سکرتێرە 08
دیسان سەرۆکی پەرلەمان چەکووکی لەمێزیداو گۆتی : نیوسعاتەکی پشووەکی بدەن و پاشان دانیشتن دەست پێدەکاتەوە..! ئیدی بووە غەربەغەرب و هەرکەس هەستاوە بچیتە کافیتیریاو شتەکی هەرقۆڕی و پشووەکی بدا، سەرۆک وەزیران دەستی منی گرت و گۆتی : نەڕۆی، وەرە لەگەرەمنبە، بەناچاری گۆتم : باشە بەسەرچاو..! ئەو بەپێش کەت و ئەمنیش کەتمە دوی، وەزیرەکان و بەشەکی پەرلەمانتارەکان حەسوودیان بەمن دەبرد، ئەمن وەها تەبامە لەگەر سەرۆک وەزیرانی، ئەوان بەچ دەماغیان لە کەللەی نەمابوو، بەوەی کە سەرۆک وەزیران جارجارە سەری لەبن گێی دەنام و پسەپسی دەکردو پێدەکەنی..! ماشەڵلا ئەو میللەتەیمە چەند سەیرە، چەندیان حەز لەخۆبردنە پێش و کۆیلەییە، گفت و لفت و بزەکی مەسوولەکی گەورە لۆ هەندەکەسی وەکی ئەوەی وایە دەفتەری ئەعمالی بەدەستی ڕاست وەرگرتبی..!!
سەرۆک وەزیران ئەمنی جودا کردەوەو گۆتی : واز لەو قسە قۆڕانە بینەو چیدی نەرێی ئەمن نایکەم، ئەتوو دەبیە وەزیری کاروباری ژنان و بڕاوە، گۆتم : باشە ئەتوو نەتدیت چ هەرایەک بوو، چ دکرەکیان بەمن کرد، ڕازی نابن ڕازی، ئێ باشە ئەوە ژنەکان ڕازی نابن ئیننالیللا، بەران پیاوەکان لۆ ئەو دکرەیان کرد، گۆتی : ئی پیاوەکان لەحەسوودیەو چاویان بەتوو هەرنایێ کە ئەو وەزارەتەت بەرکەتیە، گۆتم : باشە ئەو وەزارەتە چی مهیمی تێدایە ئەو هەموو پیاوە ئەوها لۆی شێت بووە !؟ گۆتی : باشە ئەتوو نازانی سێبەشی پیاوی دنیایێ ئاقریان لەناو گەریتیان، ئیدی ئەوەیە مەسەلەکە، گۆتم : وەڵلا بابە تەواومان کرد، برێ شینەکە لۆ حوسێنی نیە لۆ هەریسەیە..! گۆتی : ڕەحمەت لەبابت..! بڕوات هەبی جەولەی دووەمی دانیشتن دەست پێبکاتەوەو یەک پیاو خۆ بادا بەگوونی هەریدەواسم..! گۆتم : باشە ئەوە زانیم پیاوە موعاریزەکان بەگوونی هەردەواسی، بەران تێمبگەینە ژنە موعاریزەکان بەچ هەردەواسی..!؟ سەرۆک وەزیران بەینەکی تەماشای کردم و پاشان گۆتی : واز لەهەندێ بینە ئەمن وا دەچم مفاوەزاتی دەکەم، ئەتوو لێرەبە، هەرکەسەکی هات و ویستی پەشیمانت بکاتەوە بەقسەی نەکەی، خەرکەکی زۆر هەیە شەڕیتی ئەمن ئەو ئەو وەزارەتەی بدەمێ، بەران موستەحیلە دەستم لەتووبەربی..!
سەرۆک وەزیران ڕۆیشت و ئەمن بەتەنێ مامەوە، هەر ئەوەندە سەری ئاوابوو کۆمەرەک هاتن و دەورەیان لێدام، زۆریان لەگەر گۆتم واز لەو وەزارەتەی بینم، گۆتم : قەت وازناینم، قسەی سەرۆک وەزیرانی ناشکێنم و تەواو، هەندەکی هاتن داوایان دەکرد بیانکەمە ڕاوێژکار یان نەقل خەدەماتیان لۆبکەم لەوەزارەتی خۆیان لۆ وەزارەتەکەی من، دەمزانی مەخسەدیان چیە لۆیێ وەعدم پێنەدان، ئەمن لەو بینەو بەردەی دابووم لەگەر ئەو خەرکەی، وەختەکی زەنگ لێیداوەو گۆتیان یاڵلا بڕۆنەوە هۆری، دانیشتن دەست پێدەکاتەوە، وەزیری ڕۆشنبیری هاتە تەنیشتم و گۆتی : ئەگەر ڕاستت دەوێ ئەمن زۆر حەزم لە وەزارەتەکەی تووبوو، بەران سەرۆک وەزیران ڕازی نەبوو، ڕاستە ئەمن دەنگم خۆشەو ئێستاش گۆرانی برێم دەیتەقێنمەوەو پڕ بەپیستیمە لۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەران هەر درم لای وەزارەتەکەی تووە، هەست دەکەم لەوێ دەتوانم داهێنان بکەم و تواناو وزەکانم بتەقێنمەوە..! بەس زەردەخەنەکم لۆ کردو لەدری خۆم گۆتم : دەفەرموو دەی، کاکم وەتێدەگا ئێستاش ساری شێستەکانەو لەغەیری دەنگ خۆشی و گۆرانی گۆتنێ شتەکی دی ناچیتە ناو بازنەی ڕۆشنبیری..!
چووینەوە هۆری پەرلەمانی و دانیشتین، دیتم کەش و هەوایەکە هێمنەو قیژو هۆڕی ژنان نایێ، گۆتم : تەواو سەرۆک وەزیران لەو جەولەی دانووستانەش سەرکەت و کابینەکەی ڕواند، وەختەکی سەرۆک وەزیران پسەپسەکی لەگەر سەرۆک پەرلەمانی کردو گۆتی : ئەمە ئامادەینە، سەرۆکی پەرلەمانیش ناوی خوای لێهیناو گۆتی : فەرموون ئێستاش دەنگ دەدەین لەسەر متمانە دان بە وەزیری کاروباری ژنان، کێ ڕازیە دەست بەرزکاتەوە..! غەربەغەربەک پەیابوو، بەران زۆر نەبوو هەراو هۆریاو تڕ لێدانیشی لەگەر نەبوو، تەماشایەکی سەرۆک وەزیرانم کرد بزانم وەزعی کووە، چاوەکی لەمن قووچاندو لایکەکی لۆکردم، بەوەی زانیم تەواو تازە دەبمە وەزیری کاروباری ژنان..!
پاش بینەو بەردەکی باش دەنگ دراو هەرکووی هەبوو بەجڕەجڕ دەرچووم، ئەوەی سەیربوو زۆربەی ئەوانەی دەنگیان نەدابوومێ پیاوبوون، هەندەکیش دەنگیان دامێ بەران بە چپەچپە دەیانگۆ بەو شەرتەی لەو پارووە چەورەی بێبەشمان نەکەی..!! دوایێ تێگەیشتم پارووە چەورەکە ئەگەر زۆر قۆرت بکردباوە مەعنای سووکە گەوادیەکی دەگەیاند..!!! وەڵلا دەتوانن سووکەکەش لابەن..!!!
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
سووندم خواردو هاتمە خوارێ و چوومە ڕێزی وەزیرەکان دانیشتم، پیرۆزبایی و بارەکەڵلا گووڕەی دەهات لۆلای من، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گۆتی : سبەی نیوڕانێ دێمە وەزارەت لۆ پیرۆزبایی کردنێ، گۆتم : وەڵلا لەوەزارەتی خۆتبی باشترە، ڕەنگە خەرک بێنە کنت لۆ پیرۆزبایی..! گۆتی : سەیان تێبەردە، ئەمن ئەتووم پێم مهیمترە لەو چشتە قۆڕانە..! وەختەکی وەزیری ڕۆشنبیری هاتە لای بناگێم و گۆتی : زەرورە ئەو دوو وەزارەتەی من و توو تەنسیقیقیان هەبی لەگەر ئێک، گۆتم : تەنسیقی کوو ؟ گۆتی : وەڵلا سەردانی ئێکدی بکەین و بیروڕا ئاڵ و گۆڕبکەین و خولی هاوبەش بکەینەوە، ئێ دەتێبگە هەی ڕەعمەت لەبابت..! زۆرم پێ عەنتیکەبوو وەزیری ڕۆشنبیری عەین و حای لێک نەدەکردەوە..! زەردەخەنەکم لۆکرد و گۆتم خواکەریمە.. گۆتی : ئیشەکە بەتەنێ بەخوا کەریمەی ناڕوا، ئعمەکی دەوێ..!
ماشەڵلا ئەو کابرایە ببووە قیڕو بنیشت و لێم نەدەبۆوە..!!
دانیشتبووین و چاوەڕێمان دەکرد سەرۆک وەزیران وتارەکی بخینتەوەو کۆتایی بە دانیشتنەکەی بێ، وەختەکی زەلامەکی تەنگەستوری کەتەی مل پان بەتەنگاوی هاتە ژۆرێ و کەوری شێرەکی پێبوو، هینای لەسە مێزی سووند خواردنێی داناو گۆتی : جەماعەت ببورن تاخیر بووم لەسووند خواردنەکەی، ئەوە چووبوومە ڕاوە شێری و ئەو شێرەم ڕاو کردو هەر لەجێوە کەورم کردو وا بەدیاری لۆ سەرۆک وەزیرانم هینایە..!!! ئەمن نەمزانی ئەو کابرایە کێیە، بەزمانی سووتام گۆتم : ئەوجە کا لەکوردستان شێر هەیە، هەتا بچی ڕاوی بکەی..! کابرا ئەعسابی نەماو دەماری مێشکی هەموو جۆت بوون، بەتوڕەیی تەماشا منی کردو گۆتی : ئەتووکێی هەتا ئەو قسانە بەرامبەری من بکەی ؟ گۆتم : وەزیری کاروباری ژنانم..!! کابرا هەتا مست گرتی لە تەپلی سەری شێرەکەی داو یەک بەدەنگی پێکەنی و گۆتی : تەبعەن، جەنابت وەزیری جنسی ناعم بی، هەرهەندەی لە دنیاو لەڕاوو ڕاوشکاری وڵاتەکەت دەزانی..!! کاکە بووە یەک پێکەنین لەناو هۆری پەرلەمانی نەبیتەوە، تەماشام کرد سەرۆک وەزیران نیوچەوانی وێک هاتبۆوەو پتت لێدابا دەتەقی..!! ئەمنیش وەنەبوو وازبینم، گۆتم : دەبەنامووسم لەو وراتەیمە ئەوەی شێربی نیە، بەران وەڵلاهی ڕیوی وەکی خۆرێیە..! کابرای زمتەستور شێت بوو، بەمستان وەرگەڕاوە تەپلی سەری شێری و گۆتی : باشە ئەگەر شێر لەکوردستان نەبی، کوو گوندەکمان هەیە بەناوی شێراوەی، ئەدی وەنیە شێرە سواریشمان هەیەو گۆڕە شێریشمان هەیە، مەعنای وەیە شێریش هەیەو تەواو، دوایێ جەناب مادام شێر نیە، ئەدی ئەتوو کوو لەتەمسیلەکی ناوت شێرۆ بوو..!!
زانیم ئەو کابرایە کەلکی دواندنێی نیە لۆیێ بێدەنگ بووم، وەزیری دارایی سەری لەبن گێینام و گۆتی : وازی لێبینە با تووشی گۆبەندەکت نەکا ! گۆتم لۆ ئەوە وەزیری چیە ؟ گۆتی : ناوخۆ ناوخۆ هەی بێبەخت..! وەلحاسر ئەویش وەکی شێری دەینەڕاندو سووندی خواردو چووە خوارێ، چووە پێش سەرۆک وەزیران و دۆقەکی لەگەر کردو کەوری شێرکەی بەدیاری پێشکەش کرد..! گۆتمە وەزیری پەیوەندیەکانی دەرەوە بەئاقر ئەو کەورە لەچ وراتەکی هینرایە ؟ گۆتی : یان ئێرانیە یان تورکی..!!
مەڕاسیمی سووند خواردن و وتار دانەکەی تەواو بوو، وەزیری بازرگانی گۆتی : وای لۆ دەچم نیوڕانێ دەعوەتی سەرۆک وەزیرانی بین، گۆتم : دەرێی شتەکت زانیە ؟ گۆتی : ناوەڵلا..! گۆتم : ئیشاڵلا وەنیە، حەزدەکەم زوو بچمەوە مارێ و تەرتیباتەکی وەزعی خۆم بکەم، گۆتی : بەمن نارێی دەچیەوە چدەکەی، واز لەمارێ بینەو خەریکی وەزارەتەکەت بکە..! لەو قسانە دابووین بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هات، گۆتی : جەنابی دەرێ کەس نەڕوا، نیوڕانێ پێکەوە نانەکی دەخۆین..! وەزیری بازرگانی گۆتی : نەمگۆ..! گۆتم : بەرێوەڵلا قسەکەت دەرچوو...
بەینەکی ماینەوە، پاشان دانیشتنەکە تەواو بوو، هەستاینەوەو چاوەڕێ بووین بزانین سەرۆک وەزیران چدەرێ، تەلەفۆنەکم لۆهات، هەرمگرت دیتم کوڕەکەمە، بەمشەوەشی قسەی کردو گۆتی : بابە زوو بگە تەواری داکم وەزعی شڕە ! گۆتم : خێر کوڕم چبووە ؟ گۆتی : وەڵلا بەربۆوەو لەخۆچوو ! گۆتم : لۆ ؟ گۆتی : وەڵلا وەکی چاوی بەتوو کەت وا لەهۆری پەرلەمانی سووندی دەخۆی و بوویە وەزیری ژنان، دووجار لەسەریەک سوڕاو شرپەی لێوەهات..! گۆتم : چنیە ئیشاڵلا هەونکە دێم، گۆتی : زوو وەرە وا خین فڕکەی دەکا لەسەری ! گۆتم : ئێ باشە ئەو خینە لەکێ هات لەودەمەی ! گۆتی : وەڵلا بەلای تەلەفزیۆنی دابەربۆوەو کەتە سەرمێزی تەلەفزیۆنی ئەوجە غلۆر بۆوە لۆ عاردی، تەلەفزیۆنەکەشی لەگە خۆ بەرداوەو بەسەریکەت، تەلەفزیۆنەکە هوردو هەڕابوو، بەخۆشی لایەکی سەری هەرزڕا..!!!
مایتی..[1]