هۆنراوە و ئاوازی #بەهجەت یەحیا#
سۆزی شەوێک
گوێم بۆ ڕادێرە بەس تەنها ئەمشەو
لە دوو دیدەی من میوان نابێ خەو
بەس تەنها ئەمشەو تۆ میوانم بە
هەڵگری نازی هەست و سۆزم بە
ڕایژێنە تاوێ بێشکەی دڵی من
دامرێنەوە کوڵی گریەی من
تۆ بووی ئاودێری باخی دەروونم
ئیلهامی شیعری بەستەی ئەوینم
چۆن دەستت تێیچوو ئەو باخە جوانە
وا پێشێلی کەی بێ بەزەییانە
ئەم حەزە دیلە ڕووبکا بەرەو کوێ
ئاهی ئەشکی من ئۆباڵی بەکێ
بێ سۆراخ و شوێن وا بووم سەرەڕۆ
بووم بە هەڵگری بارگەی خەمی تۆ
چۆن دڵت توانیی دڵم بشکێنێ
داستانی عەشقم هەرەس پێبێنێ
ئەو سوێیە تاسەر لە دڵم دەرناچێ
بێ وەفایی تۆم هەر لە یاد ناچێ