نوسینی: #سەڵاح جەلال#
خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ پەرتوکی (#سلێمانی و خاکی#) ئەلبومێکی دیکۆمینتەری لەسەر شاری #سلێمانی#، لەنێوان ساڵانی 1784 – 1991 نوسین و ئامادەکردنی (#ئاسۆ عومەر سوارە#)
دیمەنی یەکەم
فەزای شارێکی ئاوێتە بەخوێن وگۆشت، ڕەنگاڵە بە ڕەنگە تێکەڵاوەکان، ئاپورە بە دەیەها دەنگی ناوازە، بەشەپۆلی وێنەی بیرەوەری مەرگەساتەوە لەفەزایا تێکەڵاودەبون و جیادەبونەوە، تێکدەشکان و دروست دەبونەوە، دەبون بە ئەلبومێک لە سۆزی عاشقان و پەرتوکێکی خواوەندی لە مێژووی کافرۆشی و کەسانی ڕێی کاکێشانی مەرگ. لەم شارەدا هەموو خوێندنەوەو وێنەو بیرەوەریەک لە مەرگا بەرجەستە دەبێت، مەرگ گرێ کوێرەی شارەکەی هەڵگرتووە، وەک کۆلارەیەکی گەردوونی بەدەستی کاراکتەری وێنەییەوە دەخولایەوە و فەزای شارەکەیان دروست دەکردو دەیانڕوخاندەوە، کۆلارەیەک ببووە زمانی شار، هەمو دەنگ و ڕەنگ و جوڵەیەکی وەستاند.
دیمەنی دووەم
کاراکتەری وێنە بەکۆلارەکەیەوە شارەکەی پۆشی بوو، بەخەندەی سەر لێوی وێنەی ژیانی ژیاوی شارەکەی دەکێشا، هەموو شتەکان وەستان بوون، ڕوانین دەکوژایەوە، خوێندنەوەیەکی گەردونی بۆ گەردەلولێکی شاراوە لەدەروونەوە فەزای دەپۆشی، شارێک بەئاپورای هەناسەی فەلسەفی لول ببوو، لاپەڕەی مێژوو بەشەپۆلی بیرەوەریی نەستی کۆمەڵییەوە لەودیوی شتەکانەوە دەبوو بە ڕەمزی هەرەسهێنان و دروست بوونەوە، شارێک لە هەناسەوە دەئافرێندرا، ئەو تەوژمە وێنەییانەی دورگەکانی گەردونیان دەبڕی و لەشێوەی هەڵماقۆ دەهاتنەوە یاریان بەبیرکردنەوەی بیرکراوەوە دەکردەوە، زەمەن و ڕوانین تێکەڵاوی بێ ڕەنگی و بێدەنگی دەکران، فەزا وەک بوکە شوشەیەکی خواوەندی ڕەنگی پەلکە زێڕینەی پۆشی بوو، کاراکتەری پێشهاتی زەمەن بە هەزاران وێنەی سروشتی و خەیاڵییەوە بەکەوتنە خوارەوەی ئەستێرەیەکەوە هاتە سەر فەزای ڕوانین، کەسێک لە وێنە دروست ببوو، هەزاران وێنە فۆتۆیی جەستەیان پۆشی بوو، ببونە پەرتوکێکی ڕۆحی، بەسنگیەوە گرتبوی و تیشکی هەتاوەکە بو ڕوانینەکان تیشکی پێدەدایەوە:
(سلێمانی و خاکی) ئەلبومێکی دیکۆمینتەری لەسەر شاری سلێمانی، لەنێوان ساڵانی 1784 – 1991 نوسین و ئامادەکردنی(ئاسۆ عمر سوارە)ی لەسەر هەڵکەندرابوو.
دیمەنی سێیەم
گەردەلولەکە ڕەوییەوە، پۆپەشمینێکی دەرونی بەجێهێشت، خەیاڵ و خەون و ئەفسانەی دێر زەمانی هەڵگرتبوو، شتەکان کەوتنە جوڵە، مارو مێرو باڵندە کەوتنە پەل و پۆو ڕاچەنین، مرۆڤ بە چیغی شارەوە ڕوانینیان هەتەر دەدا، چاوەڕوانی دیمەنی شاریان دەکرد، زمان لەبێ زمانییەوە ئافرێندرا، وێنەکە ببووە جێگەی سەرسوڕمانی نەتەوەیی:
(با) گوتی: مرۆڤی لۆکەییە، بێزمانە.کاراکتەری وێنەییە.
وێنەکان بڵاوبونەوە، بینەران کەوتنە خوێندنەوەی ئاماژەو ڕەمزو هێماکانی شار، کاراکتەری وێنە هاتەوە سەر شانۆ کۆلارەی وێنەکانی بڵاوکردەوە:
- سلێمانی گەوهەرێکە، شێخ ڕەزای تاڵەبانی مێژووەکەی دەنوسێتەوە.
بەو قسەیەوە پەنجەی هەڵبڕی و شارەکەی نەخشاند:
(لەبیرم دێ سلێمانی کە دارو مولکی بابان بوو
نەمەحکومی عەجەم نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
وتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لەبەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققاڕە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێغ بوو ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
کە مەیدانی جرید بازی لەدەوری کانی ئەسکان بوو
بەزەبری حەملەیێ بەغدای تەسفیر کردو تێی هەڵدا
سولەیمانی زەمان ڕاستت ئەوی، باوکی سولەیمان بوو
عەرەب ئینکاری فەزلی ئێوە ناکەم ئەفزەڵن ئەمما.
سەلاحەدین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
قەبری پڕ لەنوری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
کەبارانی کەفی ئیحسانیان وەک هەوری نیسان بوو.)
دیمەنی چوارەم
کاراکتەری وێنە توێژاڵکی ڕێبواری فڕێ دا، زمانی لە بێ زمانیدا کردەوە:
- هەموو عاشقێک ئاوێنەیەکی هەیە، هەموو ئاوێنەیەک عاشقێکی تیایە، من عاشق و ئاوێنەم، لەگەردەلولی زمان و عیشقدا گێژ بووم. ڕەمزی وێنەکانی شارم، بۆشایی نێوان کەوتنەخوارەوەی وشە لە بیرکردنەوەم دەکەم بە منداڵدانی ڕسکاندنی وێنە، کاری من ئەو پانتاییەیە، مێژووی سلێمانی لە وێنەدا دەگێڕمەوە.
گەردەلولەکە هەڵی کرد، جەستە وێنەییەکە بە ملپێچەکەی تۆفانی هێمن کردەوە:
- لەسەرەتای بوونی شارەکەوە لە گێژەڵوکەوە لەدایک بووم، زامەکانم بێ زمانیان کردووم، ناچار بووم چوم بۆ شاری فەلسەفە، کەسێک پشتی گرتم:
- وەرە تۆ گەڕیدەی مێژووی شارێکی بێ ناوونیشانیت؟.
گوتم: نازانم ناونیشانی خۆم و شارەکەم.
گوتی: من هۆسرڵم.
سیوچی ئۆتۆمۆبیلەکەی دامێ :
- لێبخوڕە هەتا ناوونیشانت دەدۆزیتەوە.
لەئاوێنەکەم دەڕوانی، پەنجەی ڕاکێشا:
- دواوە ڕابردووە، ئێستایش ئێستایە، ئایندەیش ئەو شەپۆلانەن دەیانبڕین، ئەو جێگایەی بۆی دەچین ئایندەیە.
گەیشتینە باخاتێک باخەوانێکمان بینی گوتی:
- من گلگامشم. هاتویت بۆ گیای نەمری؟.
گوتم: نازانم گیای نەمری چیە.
بەسەرسوڕماویەوە پەلی گرتم و کێشی کردم هەتا لای ئۆتۆمۆبێلەکە وگوتی:
- بچۆرەوە ناو ئۆتۆمۆبیلەکە، لە ئاوێنەکەدا لەعیشقی بووندا خۆت بتوێنەرەوە، ئەوە گیای نەمرییە.
تۆفانەکە زیاتر بوو، کاراکتەری وێنە هەناسەیەکی هەڵکێشا:
بەو مۆمیاییە کەوتمە شاری شێتانەوە، نان و چاو خواردنم دەست نەکەوت، لە سەر ئەستێڵێک ئاوم خواردەوە، ئارتۆم بینی خۆی لە خوێنی بێ شوێنەواردا هەڵکێشابوو، پەنجەی بۆ ڕاکێشام:
- ئەوە شانۆی توندو تیژی دەنوسمەوە، تۆ زمانت شێتیە و لەشاری شێتانەوە هاتویت، ئەو شانۆیە ببە بیخوێنەرەوە، کاتێک تەواوم کرد شاعیرێک گرتمی:
- من هۆلدرلینم وەرە بەئاماژە پەرتوکەکەت بۆ وەردەگێڕم، نەمری شێتیە، شێتێتیش نەمری، لۆغۆز مانای مەعریفەی شێتێتییە، لۆغۆز زمانی عالەم لە زمانی مەرگدا یەک دەخات. دەبنەوە بەزمانی ئاماژەو گریان و هێماو ڕەمزو نیشانەکان. بەو بیرەوە بچۆ مێژووی شارەکەت بنوسەرەوە.
زۆر سەرسام بووم هەستم کرد توانیم جوگرافیای سلێمانی و خاکی لە وێنەدا بنوسمەوە.
بەو زەنگەوە ڕاچەنیم یەکەم دیمەنی وێنەی پەرتوکی (سلێمانی و خاکی) لە ئەلبومێکی دیکۆمینتەری لەسەر شاری سلێمانی، لە شانۆنامەی ئەغریق پێشکەش کرا.
دیمەنی پێنجەم:
کاراکتەری وێنە لەپارکی ئازادیدا کەوتە نواندنی ڕۆڵی ئیبراهیم پاشاو بەسواری ئەسپێکەوە غارغارێنی دەکرد، مێرد منداڵێک لەپاشکۆیەوە بوو توند دەستی بەپشتییەوە گرتبوو، هەڵاوی هیلاکیەکی بێ سنوور لەدەمی ئەسپەکەیەوە دەردەپەڕی، لەسەر کانیاوێکی پڕ لەسەوزە گیا وەستا، مێردمنداڵەکە لەتینوێتیا دابەزی، دەمی بە قوڵپی کانیاوەکە ناو تێر ئاوی خواردەوە، ئیبراهیم پاشایش لەئەسپەکەی دابەزی خەتێکی کێشا:
- شازادە سلێمان، ئەم جێگەیە دەکەمە شار و بەناوی تۆوە ناوی دەنێم سلێمانی. کانی ئاسکانیش، دەکەمە چەقی ئەم شارە نوێیە.مێژووی دروست بونی لەم ساڵەوە1784 دەست پێدەکات
ئیماراتی بابان بەهەموو توخمێکیانەوە هاتنە ئەو دەشتاییە بەرینەی، ئیبراهیم پاشا بەئەسپەکەی غار غارێنی تیادا دەکرد.
وێنە دیمەنێک
کاروانێک بە دەم شێواوی فەزاوە دەرکەوتن، ژن و منداڵ و پیاوو پیر، بەسواری ئەسپ و کەرو ماین و ئێسترەوە، شوێنەواری ئەمارەتی ئەردەڵان بوون، ئەمارەتەکەیان بەهۆی جەنگێکی گەورەوە ڕوخا، بە سوپاسالاری مەستورەخانەوە هاتن و تێکەڵاوبوون، شارێکیان پڕ کردەوە، ناونرا سلێمانی.
دیمەنی شەشەم
کاراکتەری وێنە بەو ئاڵایانەوە لەسەر فەزای شانۆ دەگەڕا، وێنەی کەسایەتیەکان و دیمەنی سەرەتایی شارەکەی دەخستە فەزاوەو هاواری دەکرد:
- سلێمانی و خاکی.
وێنەی ئیبراهیم پاشای بەرزکردەوە:
- لەلایەن میرنشینی بابان و لەسەردەمی حوکمڕانی ئیبراهیم پاشای باباندا بەمەبەستی پایتەختی میرنشین سلێمانی بنیات نراوە.
دوایی یەک یەکە وێنەی پاشاکانی بابان و ئەردەڵانی خستە فەزاوە:
- ئەوە پاشاکانی بابان و ئەردەڵانن، ئەوانەی مێژووی شاری سلێمانیان دروست کردو بناغەی شارەکەیان دانا.
دیمەنی دیمەنێک
شار وەک گوندێکی کراوە، جوڵەیەکی گەورەی گرتبوو، بەعەقڵێکی تازەوە حەمام و بازارو خان و خانو و باڵاخانەو شەقامیان دروست دەکرد، پیشەگەرانی تەلارسازی لەهەمو لایەکەوە هاتبون بۆ کارکردن.
دیمەنێکی ناوەختە
شیخ مارفی نۆدێ لەحەوشەی مزگەوتی گەورە وانەی بەقوتابیەکانی دەگوتەوە، پۆل پۆل بەپێی ئاستەکانیان دانیشتبون، هەرپۆلە فەقێیەک وانەی پێدەگوتنەوە، وەک زانکۆیەکی ئاینی و ڕۆشنبیری بناغەی ڕۆشنبیری سلێمانیان دامەزراند.
دیمەنی حەوتەم
کاراکتەری وێنە، کۆلارەکەی ڕاکێشا، سەدان وێنە کەوتنە خوارەوە، وێنەیەکی هەڵگرتەوە:
- (بنوسە پیری دڵم ئەمری کرد ئیتاعەم کرد
لە ئیبتیداوە کەبەیتی موناسیبی دیوان
گەدایەکی وەکو مەحوی قەلەندەرێکی کورد
میسالی پادشاهی فورسە ساحیبی دیوان)
دەەنگی بەرز کردەوە:
ئەوە مەحوی شاعیری شاری سلێمانیە.
گێژەڵوکە گەردونییەکە هات، کاراکتەری وێنە لە دەوری خۆی خولایەوە، پۆپەشمینێکی لە خۆی ئاڵاند:
- دەستی کرد بەگێڕانەوەی یەکەمین حکومەتی عێراق و وێنەی مەلیک مەحمودی بەرزکردەوە:
- یەکەم مەلیکی عێراق و کورد، شیخی نەمر ڕۆڵی گەورەی گێڕا لە پێشکەوتنی سلێمانی و شەرەفی دەوڵەتی بۆ سلێمانی بەرجەستە کرد، یەکەم پایتەختی عێراق و کوردستان سلێمانی بوو.
دیمەنی دیمەنێک
جەماوەری شار، لەهەمو لایەکەوە سوارو پیادە دەهاتنە ناو شار، ساتە وەختی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمود بوو بۆ سلێمانی. شار هەوری گریەو مەرگی هەڵگرتبوو، توڕەیی و قین و تۆڵە لە دارو درەختەوە دەردەکەوت.
دیمەنی هەشتەم
گەردەلولەکە تەوژمێکی ئەفسانەیی هێنا، فەزا بە شەپۆلی وێنە پڕبوەوە، هیچ تروسکەیەک نەما، کاراکتەری وێنە کولارەکەی کردەوە، وێنەکان ڕژانە ناو شار، هەموو شوێنێکیان پڕ کردەوە، بەو جۆرە کتێبی سلێمانی و خاکی لەوێنەوە دروست بوو، یەک یەک لەفەزاوە بەدەم ڕەشەبایەکی بەهێزەوە گەردەلولێکیان دروست کرد لە وێنە.
کاراکتەری وێنە هەموو ڕوداوو گۆڕانکاری و کەسایەتییە گرنگەکانی شاری نمایشت کرد، لەکەسانی ڕامیاری و شاعیرو نوسەران و پیشەگەرانەوە هەتا وێنە پیشەیی و ژیانە ئاساییەکەی شارو ناونرا سلێمانی.
دیمەنی نۆیەم: میتا مەرگ
شاسوارێک لەگۆیژەوە هاتە خوار لەسەرەتای شارەکەوە وەستا چیرۆکی پەرتوکی
سلێمانی و خاکی گێڕایەوە:
کاراکتەری وێنە توانی هونەرێکی نوێ لە مێژووی گێڕانەوە دابهێنێت، لەپەرتوکێکی 828 لاپەڕەییدا مێژووی وێنەیی شارێک بنوسێتەوە، لەڕێی ڕەمزو هێماو نیشانەکانەوە هەموو خەسڵەت و بیرو بۆچون و ڕوانینێکی ئەم شارەی لە تۆڕی ئاماژەدا کێشاوە.
دیمەنی دیمەنێک
وێنەیەکی پانۆرامای سلێمانی بە ئاپارتمان و باڵاخانەو پێشکەوتنەکانییەوە، هۆڕینی ئۆتۆمۆبیلەکان تێکەڵاو دەبوون، سوپا و ئاڵای کوردستان.
شاسوار کۆلارەی کاراکتەری وێنەی هەڵدایەوە:
ئەمەیش نەخشەیەکی هونەری نوێیە بۆ سلێمانی و فەزایەکی خۆکردە لەگەڵ مێژووی ڕابردوو ئێستاو ئایندەدا بەیەکەوە چرای زەمەنیان داگیرساندووەو هەتا مێژوو مێژووە وەک مۆمی سلێمان لەگەڵ مێژووی شارەکەدا هەر بەردەوام دەبێت. چۆن کارەبا ناوی ئەدیسۆنی لەسەرە بەو جۆرەیش ئەم پەرتوکە بەناوی ئاسۆ سوارەوە هەتا کۆتایی بون نمایشت دەکرێتەوە.
دیمەنی دیمەنێک
گرتەی دیکۆمێنتاری کاراکتەری وێنە نیشان دەدرێت، لەدەرگای ماڵان دەدات، تەق تەق:
- وێنەی باوکە شەهیدەکەتم بەری.
- وێنەکانی شاعیر.
نازانن من ئاسۆم، موگناتیسی وێنەکانی شارم، ئەم وێنە نازدارانە دەکەم بە پەرتوکێک.
دیمەنێک
چایخانەی شەعب کاراکتەری وێنە لە سوچێکدا دانیشتووە، بە زەردەخەنە گەشەکەی خەلک لەلایەوە دانیشتون و وێنە وەردەگرێت و لەپشتەکەی ناوونیشان و ڕۆژ دەنوسێت.
چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی و گرتەی شانۆییەکانی کاراکتەری وێنە تێکەڵاودەبن، دەبنە گەردەلولێکی گەردونی.
دیمەنی گەردەلول
کاراکتەری وێنە کولارەکەی بە گەردەلولی باو تۆفانەوە بەسەر فەزای شارەکەدا بڵاوکردەوە، جەستەی شار لە کۆلارەکەدا پێچرایەوە، سلێمانی و خاکی نوسینی ئاسۆ عومەر سوارە.
سەرچاوە: (سلێمانی و خاکی) ئەلبومێکی دیکۆمینتەری لەسەر شاری سلێمانی، لەنێوان ساڵانی 1784 – 1991 نوسین و ئامادەکردنی(ئاسۆ عمر سوارە) چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان سلێمانی.2020.
لە ژمارە 1175 لە6/5/2021لە ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بلاوبۆتەوە.[1]