هونەری ئەتەکێت
وەرگێڕانی ئایندە محمد
ئەتەکێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دایک و باوک
- دایک و باوک، ئەو دوو کەسەن کە ژیانیان بە ئێمە بەخشیوە و خۆشی و ئاسوودەیی و تەمەنی خۆیان کردۆتە قوربانی لەپێناو ئێمەدا، هەر دڵخۆشی و سەرکەوتن و داهێنانێک کە تا ئێستا پێیگەیشتووین، هۆکارەکەی ئەوان بوون، تەنانەت ئەگەر هەڵەشیان دەرحەق کردبێتین، ئەوا تەنها بەو گومانە کردویانە کە باشەمان لەگەڵ دەکەن، کەوابێ، نابێت هەرچی لە تەمەنمان ماوە، لەپێناو دڵخۆشییاندا بەسەری ببەین؟!، تەنانەت گەر واش بکەین، ناتوانین هاوشێوەی ئەو ژیانە نوێیەیان پێ ببەخشین کە ئەوان بە ئێمەیان بەخشیوە، بەبێ ئەوەی داوای بیکەین لێیان.
پەیوەندیمان لەگەڵ دایک و باوک، جیاوازە لە تەواوی ئەو پەیوەندییانەی تر کە تر هەمانە، چونکە ئەمە تاکە پەیوەندییە کە هیچ شتێک ناتوانێت بیشکێنێت، هەروەها خوای گەورە لە قورئاندا لە زۆر شویندا، ئامۆژگاریمان دەکات بە باشبوون لەگەڵ دایک و باوکماندا، بۆیە ئەمانەی خوارەوە هەندێ ڕێسای سادەن بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لەگەڵ دایک و لەکت بژیت و بەپێی توانا دڵخۆشیان بکەیت:
گەر لەگەڵیان دەژیت، ئەوا لەکاتی هاتن و چوونت ئاگاداریان بکەرەوە و ڕاوێژیان پێ بکە، چونکە ئەمە زۆر دڵخۆشیان دەکات.
گەر بە جیا دەژیت، ڕۆژانە هەواڵیان بپرسە و هەمیشە سەردانیان بکە پێش ئەوەی داوات لێ بکەن بچیت بۆلایان.
هەمیشە پێداویستییەکانیان بەجێ بێنە و مەهێڵە دڵگران ببن لێت.
جاربۆجار دیاری سادەیان بۆ بکە، وەک شیرینی و جلەبەرگ، چونکە ئەمە ڕووحیەتی سۆزداریان بەرز دەکاتەوە.
پێیان مەڵێ لە ڕەفتارەکانیان دڵگرانیت، چونکە هەر جیلێک خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، هەوڵبدە لە شێوازی بیرکردنەوەیان تێبگەیت و لەگەڵیان هەڵبکەیت و دڵخۆشیان بکەیت.
گەر یەکێکیان نەخۆش بوو، خزمەتی بکە.. بێ ئەوەی وا هەست بکات ناچاریت و لەو خزمەتە بێزاریت.[1]