ناودارانی کفری و کوردستان
ئەفسانەی مەقامبێژی ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ 1793-1871، خاوەنی یەکەمین قوتابخانەی مەقام لە مێژووی مەقاماتدا لە کۆتایی سەدەی هەژدە لە کفری لەدایک بووە و خوێندنە سەرەتاییەکانی لە کفری تەواو کردووە، لە مەقام بێژەکانی کفرییەوە فێری مەقام بووە بەڵام مامۆستای ڕاستەقینەی مەلا وەلی عبدالرحمن بووە کە هەمو کتێب و سەرچاوەکان سوورن لەسەر ئەم ڕاستییە، کاتێک لە کفری بووە هەر وەکو شاگردێک خوێندراوەتەوە بەڵام کاتێک دەچێتە بەغدا دەبێتە مامۆستای هەمو مەقامبێژەکانی بەغدا و لە دوای خۆی وەستایی دەدرێتە ئەحمەد زێدان، شەڵتاغ بەوەوە نەوەستاوە کە شارەزای هەمو مەقام و لقە مەقامەکان بووە بەڵکو مەقامێکی تایبەتی داهێنا کە بە مەقامی تەفلیس دەناسرێتەوە ئەویش چیرۆکێکی خۆی هەیە، کورتەی چیرۆکەکە ئەوەیە کە لە زەمانی شەڵتاغدا لەبەر ئەوەی کچان لە چوارچێوەی ماڵی خۆیان دەژیان خەڵکی زیاتر دڵدارییان لەگەڵ کوڕی جواندا دەکرد، ئەمیش وەکو سەرجەم لاوانی بەغدا دڵی چوو بووە کوڕێکی ئەرمەنی بە ناوی یەعقوب، چیرۆکی ئەم خۆشەویستییە لە بەغدا بڵاو بووەوە بۆیە ڕۆژێک یەعقوب لە گەرەکی تپة الکرد چەقۆیەک دەکاتە سکی شەڵتاغ، شەڵتاغ دەبەنە بیمارستان و یەعقوبیش لە گەڵ کەسوکاری شاری بەغدا بەجێدێڵن بەره و شاری تەفلیس دەکەونە ڕێ کە خۆیان لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەوێ بوون، دوای ماوەیەک شەڵتاغ لە بیمارستان دەردەچێ هەواڵی یەعقوب دەپرسێ دەڵێن بەغدایان بەجێهێشتووە و چوون بۆ تەفلیس ئەمیش ئاگری عیشق هەڵیدەگرێ و دێتە کفری و لە کفرییە بەرەوە تەفلیس لە ئەرمەنستانی ئێستا قۆناغ بەدوای قۆناغ دەڕوا و لە ڕێگای هەوای ئاوازێک دەکەوێتە سەری کە لە مەقامی سێگاوە سەرهەڵدەددا، پێشتر ئه و ئاوازە کەسی تر نەیوتووەتەوە ئێدی ئه و مەقامە بە تەفلیس ناودەردەکا، پار مەقام بێژێکی خەڵکی کفری کە ناوی هاوتا سابیرە لە میهرەجانی مەقامدا زۆر بە جوانی ئەدای کرد و بۆ یەکەمین جار شیعرێکی گۆرانی تێدا بەکارهێنا چونکە پێشتر هەر بە ترکی دەوترایەوە (ئاغەلەر.. پاشالەر گێدرەم تەفلیسە بەن >>> تاد) ئاغاکان پاشاکان ئەوا دەرۆم بۆ تەفلیس)، تا ئێستا جگە لە هەندێ مەقام بێژی کفری کە تیپێکیان دامەزراند بە ناوی تیپی شەڵتاغ هیچ دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری کوردی بایەخیان بەم ئەفسانەیە نەداوە کەچی عەرەبەکان لە بەغدا 30 ئەڵقە درامایان پێشکەش کرد لە کاتی خۆی بە ناوی شەڵتاغ کە ڕەحمەتی یوسف عومەر ڕۆڵی ئەوی دەبینی.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 313 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!