ناوی دارەسووتاوەکە لەچییەوە هاتووە؟
دارەسووتاوەکە بەو گۆڕەپان و مەیدانە گەورە کۆنە دەوترێت کە دەکەوێتە دامێنی گەڕەکی کانێسکان، مێژووی ئەم دەشتە زۆر کۆنە بە یەکێک لە کۆنترین دەشتە پان و ڕێک و تەختەکانی مێژووی شار ئەژماردەکرێت.
دارەسووتاوەکە لە سەروو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا دەستپێکی شەقامی قەنات، لەکۆندا دەشتێکی چۆڵ بوو و جگە لە چەند دار ودەوەنێک وکانییەک هیچی تر لێنەبوو، لەبەر جۆری گڵ و نەرمی خاک و ڕێکوپێکی و تەختی زەوییەکەی لە دەورانی عوسمانی و ئینگلیزدا، مەیدانی ئەسپسواری و جریدبازی و مەشقی سەربازی بوو.
ساڵانی پەنجاکان چەند باخێک لەو شوێنە درووستکرا، بەڵام کانی دەرووبەری وشکی کرد، زۆر هەوڵیاندا لە کانییەکەی کانێسکانەوە ئاوی ڕاکێشن بۆ باخەکانی ئەو دەوروبەرە، بەڵام کارێکی قوورس بوو، چونکە کەمێک لێژ بوو کاری زۆر دەویست، بۆبە ئاویان لە کارێزەکەی مەجیدبەگەوە بۆ ڕاکێشا کە ئەوە کارێکی ئاسان تر و خێراتر بوو و
لەبەر ئەوە لێژای و سەرە بەرەوخوار بوو ئاو زوو دەگەیشتە دامێنی باخەکان.
ئیتر تا کۆتایی شەستەکان باخەکان نەما و دوای ماوەیەک بوو چەند دار فرۆشێک لە مەیدان و گۆڕەپانەکە کڕین و فرۆشتنیان بە دار دەکرد و کردیانە شوێنی بازرگانی کردن.
لە ساڵانی نەوەدەکانیشدا، دارە سووتاوەکە ببوو بەمەزادخانەیەکی گەورەی کۆنەفرۆشی و هەرزانفرۆشی هەتا ئێستاش، دەوروبەریشی ببوو بەپیشەوەری دەستی و شوێنی پەنچەرچی و کاری فیتەری، او مەیدانەکەشی ببوو بە شوێنی ڕاوەستانی پاسی چەند هێڵی گەڕەکەکاتی شار.
هەرچەندە لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک (دار) لەو مەیدانەدا کڕین و فرۆشتنی پێناکرێت، بەڵام هەر بەناوە کۆنەوە بانگ دەکرێت و تەنانەت لە پێشی پاسەکانیشدا نووسراوە (دارە سووتاوەکە).
ناوی پێشتری دارەسووتاوەکەچی بوو؟
دارەسووتاوەکە پێشتر پێیان دەوت مەیانی دار فرشەکانیان مەیانی دارەکە یان مەیانیدارە سپییەکان.
جۆری دارەکانیش زیاتر داری سپیدار و چنار بوون، واتا کڕین و فرۆشتن بەدار دەکرا، زۆربەی دارەکان بەسەر پشتی ئەسپ و گوێدرێژەکان لە شارباژێڕەوە دەهێنرانە مەیدانەکە.نرخی هەر دارێک 10 فلس بوو.
زۆربەی فرۆشیاران کوخێکی بچووکیان درووستکرد بوو لە شێوەی دوکانێکی بچووک، سێبەر دارەکان زۆر فێنک بوون بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، منداڵانی ئەو گەڕەکە زۆربەی یاریی و ساتەزێڕینەکانیان لەوێ بەسەر دەبرد، لەبەر چڕ و پڕی دارەکان، یاری چاوشارکێیان لێ دەکرد و خۆیان تیایدا دەشاردەوە.دانانی دارەکان لە تەنیشت یەکەوە هەڵەدەچنران زۆر سەخت و ترسناک بوون، لەشێوەی کۆڵانی تەنگەبەر و باریک باریک بەتەنیشت یەکەوە بوون.
بۆ پێی دەوترێت دارە سووتاوەکە؟
شانە نهێنی و هێزە نهێنییەکانی شۆڕش ئەوکات هەموو شەوێک چالاکییەکی گەورەگەورەیان لە شاردا دەکرد و گورزی باشیان دەدا لە دامودەزگا و کەسە خوێنڕێژەکانی بەعس.
هەر کارێکی وچالاکییەک دەکرا زۆرجار بە نەهێنی خۆیان لەناو ئەو دارانە دەشاردەوە و بەئاسانی خۆیان قوتار دەکرد و زۆرجار چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان لەوێدا دەشاردەوە، چونکە زۆرزۆر چڕ و پڕ بوو بە ئاسانی مرۆڤ لەوێدا ون دەبوو.
ساڵی 1977ز لە شەوی هەینیدا و لە وەرزی هاویندا قەوات خاصە واتا هێزێکی تایبەت ئامادەکرا و بۆ لەناوبردن و سووتاندنی ئەو دارانە، بە هێزێکی زۆرەوە شەوێکی هاوین هەڵیان کوتایە سەر مەیانی دارەکان وگەڕەکی کانێسکان، چەند دەبەیەکی بەنزین و نەوتیان خستە ناو دارەکان و ئاگریان بەردایە سەرجەم دارەکان و هەموویان سووتان، چەند دەنگێک لەناو دارەکان دەبیستران کە دیار بوو چەک وتەقەمەنی شۆڕش بوو لەوێ شاردرابوونەوە.
زەرەر و زیانێکی زۆر بە کاسبکارانی ئەو مەیدانە کەوت، هەروەها زەرەرێکی گەورەش بە خانوەکانی دەوربەری کەوت و هەموویان لە ترسان و ماڵیان بەجێهێشت و شتومەک و کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیان پێچیایەوە و بەشەوە دەربەدەر بوون.
زۆر لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و ئەو شارەبەو شەوە هەوڵێکی زۆریاندا هەتا ئاگرەکە خامۆش بکەن و بیکوژێننەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیە نەتوانرا تەنانەت شتێکی بچووکیش بکرێت، ئەو دیمەنە بۆ خۆی مەنجەنیق و دۆزەخێک بوو بڵێسەی ئاگرەکە لە دوورترین شوێنی شارەکە دەبینرا.ئیتر خاکی مەیانی دارەکان بوون بە پارچەیە ڕەژوو و ڕەشایی.
بۆچی بەعس ئەو مەیدانی دارەکانی سووتان؟
دەوڵەتی ئێراق حیزبی بەعس بەبیانووی ئەوە ئاگری بەردایە ئەو مەیدان و گۆڕەپانە، کە گوایە جێگای مەترسی و دڵەڕاوکێیە، پێشمەرگە ئەوێیان کردووە بە لانەی خۆ حەشاردان و خۆشاردنەوەی خۆیان و لەوێوە دەتوانن باشتر گورز لە حیزبی بەعس بدەن و ئیتر هەتا کۆتایی هەشتاکان بە مەیدانی دارەکانیان ئەوت دەشتەکە لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ناوی گۆڕا بە دارەسووتاوەکە. و هەتا ئێستاش هەر دارە سووتاوەکەیە.