سازدانی: #ئەمەل سەعید کوردە#
ئەم دەنکە مرواریە درەوشاوەیەی غوربەت بناسە:
مرواریەکانی غوربەت بۆ جارێکی دی گەورە هونەرمەند و ئاوازدانەری کورد بەسەردەکاتەوە کە مامۆستای چەند نەوەیەکی سەدەی ڕابردوو و ئێستاشە ئەویش هونەرمەند م.سەڵاح ڕەوفە.
سەلاح ڕەوف لەدایک بووی 15-03-1951 #عەربەت# - #سلێمانی#یە، خانەی مامۆستایانی لەساڵی 1966 بۆ 1969 تەواو کردووە، 1968 بووەتە ئەندامی #تیپی مۆسیقای سلێمانی# و ئەندامی تیپی مۆسیقای چالاکی هونەری پەروەردەیی سلێمانی، وەک ئامێرژەن و مامۆستایەک، لە ساڵی 1977-1978 خولی شارەزایانی مۆسیقا لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغداد بە پلەی نایابی یەکەم لەسەر ئاستی عیراق وەرگرت. یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانی بەشی مۆسیقای #پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی# لەساڵی 1983، هەروەها لەساڵی 1977 تیپی مۆسیقای پیرەمێردی دامەزراندووە کەلەسەرەتای ئەو تیپەدا منداڵانی تێدا فێری مۆسیقا کردووەو پاشان بووەتە تیپێکی باشی سەردەمی خۆی تا ساڵی1991، بۆیە یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای منداڵان لەشاری سلێمانی، هاندەرێکی باشی منداڵانی ئەو سەردەمە بووە و چەندین کاری وەک تۆمارکردنی مۆسیقاو گۆرانی و ناساندنیان بە مۆسیقا بۆ ئەنجام داون، کەئێستا چەندین هونەرمەندی خاوەن ئەزموونیان تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها ئەندام بووە لەتیپی مۆسیقای شۆڕش لەساڵی 1974 بۆ 1975، پاشان لەساڵی 1998 لە وڵاتی هۆڵەندا ئەندامی کارای تیپی مەڵتی کەلتووری هۆڵەندی میودانتا بووە و دواتر ئەندامی کارای تیپی سیمفۆنی ئەپڵدۆرنی هۆڵەندی بووە تا ئێستاش بەردەوامە.
راهێنەری مۆسیقای تیپی هونەری میللی نەتەوەیی سلێمانی بووە لەساڵی 2000 بۆ 2008، خاوەنی پتر لە 14 کۆراڵە (گۆرانی بەکۆمەڵە)، مامۆستا سەڵاح بێجگە لە ژەنین خاوەن چەند پەرتووکێکی تایبەت بە مۆسیقایە لەوانە (فێربوونی کەمانچە، تیۆرەکانی مۆسیقا، پۆڵێنکردنی پەیژەکانی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوەِاست، چەندین نوسین و بابەتی دیکە بەتایبەت بەنۆتە کردنی مۆسیقا و گۆرانی کوردی لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکوردییەکاندا)، هەروەها بەشدار بووە لە هەموو بۆنەو ئاهەنگەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی لەساڵی 1969 تا ئێستا، خاوەنی چەندین ئاوازو مۆسیقایە بۆ گۆرانی بێژانی وەک (#کەریم کابان#، #عوسمان عەلی#، #عەدنان کەریم#، #ئەسعەد قەرەداغی#، #پەیمان عومەر#، عەباس محەمەد بەهرام، #ئاڵا عومەر#، #دیاری قەرەداغی#، ئەمەل سەعید کوردە، #ئاڤان جەمال#، #تارا ڕەسوڵ# و چەندانی تر….) چەندین کاری مۆسیقی و ئاواز دانانی بۆ دراما کورییەکان ئەنجامداوە، لەوانە دانانی ئاواز بۆ یەکەمین فلیمی سینەمایی کوردی (نێرگز بووکی کوردستان) هەروەها درامای (ژاڵە، گوڵاڵە) و مۆسیقا و گۆرانی بۆ فلمی (گەڕان بەدوای شوناسدا) و چەندین شاکاری تر...، پاشان لەساڵی 2007 و لەرۆژی مەرگەساتی ئەنفال لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەرهەمی (#گۆڕستانی چراکان#) لەهۆنراوەی #شێرکۆ بێکەس#، کەبریتی بوو لەپێشکەش کردنی 50 خولەک لە موزیک و گۆرانی و نواندنی شانۆییەک لەگەڵ #تیپی هونەری میللی سلێمانی#. ساڵی 1997 کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لەگەڵ هاوسەری و دوو کوڕ و دوو کچیدا دەژی و هەر لەو کاتەوە سەرقاڵی کاری ژەنین و بەنۆتەکردنی پەیژەکانی مۆسیقای کوردیە.
لە دوای ساڵەکانی 2004 وە لە هەوڵی فراوان کردنی ئاستی ڕۆشنبیری هونەری نەتەوەکەیدا بووە بە:
1- دۆزینەوەی یاسای بازنەی پێنجی (Qwint Circle) بۆ پەیژەکانی مۆسیقای کوردی لەسەر بنەمای داهێنانەکەی (جان فیلیپ ڕامۆ)ی فەرەنسی لە سەدەی حەڤدە بۆ مۆسیقای ئەوروپی.
2- پۆلێنکردنی پەیژەکانی مۆسیقای کوردی لەسەر بنەمایەکی زانستی و دەست نیشانکردنی هەردوو پەیژە گەورەی ڕاست و عەجەم (بیانی) و پەیژە کانی سەر پلە دەنگیەکانی تریان.
3- دۆزینەوەی ئەرماتۆرا (ڕابەری پەیژەی مۆسیقا) بۆ مۆسیقای کوردی و ڕزگار کردنی مۆسیقای کوردی لە مێتۆدەکانی میللەتانی دراوسێ وەکو مێتۆدی گۆشەی فارسی و ڕەگەز و گرێ ی مۆسیقای عەرەبی تورکی.
شایەنی باسە هونەرمەندی ناوبراو لەئێستادا سەرقاڵی پرۆژەیەکی گرنگی کلتوری موزیکییە ئەویش بە نۆتەکردنی گۆرانیە کوردییەکانە و بێ بەرامبەر پۆستیان دەکات لەسۆشیال میدیادا تاکو سوودی لێ ببینن، ئەم کارەی گەورەترین خزمەتە لەمێژوی مۆسیقا و کەمینە ئەم جۆرە هەڵوێستەیان هەیە بەرامبەر خوێندکارەکانیان.
مامۆستا سەڵاح لەئێستادا دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندایە هیوای بەردەوامی و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.[1]