چەنێ دووربم
هۆنراوە و ئاوازی #بەهجەت یەحیا#
چەنێ دووربم بێ خەم بە لێم لەهەر کوێ بی نزیکی لێم
بێجگە لەتۆ بادەی هیچ کەس هەرگیز هەرگیز سەرلێو نانێم
شەماڵیش بم کە هەڵمکرد بەرەو مەنزڵگای تۆوە دێم
هەرتەمەننای بادەی تۆمە دەمی تینوو ئاوپڕژین کەم
هەر بۆ جوانیی تۆ ئەنووسم دەمی شیعر ئەنێمە سەردەم
شیعرەکانم وەک خێڵەکین دەواریان لای تۆ هەڵئەدەم
تۆ ئەو دەم و ئەو زمانەی کە هۆنراوەی پێ ئەهۆنم
تۆ لاپەڕەی ئەو دیوانەی بەسەرهاتە بۆ ئەوینم
جوانیی هەموو کوێستانەکان لە چاوی تۆدا ئەبینم
لە ئازارا واتل ئەخۆم وەرە ئازارشکێنی من
بێ تۆ لەناو شارەکەی خۆم غەریبم یان کەسێکی ون
دەروێشێکی ڕێگای عەشقم هەرتۆی تەکیە و خانەقای من