مەڕ هاوینێ دەمرێ، زستانی خاوەنی دەزانێ
چلەی هاوینێ تاو وتینی گەرما تاو دەسێنێ و مەڕ کۆڕ دەبەستن سەر دەنێن بەپاشەڵی یەکترییەوە وەکو سێبەر بۆ یەکتری و ناتوانن ڕێ بکەن و بچنە لەوڕگا وپاوانان، بۆیە شوانکارەکان یەک دوو سەر بزن بەخێودەکەن و ڕادەگرن تاوەکو ببنە چاوساغ و ڕێوانی ڕانە مەڕەکە بۆ ئەوەی بچنە هەرد و کێوان و لەوەڕگایان، مەڕ زۆر باش دەڵەوەڕێت دەبێت دوای تێرخواردن لە لەوەڕگایان زوو زوو ئاوبدرێت و نابێت، لەئاودانی هاوینێ مەڕ و ماڵات خافل بکرێت و فەرامۆش بکرێت چونکە ئاژەڵی مەڕ پێویستی بەسێ ژەم ئاوخواردنەوە هەیە بەتایبەت لە وەرزی هاوین، لەبەرئەوەی مەڕ زۆر باش دەڵەوەڕێت ئەگەر لە هاوین ئاو نەدرێت، ئەوا لە چلەی زستانێ کار لەسیپەلاکی مەڕەکە دەکات، بەرگەی ئه و زستانە سەختە ناگرێت و دەیکوژێت، ئه و ئەزمونەی پەزەوان و ئاژەڵداران و شوانکارەی کورد بووە بە درکە و کینایە و ئیدیۆم دەوترێت(مەڕ هاوینێ دەمرێ، زستانی خاوەنی دەزانێ).[1]