کتێبی (دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، کە منم کە ژنم)
بەیان عەزیزی
چاپەمەنی ڕۆسا، #هەولێر# 2021.
▫️ئەم کتێبە لە ڕوانگەیەکی دەروون شیکارییەوە باس لە گرنگترین قۆناغ و دەروازەکانی ژیانی ژن دەکات و بۆ هەر بابەتێک فاکتێکی واقعی دەهێنێت لە ئەزموونی ژیاوی ژنان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان.
▫️ژن لە پێگەی قوربانی دا، نێوانی زەین و جەستە، خەتەنەکردنی ژنان، خوێنی یەکەم و کوشتنی لیبیدو، ئەهوورامەزدا، ئەهریمەن و سووڕی خوێنی ژنانە، Development of Shame گۆڕانکاریی شەرم، حورولعەین و پەردەی مەرگ، کۆمەڵگەی فالووس تەوەر، دڵەڕاوکێی بوون و نەبوون Anxiety، قەسابخانەی شەڕەف و جەستەی قوربانی، شەڕەف و نامووس، دالێکی سەیال، سایکۆبکوژەکان، قێزەوەنبوونی هاوپەیمانی لە سەیرکردندا و جەستەی فڕێدراوی ژن، لە تایتڵەکانی باسەکانی ئەم کتێبەیە.
▫️بابەتی پیرۆز لە کۆمەڵگەی ئانۆمیکی ئێمەدا شەڕەف و نامووسە. ئەم شەڕەفە هەندێ جار زمانە، خاکە، حزبی سیاسییە، ئاڵایە، بەڵام لە کۆنترین و عەینیترین شێوازی خۆیدا کە خاوەنی گۆشت و پێست بێت و زەینی هەبێت، بەستراوەتەوە بە جەستەی ژن. ئەم جەستەیە بە کانوونی شەڕەف و نامووس ناو دەبرێت و دەبێ بپارێزرێت و هەر جۆرە لادان و تێکدانی ئەم سیستمی نامووس و دیسیپلینی شەڕەفە، قوربانی بۆ دەکرێت و بە ڕشتنی خوێنە، کە دیسان بابەتی پیرۆز لێمان خۆش دەبێت و نزیکمان دەکەوێتەوە. ئەگەر باوەڕمان بە وتەی کلۆد ڕیویێر بێت کە دەڵێ؛ بابەتی پیرۆز، ئەزموونێکی دەروونییە کە بە شێوەیەکی وەهماوی لە ڕاستی و یاساکانی دەرەوە وەرگیراوە؛ ئەوکاتە دەزانین کە چۆن شەڕەف و نامووس وەک حەقیقەتێک دەردەکەوێت و دەبێتە بابەتی پیرۆز و لە لایەن خودی مرۆڤ (ژن) ەوە پارێزگاریی لێدەکرێت و فەرمانەکانی بەڕێوە دەچێت. بابەتی پیرۆز تەنانەت لە دەڤەری ئایینیش بەدەسەڵاتترە و دەبێتە دامەزراوەیەکی ئەوپەڕ ئایینی و دەخزێتە ناو هەموو چەمکەکانەوە. هەر تاکێک بە شێوەیەک لەگەڵ ئەم بابەتە پیرۆزەدا پێوەندی دەگرێت لە نکوڵییەوە، لە مەیل بە بەزاندنیەوە بگرە هەتا ستایشکردن و قوربانیکردن بۆی و ترسان و ملکەچبوون بۆ ئەم پیرۆزە مەزنە. جەستەی ژن لەم بارودۆخەدا هەر لە سەرەتاوە هەڵگری شەڕەفە و خاوەنی گەلێک دال و هێما و سەمبۆل و نیشانەیە، ئامادە دەکرێت کە ملکەچی دەسەڵاتی ئەو وەهمە بێت، کاتێک تێکدەری ئەم دیسیپلینە زلهێزەیە بەڵا و سەرشۆڕیی ڕوودەکاتە ئەو پیکهاتەیە. ئەمە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەن کە بە قوربانیکردنی ئەم داراییە و ڕشتنی خوێنی تێکدەر، ڕەزامەندی دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان. پیاوانی خێزان، عەشیرە و هۆزن کە داب ونەریتی قوربانیکردنی ژن بەڕێوە دەبەن.
▫️هەروەها بەشی کۆتایی ئەم کتێبە ئاوەها پێک هاتووە: هیچ جیاوازییەک لەئارادا نییە، کە جەستەی ژن لە کوێدا و لە چ کاتێکدا قوربانی دەکرێت، خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە جەستەکەیان فڕێ دەدرێت و وەک پیسی و بابەتی زیادە دەخرێتە دەرەوەی کۆمەڵگە و نایشارنەوە و لێی دەگەڕێن هەتا هەمووان بیبینن و بزانن کە ئیتر هۆکاری شکاندنی تابۆکان و تێکدەری ئاسایش نەماوە و گەیشتۆتە سزای کردەوە پیسەکانی خۆی. لە گۆڕستانی ناوەندی هەولێر بەشێک و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی، گۆڕستانێکی تێدایە بە ناوی بێ ناسنامەکان و تایبەتە بە زیاتر لە 2000 گۆڕ کە مردووی ئەو کچ و ژنانەی تێدایە کە لە لایەن پیاوانی خێزان و عەشیرەکەیان کوژراون و قوربانی بێناونیشانن. جەستەیان فڕێ دراوەتە سەر شەقام، ناو کیسەی زبڵ، دەرەوەی شار و لە بیابان، ناو چاڵی ئاو، لە پارک، لە گەراجی سەیارەکان و دەیان شوێنی تر. ئەم جەستانە دەکرێت هێشتا لەناو سەلاجەی پزیشکی یاسایی هەموو شارەکانداهەبن و هیچ کەس بەدواداچوونیان بۆ نەکات و هیچ سکاڵایەک سەبارەت بە بزربوونیان لەئارادا نەبێت. ئە وان هەمان نیشانەی لادان و بوونی پیسی و قورسایی سەر کۆمەڵگەی فالووس تەوەر بوون، کە سزادراون و فڕێ دراونەتە دەرەوەی بازنەی بوون و دیسیپلینی باوی سیستمی نامووس.[1]