سکرتێرە 12
هەرچەند کردم نەمتانی کۆردن بلووەکەی بخۆم، کەباسی شیری ماینیان کرد تەبیعاتم نەیبرد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بڕەک لەولاتر دانیشتبوو، چاوی دامن نایخۆم، گۆتی : کورە دەلرفیکە ماخران، بە ئەولادم ئەوەی بخۆی ئەوشۆ سەببەی کوون دەکەی..!! پارم بەقاپەکەی وەنا لۆلای وی و گۆتم : فەرموو ئەتوو بیخۆ، چونکە زۆر ماندی بەدەست فایلی گەندەلکارو دزان، ڕەنگە لۆ مێشکیشت باشبی..! ڕایکێشاو لەگەر سەرۆکی دەستەی بازرگانی داوو دەرمان کەتنە سەرێ..! وەختەکی کیژەکی جوانکیلەی سپیپاتی خڕو پڕ هات و سنیەکی زێڕینی لەدەستی بوو، پڕی سەری پەرداخی شووشە بوون، هەر ئێکەو مراکەی زێڕی تێدابوو، لۆمەی ڕاگرت، جەماعەت هەموو ڕایانکێشا، گۆتم : ئەوەچیە ؟ کیژەکە گۆتی : کاڤیارەو تێکەرکرایە لەگەر مێشکی کێروشکی ئوستڕالی..!! گۆتم : ئوستڕالی لۆ ؟ وەزیری بەرگری گۆتی : کورە دەڕاکێشە و بیخۆ، چیە ئەوەنەدە لەسەر شتی دەڕۆی..! دەزانی ئەوە پەرداخی بەچەندیە ؟ گۆتم : ئەوپەڕی بە دەهەزار دیناری پریمەریبی..!! هەموو لەپڕمەی پێکەنینێیان دا، قریتەیان هەند گەورەبوو، سەرۆک وەزیران سەری هەرکێشاو تەماشا لایمەی کرد، هەموو پێکەنینەکیان بڕی و لەترسی سەرۆک وەزیرانی خۆیان فەقیرکرد..! مەتڕانەک کراوەکی سۆری لەسەریبوو، عەبایەکی ڕەشی لەبەربوو، کەگێی لەقسەیمەبوو گۆتی : پەرداخی بە هەشسەت دۆلاڕی، ئەمن زۆڕ مەرەق ئەو خواردن..!!
یەک دوو مراکم لەکاڤیارەکەی خوارد زۆر بەتام بوو، جەماعەت تەماشایان دەکردم، گۆتیان کووە ؟گۆتم : وەڵلا زەریفە..! پەرداخەکی پڕی شەربەتم ڕاکێشاو قوومەکم لێدا، وەزیری کاروباری نەفتی بەلایمەدا تێپەڕی، سنیەکی لەسە دەستی بوو، ئەنواع و ئەشکال شیرنی لەسەربوو، سەری لەمە هینا پێش و گۆتی : جەماعەت با خەبەرەکی خۆشتان بدەمێ، جەماعەت تێکڕا دەویان بەش کردەوەو گۆتیان : یائەڵلا خێر پیاوی شیرینی هەر دەبی خەبەری خۆشی پێبی..! گۆتی : جەنابی سەرۆک وەزیران دیاری تایبەتی لۆ وەزیرەکان دانایە، لەڕۆیشتنێ وەریدەگرین..! ئیدی بووە چپەچپ لەناوەمە، ئێک دەیگۆ تڕومبێلە، هەبوو دەیگۆ دەبانچەی ئاوزێڕ کرایە، ئێکی دی گۆتی : نەخێر سەرو مەزرەعەیە، ئێکی دی گۆتی : نەبابە، سەرو ڤیلامان دەدەنێ لە ڕاقیترین گروپی نیشتەجێبوون لەناوەندی شاری..! هەبوو دەیگۆ وەتێدەگەم چەکی بانقی پێنج شەش دەفتەری بی، لۆ تەرتیباتی مارێ دەماندەنێ..!! وەلحاسر نەگەیشتینە ئەنجام و گۆتمان بالێیگەڕێین بزانین چیە..!!
هوردە هوردە نانەکە خوراو خەریکی سوحبەت و قسەی خۆشبووین، وەختەکی پاسەوانەکانی سەرۆک وەزیرانی هاتنەوەو چاویان لەمن دەگێڕا، ئەمنیان دیت و لۆلای من هاتن، پاش چاک و چۆنی گۆتیان : جەنابی وەزیر شوکر خێزانەکەت سەلامەتەو بردمانەوە مارێ، دختۆر هەندە حەب و دەرمانی لۆ نووسی ! گۆتم : سەری زۆر شکابوو ؟ گۆتیان : ئەرێوەڵلا بە حەفت هەشت تەقەری دووریانەوە !! گۆتم : هیچی نەگۆ ؟ گۆتیان : وەڵلا بە کوردیەکی شەگگەو بەگگە هەر ناوی تووی دەهیناو دەیگۆ لۆ دیارنیە، لۆ نەهاتتە خەستەخانەی، ئەمن ئەوەندەی ناینم بێ لێم بپێچتەوە ! گۆتم : ئەنگۆ چتانگۆ ؟ گۆتی : وەڵلا گۆتمان : جەنابی لەکۆبوونەوەکی چارەنووسسازە لۆیێ پێی نەکرایە..!! سەرۆکی زانایانی ئاینی گۆتی : قەیدیناکا کوڕم، بەدرۆ نانووسرێ، چونکە درۆی مەسلەحەت خێرە..!!!
سوپاسی پاسەوانەکانم کردو ڕوخسەتم لەجەماعەتی وەرگرت و هەستام چوومە لایەکی، مۆبایلم دەریناو گۆتم : بابزانم داکی منداران کووە، با ئەو ژنە نەرێ ئەو پیاوە هەر لەمنی نەپێچاوە..! زەنگ ڕۆیی و وەرام نیە، دووسێ جاریدی ژمارەکەم لێداوە کە بەگوڵەکەم تۆمارم کردبوو هەر وەرامی نەداوە، گۆتم : تەواو ئیتێچووبووم ئەوڕۆیە، زانیم قوڕەکی زۆر پەیتم لۆ گیرایتەوە، لۆیێ گۆتم : با تەلەفۆنەکی لۆ کوڕەکەم بکەم و بزانم وەزعەکە کووە ؟ تێلم لۆکرد، وەرامی داوەو گۆتی : کڕیت ؟ گۆتم : چ..؟ گۆتی : ئەمن عیلاجت دەکەم، کێڕان لەبیرت کرد..! گۆتم : تەهدیدم دەکەی سەی خۆڕی، بابێمەوە مارێ..!! مۆبایلەکەم قەپات کردو هەناسەکی دوورو درێژم هەرکێشا..! ئێکەک لەپشتەوە دەستی لەسار شانی دانام، ئاوڕم داوە دەبینم ژنەکەی کۆردن بلوویە ! گۆتی : بەبایکە جانم، دنیا هەندەی ناینی..! گۆتم : دەبا پرسیارەکت لێبکەم، گۆتی : هەزار پرسیاری بکە، هەموو وەرامەکان لەمنەوە دەبیستی و هەموو ڕێیەکانیش دێنەوە لای من..! گۆتم : باشە ئەتوو ئەو دەردە چبوو داتەمن لەناو پەرلەمانی، هەونکەش لەگەمن بووە برادەری هەزار ساری و دەرێی نەبات دیتیە نەباران..! گۆتی : سیاسەت یەعنی بەرژەوەندی، ئێستا بەرژەوەندی من لەگەرتووە و وەزعەکەم وا دەخوازی لێت نێزیک ببمەوە، سبەینێ ئەگەر داکەلای و وەزعەکە گۆڕا، نابی هیچمان ئێکدی بناسینەوە، دەبی واش دابنێین ئەو دانیشتن و ڕاوەستانە ڕووینەدایە..!!
هەر لەخۆمەوە ترسەکم لێنیشت، گۆتم : خوایە ئەو بەرایە چیە تووشم بووە، دەبی ئەو ژنە بەتەمای چبی لەگەرەمن..! لۆیێ بڕیارم دا لێی دوورکەومەوەو زۆر ڕووی نەدەمێ، گەڕامەوە لای جەماعەتی و سەلامم لێکردن، وەزیری پیشەسازی گۆتی : باشبوو هاتیەوە، بابچین شیرینی بخۆین، پاش نان خواردنێ شیرینی زەریفە، هەمووی حەل دەکاو دەیباتە خوارێ..! وەگەریان کەتم و خشین لۆلای ئەو مێزانەی شیرینی و کێکی لەسەربوو، وەزیری بازرگانی دەستی لۆ پاقلاوەکی درێژ کرد و گۆتی : قلەکی لەوەی هەگرە، تازە لە غازی عەنتاب هاتیەو بەهەنگین و فستقی کازاخستانی دروست کرایە، گۆتم : بەقسەی کازاخستانی ئەرێ ئێستاش بەنزینمان لۆدێ لەوێ..؟ زەردەخەنەکی کردو گۆتی : ماشەڵلا زەینت ڕۆنە ئەوە کوو لەبیرت مایە، ماخران چەند سارە ئەو فلیمە تەواو بووە..! پاقلاوەکم ڕاکێشاو دەستم لۆ چەنگارەکی درێژ کرد، ئێکەک هات، گۆتی : سەرۆک وەزیران گازت دەکا، جەماعەت هەموو ئاوڕیان داوەو گۆتیان : خۆزگەمان بەخۆت، هەتیم ئەتوو چەند بەبەختی..! قاپەکەم داناو چووم لۆلای سەرۆک وەزیرانی، ژنەکی پرچ زەردی چاوشینی کەرەگەت لەگەری ڕاوەستابوو، سەلامم کرد، گۆتی : وەرە با ئەو ژنەت پێبناسێنم، ئەوە سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی وڵانانی ئەوڕوپای ڕۆژهەراتە، پێمگۆ پیاوەکمان دانایە لۆ وەزارەتی ژنان، زۆری پێ عەنتیکەبوو، گۆتی : حەزدەکەم بیناسم..! چاک و چۆنیم لەگەر ژنەکەی کردو بەگەرمی سلامی لێکردم، گۆتی : کووە ئەو وەزارەتت وەرگرتیە ؟ گۆتم : جەنابی سەرۆک وەزیران ئەمنی هەربژاردیەو ئەو پێی باشبووە، گۆتی : ئەو ئەزموونەینگۆ نازانم تاچەند سەرکەوتوو دەبی، بەران ئەمن لەنێزیکەوە چاودێری دەکەم، ئەگەر بزانم سەرکەوتوە، تەئکید دەیگوازینەوە لۆ وراتانی ئەوڕوپای..! لەدری خۆم گۆتم : خواتان بەقوربانی ئەو ئەزموونەیمەکا، دەنا وەکی تەرەنتەری لەقوڕێ دەچەقن..!! کارتەکی خۆی دامێ و گۆتی : پەیوەندیمان دەبی، گۆتم : بەچاوان بەران ببورە کارتم پێنیە..! سەرۆک وەزیران ئیشارەتەکی داو یەکسەر ئێکەک هات و سەفتە کارتەکی دامە دەستی، تەماشام کرد کارتی من بوون، وەرمگرت و قلەکم دا ژنەکەی، ئەویش زەردەخەنەکی کردو وەریگرت..!
بەینەکی باش ماینەوەو تێرمان شیرینی خواردو جۆرەها شەربەتمان هەرقوڕاند، وەختەکی کارمەندەکی کچ هاتە کنەمەو گۆتی : زەحمەت نەبی هەرئێکەو ناوی سایەقەکەی خۆیم بداتێ، باناوی بنووسین و ناسنامەی تایبەتی لۆ دەرینین، هەتا بتانی بێتە ناو ئەنجومەنی وەزیران، ئەمنیش بەخەیارم داهات ناوی جەعۆ کۆتربازی بنووسم، گۆتم : کوڕەکی چاکەو لەمێژە دەیناسم، بائیشکی دەست کەوی و لەکۆر کۆتربازیش ببتەوە..! لۆیێ یەکسەر گۆتمە کچەکەی بنووسە : جەعۆ کۆترباز..! کچەکە سەری برندکردو بەینەکی تەماشای کردم، وەزیرەکانی دەورو بەرم لە قریتەی پێکەنینێیان دا، گۆتیان : جەنابی وەزیر دەرێی ئەتوو ئێرە بەمەیدانی کۆتربازان تێگەیشتی..!!
وەزیری کارەبای هاتە نێزیکم و گۆتی : بێبەخت ناوی کوڕەکی خۆت بنووسە، یان ئێک لە برایەکانت، چت لە جەعۆو مەعۆیە، فرسەتە لەدەست خۆتی مەدە..! گۆتم : ئاخر جەعۆ جیرانەکی زۆر باشەو زۆرم بەکەلک هاتیە، دوایێ دەست کورت و فەقیریشە، چقەیدیە با ئەو دامەزرێ، وەزیری تەندروستی گۆتی : لۆ ئەتوو بەتەمای هەر لەو گەڕەکە پیس و پۆخڵ و شەعبیەی بمینێی، بابە لەوێ وەرە دەرێ هەتا تووشی نەخۆشی نەبووی، هەموومان دەچینە گەڕەکەکی ڕاقی، تەئکیدبە سەرۆک وەزیران لەو ستی و متیانە لۆ هەر ئێکەکمان خانیەکی هەزار مەتریمان لۆ تەرتیب دەکا..!!
کچەکە گۆتی : هەونکە ناوی کێ بنووسم، تکایە بەپەلەمە جەنابی وەزیر، دەبی ناوەکان زوو تەسلیم کەم، گۆتم : بەچاوان بنووسە جەعفەر، جەعفەر..، وەڵلا ناوی بابی نازانم، دەبا تەلەفۆنەکی لۆبکەم بەشکو ناوەکەی وەگرم، ئەتوو ئی ئەو وەزیرانە بنووسە، هەتا ئەمن ناوی سێیانی جەعفەری وەردەگرم..! کچەکە گۆتی : باشە، بەس زەحمەت نەبی پەلەی بکە..!!
مۆبایلم دەریناو ڕەقەمی جەعۆم لێدا، بڕەکی پێچوو جوابی داوە، گۆتی : ها گدۆ کوی !؟ ئەو قەت عەیبت نەکرد بەتڕومبێلی بەتەنیشتم داهاتی و ڕاتنەگرت..!! ئێک لە کێشەکانی جەعۆی ئەوەبوو ناوی لەهەموو کەس نابوو، بەمنی دەگۆ : گدۆ، بەمام عەوڵای جیرانمانی دەگۆ : شامعی، بە عوزێر سەرکەسەی دەگۆ : ورفە ! بە هەمینی ژنی خەلۆ پاسکلچی دەگۆ : نەجەفی ! بەخەلیل پاسکلچیشی دەگۆ : بزن تڕێنە..!! وەلحاسر کەس لەبەر زمانی قورتار نەدەبوو، بەران چونکە پیاوەکی زۆر درساف و ڕاستگۆ بوو، کەس دری لێی نەدەهێشا، جەعۆ لەناو ئاگریبا، ئەگەر پێتگۆتبا وەرە ئیشم پێتە دەموو دەست دەگەیشتە کنت، ڕۆژەکی هەلۆ فشەی تەلەفۆنم لۆکرد، گۆتم : جەعۆ پێویستم بە هەندە دەبدەبەیە، عید میلادی دەکەین، نیوسعاتی نەبرد یەک فەردە دەبدەبەی شیش کووتی هینا، لۆیێ لەمارێمە مندارەکان ناویان لێنابوو جەعۆ دەبدەبە، جەعۆ کۆتربازەکی زۆر موهیمە، ئەڵقەی لە پێی کۆتری دێخی و دەیباتە بەسرەی بەرەللای دەکا، کۆتر پاشی دوو ڕۆژان دێتەوە ناو ماری جەعۆی..!! جەعۆ دوو ژنی لەسەر کۆترەکانی تەراق دابوو، ئێکیان بە دەزگیرانی، ئێکیشیان هەر شەش مانگان لەکنی دانیشتبوو، بەجێی هێشتبوو، کێشەی جەعۆی لەگەر ژنەکانی لەسەر کۆترەکانی بوو، خەبیربوو لەکۆتری، دەیگۆ کۆتر هەیە دەفتەرەکی دەکا، هەشە بە دووهەزار دیناری..!!
بابێینەوە سەر تەلەفۆنەکەی جەعۆی، وەکی بەمنیگۆ : ها گدۆ کوی ؟ هەستام و لە وەزیرەکان دوور کەتمەوە، چونکە زانیم دەست بە قسەی قۆڕ دەکاو حەیام دەبا..! گۆتم : جەعۆ لەکێی ؟ گۆتی : لەکێمە، وا لەگە سەرۆک وەزیرانی دانیشتیمە..!! وەکی وەیگۆ چاوم لۆلای سەرۆک وەزیرانی گێڕا، گۆتم : ئەتوو برێی جەعۆ لێرەبی و نەمدیتبی..! گۆتم : کا لۆ ناتبینم ! جەعۆ جڕتەکی لێداو گۆتی : یەعنی ئەتوو لەوێندەرێی ؟ دوایێ بە نامووست ئەوە پرسیارە لەمنی دەکەی، یەعنی نازانی لەکێمە، غەیری مەیدانی کۆتران لەکێندەرێمە..! گۆتم : ئەتوو واز لەمەیدانی کۆتران نەینی باشە..! گۆتی : سە لە قەسابخانەی نەمری عومری بە زایەع چووە..! گۆتم : لەهەندێ گەڕێ، ناوی خۆت و باب و باپیرتم بدێ ! گۆتی : لۆ، کارتی نیشتیمانیم لۆ دەردەینی..! گۆتم : لەوغەی مەکەو زوو ناوەکەم دێ، هەتیم ئەتوو لۆ ئەوەندەی دەرێی، گۆتی : قاتی ناوم نانووسی لۆ جاشاتی..!! گۆتم : کەرە بوویمە وەزیر، دیارە ئاگات لە ئەخباری نیە !؟ گۆتی : خۆ ئەتوو پیاوەکی زۆر بەدین بووی، لەکەنگیووە فێرە ئارەق خواردنەوە بووی..!؟ زانیم فایدەی نیە لەگەری لۆیێ گۆتم با ڕاست بچمە ناو مەوزوعی و تێی بگەینم، ویستم بزانم تەعینە یان نا، گۆتم نەکوو لەجێیەکی بن دیواربی و نەمزانیبی..! یەکسەر پرسیارم لێکردو گۆتم : جەعۆ ئەتوو تەعینی ؟ گۆتی : ناوەڵلا دۆشاوم..!!!
مایتی...[1]
شامعی، ورفە، نەجەفی : ناوی سێ جۆرە کۆتریە.
تەعین : دامەزراندن، لەدەشتی هەولێرێ بە تەحینی دەرێن تەعین، دەڤەری سلێمانیش دەرێن ڕاشی و بە حەلواش دەرێن تاعین.