سکرتێرە 10
سەی سەگباب خێو پڕی دا قۆری ڕاستەم و ڕایکێشا، وەزیری پلان دانان ئیستاپەکی بە هێزی گرت و ڕاوەستا، چوومە پێش و سینگم بە دەشبولی کەت و کشامەوە بەکووشینیش کەتم، ئەو تڕومبێلەی پشتیشمان پێڕانەگەیشت ئیستاپ کا، ڕمبەی لە تڕومبێلەکەی مە وەهیناو پشتەوەی بەسافی بردە ژۆرێ..! ئەوە هەمووی بەلایەکی قەمپاری سەش بەلایەکی، خۆی لە قۆری گیر کردبووم و بەری نەدەدا، هەرکووی قۆرم بادەدا خۆی لەگەر دەسوڕاند، نەدەکرا جامیش پێوەدەم، حیمایەکەی وەزیری دابەزی بی و لەپشتەوە ڕووبووە کلکی سەیەکەی و گرتی و هەتتا هێزی تێدابوو بایداو تێی هەردا، سە دەرپەڕی و بە دارەکی کەت و شرپەی لێوەهات و کەتە خوارێ و گۆتی عوووو عوووووو..!!
مەسولی سەیەکان بەمشەوەشی غاریدا لای سەیەکەی قیتی کاتەوە، سە خۆی لەخۆبرد، کابرا گۆتی : ئەوە چتان کرد ماخران، وەڵلا سەرۆک وەزیران گوونم دەردەینی، هەونکە ئەمن ڕوو لەکێبکەم، وەزیر گۆتی : کورە دەی دەی سەیەکی خۆڕی چیە، کابرا گۆتی : کوو چیە ڕەحمەت لەبابت ئەوە بەدوو دەفتەری کڕایە، مەسرەفی مانگانەشی سی چل وەرەقەیەو موودەڕڕیبی تایبەتی هەیە..! گۆتم : ئەو سەیە ئەو هەموو مەسروفەی لێدەکرێ لۆیێ مەغرور بووەو پڕدەداتە خەرکی..! حیمایەکی وەزیری گۆتی : وەڵلا نیوەی ئەو مەسرەفەی لەمن بکرێ هار دەبم و پڕ دەدەمە دارو بەردی..!
بڕیارماندا پەلەی بکەین لۆ میوانخانەی سەرۆک وەزیرانی و کێشەی تامپۆنی تڕومبێلەکان دوایێ باس بکەین و هەرلەوێش مەسەلەی سەیەکەی لەگەر سەرۆک وەزیرانی باس بکەین و هێوری بکەینەوە کەوا چ لەگەر قەزاو قەدەری خوای نەکرێ و دەبی شوکربین، مادام سەیەکەش سەلامەتەو زۆر ئەزیەتی نەخواردیە شوکرانەی دەوێ..!!
گەیشتینە پێش مێوانخانەی و لەتڕومبێلی دابەزین، وەزیرەکانیدیش قلەقلە دەگەیشتن، کۆمەرە کیژو کوڕەکی پۆشتەو پەرداخ لەودیوو و ئو دیووی مافورە سۆرەکەی ڕاوەستابوون و سەریان لۆمە نوی دەکردو بەخێراتنیان دەکردین، گەیشتینە دەرکەی کیژەکی ناسکی بەژن برند سنیەکی لەسە دەستی بوو، لۆی ڕاگرتین، تەماشامان کرد شیرینی لەسە بوو، سەرو قلمان هەرگرت و قاقەزەکم لێکردەوەو هاویشتمە دەوم، هەتا برێی شیرن و بەتام بوو، گۆتم : ماشەڵلا دەرێی پاقلاوەی مام قادری جیرانمان بوو هەند بەتام بوو ! وەزیری پلان دانان گۆتی : هەی غەشیم مام قادری چ و حاری چ ئەوە بە تایبەتی لە فەڕەنسای دێ، مام قادر..!
هەرکشاین لۆ سەرێ و لۆجێی دانیشتنێ چووین، سەرۆک وەزیران لەوسەری ڕاوەستابوو، چووینە نێزیکی وی سەلاممان لێکردو بەخێراتنی کردین، دەورەی قەرەبارغ بوو، هەر ئەمە دەعوەت نەکرابووین، بەرکوو کۆمەرە قوونسلەکی وراتانی بێگانەشی لێبوو، لەگەر پازدە بیست بازرگانی قەرەو قەرەو، ئەوانەی بەپتی تۆزی لەخۆیان دەکەنەوەو جغارەی سەددامیش دەکێشن، لەهەموو پڕۆژەکی نسبەیان هەیەو پیاوی گەورەش مەغدور ناکەن، چووم دانیشتم و کەتمە بەینی وەزیری خیندنی باڵاو وەزیری بەرگری، وەزیری بەرگری ئاوڕەکی لۆلای من داوەو گۆتی : ئەرێ ئینگلیزیەکەت کووە ؟ گۆتم : تەقەتەقەکی دەکەم و مەعتەل نابم، ئەدی ئەتوو ؟ گۆتی : ئەمنیش باشم و ئەی بی سی دیم هەموو لەبەرە..!! وەزیری خیندنی باڵا تەلەفۆنی لۆهات، وەرامی داوەو بەینکی قسەی کرد، دوایێ گۆتی : ئێ دەبا جێی قوونم گەرم کەم ڕەحمەت لەبابت، کێڕان تەلەبیاتت حازرکرد، باشە باش..!! تەلەفۆنەکەی قەپات کرد، گۆتم : خێرە ! گۆتی : ناسیارەکمە نازانم کێڕان زانی بوویمە وەزیر، دەرێ دەبی موافەقەم لۆ بکەی زانکۆیەکی ئەهلی بکەمەوە، گۆتم : دیارە بەخۆی مامەستای زانکۆیەو دەیەوێ لەو بوارەی خزمەت بکا..! گۆتی : کورە مامەستای زانکۆی چ و حاری چ، زەمانی سەددامی بەجڕەجڕ مەحوەلئومیەی تەواو کرد، ئێستا بوویتە ساحێب پارەو تەحەکووم بە خیندنی ئەو وراتەی دەکا..!!
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
بەینەکی باشمان بە قسان بەڕێکرد، سەرۆک وەزیران زیاتر ڕووی بەلای قونسلەکان و بازرگانەکان بوو، جار جار سەری لەبن گێی ئێکەکی دەناو چپەچپەکیان دەکرد، پاشان هەردووکیان لەسە پشتێ دەکەتن هەنکی پێبکەنن، ئەو خەرکەی دەورو بەریشیان بێئەوەی بزانن مەسەلە چیە، لەگەوان لەقریتەی پێکەنینێیان دەدا، سەرۆک وەزیران گرژببا، هەموو گرژ دەبوون، پێکەنیبا هەموو پێدەکەنین، هەستاباوە هەمووی هەردەستانەوە، جاری واش هەبوو بەعەستەم قوونی دەجولاند، خەرکەکە وایان دەزانی هەردەستیتەوە، تێکڕا قیت دەبوونەوە، وەکی دەیاندیت سەرۆک وەزیران قیت نابیتەوەو بەس قوونی دەجوولێنی بەناچاری دادەنیشتنەوە..!
وەزیری ئاوقاف لۆئەوەی خۆی ڕەپێشکا، ڕووی لەسەرۆک وەزیران کردو گۆتی : گەورەم ! ئەوشۆ خەوم لێهەڕمابوو، هەرچەند دەمکرد خەوم لێنەدەکەت، لەترسی ئەو بارە گرانەی ئەتوو هاویشتیتتە سەرشانم، بێزارببووم، هەتا بەرەبەیانی لەسەجێی خۆم هەرگێڕو وەرگێڕ کرد فایدەی نەبوو، وەلحاسر خوا ڕەحمیکرد پێشی ڕۆژهەراتێ خەوم لێکەت، خەونەکی زۆر عەنتیکەم دیت، لەخەونێدا لەسەحرایەکی بووم چەندی برێی پان و برین، هیشک و برینگ، تێنیم بوو، برسیم بوو، کووی برێی بێتاقەت بووم، لە بێتاقەتیان کەتم، چاوم پێک وەناو چاوەڕێی مردنێم کرد، هەندەم زانی سوارەک لە دوورڕا بەتاو هات، گەیشتە من و لەسەر هەسپەکەی دابەزی، شیرەکی درێژی تیژی لەدەست بوو، زەندەقم چوو، گۆتم : سەتاسەت دەمکوژی..! هات لای سەرم ڕاوەستاو گۆتی : هەستەوە ! هەرکوی هەبوو خۆم قیت کردەوە، گۆتیەمن : کوڕم ئەوە لۆ ئەوها بێتاقەتی ؟ گۆتم : چت لێبشارمەوە، لەلایەک تێنی و برسیمە، لەلایەکیش قەولە ببمە وەزیری ئاوقاف، خەم دایگرتیمە و دەترسێم ئەو ئەمانەتەم پێهەرنەگیرێ..! وەڵلا کابرای سوار چۆوە کن هەسپەکەی و تێڕکە ئاوەکی هینا، گۆتی : ا بخۆوە، لێم وەرگرت و بەسە دەوم وەکرد، خوا ڕەحمی کرد تێنیتیم شکاو بڕەک شنگ و تاقەتم هاتەوە بەرێ، پاشان تورەگەکی لە پێش دانام و گۆتی : نانی بخۆ ! گۆتم : پێم ناخورێ، ئەمن ئەمانەتەکی گەلە قورسم لەسەر شانیە، ئەمن سبەینێ دەبمە وەزیر..! کابرا گۆتی : خەمی هەندێت نەبی و بڕۆ سبەینێ سووندی خۆت بخۆو ئیشەکەی بکە، چونکە ئەو سەرۆک وەزیرانە پیاوەکی عادیلەو خوا لەپشتیتی..! پاشان کابرا ویستی سواری هەسپەکەی بی و بڕوا، غارمدا بەرایی و ڕێشمەی هەسپەکەم تووند گرت و گۆتم : ئیزنت نادەم هەتا پێم نەرێی ئەتوو کێی ؟ گۆتی : ئەو ڕێشمەی بەردە هەتا پێت برێم، وەڵلا ڕێشمەکەم بەرداو ڕووی هەسپەکەی وەرگێڕاو گۆتی : ئەمن ئیمامی عومەرم و بەسەرۆک وەزیرانی برێ، ئیمامی عومەر سەلامت لێدەکا..!!
کۆمەرە ماستاوچیەک کەلەوناوەی دەست لەسەر سینگ ڕاوەستابوون، تێکڕا گۆتیان : ئەڵلا ئەڵلا، ڕوحم بەقوربانتبی ئیمامی عومەر..!! وەزیری پەروەردەی سەری لەبن گێی نام و گۆتی : هەر شەش تەراقم کەتبی درۆی دەکا، ئاخر برێ گەوادیش بەو دەرەجەی..! گۆتم : ئەوجە لۆ شەش تەراق، بەخۆی سێیە..! گۆتی : دەزانم سێیە، بەران ئەمن دوو ژنم هەیە، ئێک بەدزی و ئێک بە ئاشکرا..!!
سەرۆک وەزیران لەگەر خەونەکەی وەزیری نیفاق هەوایەک چووە قالبی و خۆی پڕی باکرد، بڕەک کورسیەکەی باداو گۆتی : تاکە ئامانجی ئێمە بەرقەرار کردنی عەدالەتە..! پاشان ڕووی لەقونسولی ئەمریکای کردو خەونەکەی لۆگێڕاوە، کیژۆرەکی ناسکیش، ماشەڵلا هەند ناسک بوو دەتگۆ خیاری سپی کرایە لۆی تەرجوومەی ئینگلیزی دەکرد، قونسل سەری دەلەقاند بزەی دەهاتێ، هەرچەند تەماشای چڕوچاویم کرد ئەوەم لێ خیندەوە ئەویش فشەی بەخەونەکەی دێ و بەدرۆیەکی قۆچداری تێدەگا..!!
لەگەرمەی ئەو قسانە دابووین، کابرای سێ چار سەیەکەی پێبوو، بەمشەوەشی هاتە ژۆرێ، سەری لەبن گێی سەرۆک وەزیرانی ناو چپەچپەکی لەگەر کرد، هەستم کرد باسی سەیەکەی لۆ دەکا، ئەوی پڕی دامن، سەرۆک وەزیران ڕەنگی تێکچوو، دەستی بەقسان کردەوە لەگەر کابرای، پاشان سۆر هەرگەڕاو قیت بۆوە، جەماعەت تێکڕا لەگەری قیت بوونەوە، چاوەکی بەناوەمە گێڕاو بەتووندی گۆتی : کیهانتان پڕی دایتە سەیەکەی من..!؟
مایتی....[1]