ناوی کتێب: مێژووی میدیا
ن: دیاکۆنۆف ئیگەر میخایڵۆفیچ
وەرگێڕانی : #پێشەوا خالید#
پێدا چوونەوە لەلایەن : مامۆستا کەمال نووری مەعرووف
بەرهەمێکی مێژوویی ناوازە و پڕ زانیاری....
چاخی بەردین، بەرد و مس.
ئێمە نازانین، لە چی سەردەم و قۆناغێکدا بۆ یەکەمین جار مرۆڤ نیشتەجێی سەرزەمینی میدیا بووە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە لە چەرخی بەردیندا پالیۆلیت مرۆڤ لەو دەڤەرەدا ژیاوە. لە ئێستا چەندان دۆزراوەی شوێنەوارناسیی لەبارەی ئاشل، موسیتە، ئۆرینیاک، (لە هەوارگە و ئەشکەوتەکانی نزیک سلێمانی، ئەشکەوتەکانی بێستون، لە تامتام ی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئازربایجانی ئێرانی و چەندان دۆزراوەی تری شوێنەوارناسی بەردەستن) (1). چەندان شوێنەواری گرینگی تری چەرخی بەردین لە وڵاتانی تری ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە: واتە لە ئاشوور و ئاسیای ناوەڕاست. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو زانیارییانەی لەبارەی دانیشتوانی سەرزەمینی میدیاوە هەیە لێڵ و ناڕوونن و بەڵگەی پێویست نادەنە دەست مێژوونووسان. تەنها دەتوانین بڵێین کە تەواوی ڕێگاکانی گەشەی مرۆیی لە چەرخی بەردیندا لە میدیا و لە هەر ناوچە و دەڤەرێکی تر وەکوو یەک بووە. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەتوانین سەرنجی خوێنەر بۆ توێژینەوە گشتییەکان لەبارەی مێژووی مرۆڤ لە چەرخی کۆنی بەرددا ڕابکێشین.
جگە لە دەڤەرەکانی ئاشوور و میزۆپۆتامیا، لە ناوچەکانی تر و لە سەرزەمینی میدیاشدا بەڵگەی بێ چەندوچوون لەبارەی چەرخی نوێی بەردین نیولیت ەوە نییە (2). زیاتر زانیارییە شوێنەوارناسییەکان لەبارەی چەرخی مس بەرد (نیولیتات) بەردەستن.
لە سەرزەمینی میدیادا بەراورد بە دەڤەرەکانی دراوسێی پارسی دا فارس هێشتا بە ڕادەی پێویست توێژینەوە لەبارەی دانیشتوانی چاخی نیولیتەوە نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بڵێین کە بەپێی شوێنەوارە ئارکیۆلۆژییەکان کە لەو دەڤەرە دۆزاونەتەوە سەرزەمینی فارس جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زانیارییەکان لەبارەی تایبەتمەندییەکانی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە دەگەڕێتەوە بۆ بەراییەکانی چەرخی نیولیت، (3) و جەخت لەسەر گەشەی کۆمەڵگای ئەو قۆناغە دەکەنەوە لە دەڤەرەکە و بەتایبەتی دەڤەری میدیا. ئەو شوێنگانەی کە ئاماژەمان پێکردن لە لاین هێرتسفێڵدەوە دۆزراونەتەوە، پێک هاتوون لە کۆمەڵێک نشینگە لە شێوەی کوخی گڵینە، بەپێی بوونیادی دروستکردنی نشینگەکان بێت، دەشێت بەڵگە بن لەسەر هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ و شوێنی منداڵبوون. (4) نیگاری بەراز، بزن و مەڕ کە لەسەر دەفرەکان وێنە کراون (لە بەراییەکانی قۆناغی سواڵەتی ڕەنگاوڕەنگ دروست کراون) هەروەها پەیکەرەکانی گا و مانگا دەشێت بریتی بن لە بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان، هەروەها بەڵگەن لەسەر ئاژەڵداری و نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.