گرانی گەورە..
ئەم گرانیە لە ساڵی 1879ی زاینی بووە. میژوەکەشی بە حروفی ئه بجەدی (یا غەفور)ە ئەم گرانیە دەغڵ ودان نەبوو ساڵی پێشیش هەروەها قات و قوتڕی بوو عەلبەی گەنم بووە 100 لیرەی زێڕ لەسەر ئەم حاڵەش چنگ نەدەکەوت. علی خدر حەسەن هەبوو بە عەلیە شەل مەشهور بوو، دەیگووت من لە گرانی گەورە تەمەنم 12ساڵ بوو سێ شتی سەیرم دیت لەم گرانیە :
1-دەنگی گریانی منداڵ لە خانووەک دەهات، دەرگای خانوەکەش داخرابوو بە قوڕ، ئێمەش دەرگامان کردەوە چووینە ژورێ دیتمان سێ منداڵی پارچەڵە لەوێ بوون، یەکیان مردبوو یەکیان کەمێک دەنگی دەهات یەکیشیان دەگریا. قاپە ئاوێک لەوێ دانرابوو وا دیاربوو دایک و باوکیان لە برسان ڕۆشتینە و ئەوانەشیان بەجێهێشتیە، جا بۆیە لە خانوەکە دەرگایان لەسەڕ قوڕداینە..
2-کابرایەکم دیت سەگەکەی پەت کردبوو خەریک بوو بە چەقۆ دیکوشتەوە تا بیخوات..
3-لە گووندی دۆغانی دەشتی هەولێر بوومە شوانی حاجی سمایل ڕۆژێ بە 3نان سبەینان نانێکم دەخوارد نیوەڕۆش نانێک و ئێوارێش نانێک، شیو و شتی وا نەبوو. سبەینەک دەستم گەیاندە نانێکم خوارد، مام حاجی چاوی لێم کردبوو منیش زۆرم برسی بوو دەستم درێژ کرد بۆ نانێکی تر مام حاجی دارێکی لە دەستمدا گووتی هەقت تەواو هەستە بڕۆ تۆ بۆمن دەستنادەی لە ئەنجامدا دەری کردم...
(سەرچاوە پەرتووکی ساڵنامە و ئاوێنەی کوردەواری، بەرگی یەکەم نوسینی:مەلا محمدی عەلیاوەیی)[1]