بە پێی ئەو گێرانەوانەی کە مامە حاجی حەمەغەریبم (حاجی حەمەغەریب مەولانی) بۆ باسکردووم و منیش لەبەرم کردوون و هەنێکی تریش لە خزمان بیستوویانە،
مەولانی باوەگەورەمان کە کوڕی سان ئەحمەد (یان کەسان ئەحمەدە) برایەکی هەبووەبە ناوی حوسەین کە پێی وتراوە وسەین و ئێستاش زۆرێک لە نەوەو مناڵەکانی دیارن و کەسی ئێمەن.
حوسەین(وسەینی سان ئەحمەد) دوو کوڕی دیارن، یەکیان ئەمینە کە پێی ئەوترێ عەمین وسەین و یەکێتریشیان ئەحمەدە کە تۆزێک گومە لەناو خزمانا چونکە کوڕە گەورەی مامە وسەین بووەو هەر زوو نازانرێت بە چ هۆکارێک لەتەک مامە وسەیندا نێوانی تێک ئەچێ و لەگەڵ دایکیا دێنە #شارەزوور# و دواتر قەرەداغ.
مامە وسەینیش زۆر بۆیان ئەگەڕێ بێ سوود ئەبێ، بۆیە ئەم مەسەلە بە بۆنەی دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و نەبوونی هۆکارەکانی پەیوەندیی و گیروگرفتە عەشایەرییەکانی بنەماڵەکەی ئێمەوە زوو گوم بووە.
دوای بێهیوابوون مامە وسەین هاوسەرگیریی ئەکاتەوەو مناڵێ تری ئەبێ بەناوی ئەمین کە پێ ئەوترێ عەمین، نەوەکانی عەمین وسەین لەم ئەمینەن.
مامە ئەحمەد وسەین دوای ئەوەی دێتە قەرەداغ هاوسەرگیریی ئەکات و خالیدی ئەبێ، کە ئەکاتە مەولانا خالیدی نەقشبەندیی،
کاتی خۆی مامە حاجی حەمەغەریبم زۆر بەدوای ئەم باسەدا چوبوو تا ئەوە دڵنیا ببووەوە کە ئەحمەد وسەین لە قەرەداغ بووەو دواتر مەولانا خالید چووەتە شارەزوور و #سلێمانی#، لەوە بە دواوە ئیتر بنەماڵەی ئێمە توشی هەنێ شەڕو ئاژاوە ئەبن لەتەک بەگزادەی ئەو کاتەدا بە بۆنەی نەدانی باج و خەرجەوە، بابەتەکە گوم ئەبێتەوە دیسان.
هەربۆیە بنەماڵەی ئێمە لە ناو عەشیرەتی ئاڵی بەگییدا پێی وتراوە بەرەی خەرجنەدەر.
مامە حاجیم ئەیوت کە حوسەین برابچوکی مەولان بووەو مەولان مامەی باوکی مەولانا خالید بووە.
واتە مەولان و حوسەین بران،
حەمەشەریفی کوڕی مەولان و ئەحمەدی کوڕی حوسەین ئامۆزان،
قازیی کوڕی حەمەشەریف و مەولانا خالیدی کوڕی ئەحمەد ئامۆزازان.
بەداخەوە وەک وتم بە هۆی ئەو بارودۆخەوە، نەمانتوانی بۆمان نەکرا بەتەواوەتی ئەو بابەتە ساخ بکەینەوەو نەوەو کوڕو کچەکانی مەولانا خالیدیش بناسینەوە کە ئامۆزامانن.
مامۆستا مەلا سەعی کۆیی، واتە سەعیدی کوڕی عەمین وسەین، ڕێک ئامۆزای مەولانا خالیدی کوڕی ئەحمەد وسەینە،
بەڵام بەهۆیی دووریی نێوان تەمەنیان و ئاڵۆزیی بابەتەکەو لەیەک بڕان و هەژاریی خەڵک ئەم باسە گوم بووە کە تەنیا مامە حاجی حەمەغەریبم ئەم باسانەی ئەزانی، بەڵام ئەویش کەس گوێی لێنەگرت و بەداخەوە کە ئەو هەموو زانیاریی و وردەکارییەمان تۆمار نەکرد.[1]
#بەختیار مام حەمید#