی مرۆڤ دەکات و لە ئاکامدا بوونێکی نوێ دروست دەبێت کە نە یۆتۆپیای شیعرییەو نە ئەفسانەی ناو داستانە مێژووییە کەوناراکان.
کەواتە شیعر ئەگەر لە خەمە شەخسییەکان نەدوێت و لاپەڕە ڕەشکردنەوەی بابەتە لاوەکی و مردووەکان نەبێت، دەکرێت نەک وەکو حەسانەوەیەکی گیانیی، بەڵکو خۆراکێکی هزریی و مەعریفی؛ مانایەکی تازەتر بدات بەو چەمکە قووڵانەی زۆرێک لە خوێنەران سەبارەتیان دۆش داماون، دنیا بینی و ڕوئیای جیاوازیان تێدا دەبینرێتەوە، ئا لێرەوە گێرمەو کێشەو زۆرانبازییە حەقیقییەکان وەدیاردەکەون، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە پێشچاوگرتنی بەهای ئیستاتیکی و لایەنی هونەریی و قوربانیی نەدان بە یەکێکیان لە پێناوی ئەوی تردا بنەمایەکی گرنگی کارە وێژەییە دیارو بەرچاوەکانە، وەکو چۆن بزووتنەوەی ئەدەبی (بەرناسییەکان) لە شەستەکانی سەدەی نۆزدەدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە شیعر نووسین بە تەنیا بەهرە نییە، بەڵکو هەوڵ و کارکردن و بەرهەم هێنانەو زۆر بە ڕوونی جەختیان لە تیۆری هونەر بۆ هونەر دەکردەوە کە نیۆفێل گۆتە ئاڵاکەی بەرز کربووەوەو بانگەشەی بۆ دەکرد، لە هەمانکاتیشدا لای ڕەخنەگرو هزرمەندی ناوداری فەرەنسی دریدا ئەم ئەم ڕاستییە ئاوها دەربڕینی لێدەکریت بەوەی: ئەگەر منی خوێنەر نەتوانم بخزێمە نێو دێڕەکانەوەو شوێنێکی بۆ من تیا نەبێت، ئەوا ناتوانم بڵێم کارێکی هونەریی بوونی هەیە.
خوێنەری بەڕێز! پێش ئەوەی ئەو نوسخە کەمەی ئەم کتێبە لە بازاڕدا نەمێنێت تۆ زوو دەستپێشکەری بکەو نوسخەیەک دەستبخە، دوای سەرنجدان و خوێندنەوەی ورد بەهای باڵای شیعرت بۆ دەردەکەوێت، ئەمە وێڕای ئەو چاپ ودەرهێنان و هونەرکارییە زۆر نایابەی لە م کتێبەدا دەیبینیتەوە دەتوانیت کتێبخانەکەتی پێ دەوڵەمەند و ڕازاوە دەکەیت و هەردەم وەکو ئازیزترین و پڕ ماناترین دیاریی بینەخشیت.