سکرتێرە 06
هەندەی نەبرد سەرۆکی پەرلەمان ناوی خوای هیناو دانیشتنەکە دەستی پێکرد، قسە زۆر کرا، پاشان نۆبەتی سەرۆک وەزیران هات و چوو وتاری خۆی بخینتەوە، وتارەکی چڕوپڕی داو کارنامەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند، چشتی زۆرباشی تێدابوو، دەیگۆ گەندەڵی بنەبڕ دەکەین و دەستی دزەکان دەبڕین و هەلی کار لۆ جاحێران دەڕەخسێنین و دەیان کارگەو کۆمپانیای گەورە دەکەینەوەو ئەو وراتەی دەکەینە سویسرا، ئەمنیش حەماسەتم گرتبوو، سەرم دەلەقاندو چەپرەم بەتووندی لێدەدا، زەلامەک لەولای من بوو، دیتم چاوی هەردەپشێوی و ئاو بەهەردوو چاوانیدا دێتە خوارێ، گۆتم ناهەقی نیە دەگریێ، دەزانی وتارەکەی سەرۆک وەزیران چ هومێدەکی تێدا لۆ خەرکی، کلینسەکم لەگیرفانم دەریناو دامە دەستی، سەری لەقاندو لێی وەرگرتم و بەچاوی وەنا..!
پاش ئەوەی وتاری سەرۆک وەزیران تەواو بوو، سەرۆکی پەرلەمان گۆتی : دەوجە ناوی وەزیرەکان بخینەوە با ئێک ئێک دەنگیان لەسەر بدەین، ئەویش ئحەئحەکی کردو قوڕگی ساف کردو گۆتی : بەچاوان، ئیدی بەناوەکان داهات و دەنگدان دەستی پێکرد، وەزیر هەبوو بەدەنگەکی باش دەردەچوو، هەبوو بەجڕەجڕ، هەبوو نیواونیوو، هەر ناوەک دەخیندراوە، ئەمن قوونم دەجولاندو دەموویست هەستمەوە، دوایێ دەمدیت ناوی من نیە، زەردەخەنەکی فشەم دەکردو دادەنیشتمەوە..!
وام هەست کرد ناوی منی تێدا نەبی، چونکە هەر دووسێ قل ماینەوە گاز بکرێین، گۆتم چونکە تاخیر بوویمە دیارە سەرۆک وەزیران توڕەبوەو ناوی منی ڕەش کردتەوە، ئێ کابراش ناهەق نیە، ئەمن ئەوڕۆ لەسووند خواردنێ تاخیر بم کەچشتەکی زۆر موهیمە، تەئکید سبەینێ دەوامی دەکەمە فشە..! ئەمن لەو فکرو خەیارانە دابووم ئەوانی تەنیشتیشم ناویان خیندراوە، هەستانەوە خۆیان تەقدیم کرد و دەنگیان دا وانیش، ئەمنیش پیرۆزباییم لێکردن و بەڕوویان پێکەنیم، پێشی من ناوەکی دیان خیندەوە، هەر کابرا هەستاوە بووە غەربەغەرب، دووسێ پەرلەمانتار هاواریان کرد : بەعسیە بەعسیە چڵکاوخۆرە بەعسیە، کەونە جاشە، مەفرەزە خاسەبووە، براشی موستەشاربوو، ئامۆزای ئەنفالچیە..!! کابرای پاڵێوراو ڕەنگی پەڕی، بوە هەراو هۆریایەک نەبیتەوە، لەوسەری هەندەکی دی جوابی ئەوانی دیان داوە، بەخۆتان بەعسینە، بەخۆتان جاشن، ئەدی کێبوو هێزی بێگانەی هینا، بووە جوون دان و هەرایەک نەبیتەوە، ئێکەکیان پێراوی لەپێ کردەوەو ڕایوەشاندە پەرلەمانتارەکی، پەرلەمانتاری سەگباب لۆ خۆی لانەدا، پێراو هات و دەتگۆ ئارپێچیەو گووڕەی هات و بە کوونی چاوم کەت، زیڕەم لەکوونی چاوی هەستاو هەندەم لەخۆ هەرداو پشتاو پشت لەسەر کورسیەکەی بەربوومەوەو کەتمە بن دەست و پێیان..! بووە هات و هاوارو ئەمنیان لەبن دەست و پێیان دەریناو فەوری هەندە ئاویان بەچڕو چاوی داکردم، سەرۆک وەزیران بەمشەوەشی هاتە کنەمن و گۆتی : ئەتوو سەلامەتی، خۆ چت لێنەهاتیە ؟ گۆتم : باشم باش بەران خێرت دەگاتێ ناوم ڕەشکەوە، نەخۆم کاو نەئەو وەزیراتیەم کا، نامهەوێ ئەی هاوار..! گۆتی : نانا خەمت نەبی هەونکە ناوت دەخینمەوەو سڕەی تووە، گۆتم : ناوی چ و حاری چ، ببینە ئەو پەرلەمانتارانە کوو دەستیان لە خینخینۆکی ئێکدی نایە، ئیتێبچین ئەوڕۆیە..!!!
مایتی...[1]