لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئێمە نوێنەرانی پارت، ڕێکخراوی مەدەنی، نوێنەرانی پێکهاتە ئیتنی و ئایینیەکان، کەسایەتیی سەبەخۆ (نووسەر، هونەرمەند ڕوناکبیر، ئەکادیمیکار، ڕۆژنامەوانان، چاودێران و سیاسەتمەدارانی نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە خۆمان بە دەنگیی ویژدانی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەزانین، بە مەبەستی هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و بۆ بە خاوەن دەرکەوتن لە بەرخۆدانی هێزەکانی پاراستنی گەلی کوردستان ه پ گ. کۆنفرانسێکی بەرفراوانمان لەسەر تۆڕی ZOOM بەڕیوەبرد و لە ئەنجامدا ئەم بانگەوازی هەڵوێستنامەی خوارەوەمان بۆ ڕای گشتی جیهان و کوردستان ڕادەگەیێنین.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕۆژی 2021.04.24، لە باشوری کوردستان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دەستپێکرد. ئێستا لەو هەرێمانەدا شەڕێکی گران ڕوو دەدات. هێزەکانی گەریلا بە قارەمانێتی و فیداکاریەکی مەزنەوە بەرگری دەکەن. ئەو هێرشانە هەر تەنیا لە دژی هێزەکانی ه پ گ نین، بەڵکو دژی هەموو دەستکەوت و سەروەریەکانی خەڵکی کوردستانە، بەتایبەتیش داگیرکردنی باشوری کوردستان.
هەروەک ئەزانن 24 نیسان ساڵیادی فەرمان و کۆمەڵکوژی گەلی ئەرمەنی یە. دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەم ڕۆژەدا ڕێکەوت نی یە! پەیامەکە ڕوونە، پەیامی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە. ئامانجی ئەوان لەلای ئێمە ڕوون و ئاشکرایە. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان (ئاسوری- سوریانی – کلدانی و ئەوانی تر) لە سەر خاکی خۆیان ئازاد نەبن، دیل و کۆیلە بن وڵاتەکەیشیان لەژێر چنگی داگیرکەریدا بێت.
دەوڵەتی تورکیا هەبوونی خۆی وەک نەتەوەیەک لەسەر سڕینەوە و نەبوونی گەلانی تردا دەبینێت.
دەوڵەتی تورکیا، دژی هەبوونی کوردە، دژی کوردستانە. هەرگیز ئەم مەرامەی خۆی ناشارێتەوە، بە کردەوە لە ڕێگای کولتور، سیاسەت و سەربازیەوە نیشانی داوەو دەدات. هەرشوێنێکداگیر بکات ژێنگەی ناوچەکە وێران ئەکات، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی دەدات.
دەوڵەتی تورکیا، لە ساڵی 2017 دا لە کاتی هێرشەکەی عێراق بۆ سەر کەرکووک، خورماتوو، خانەقین، شەنگال و ناوچەکانی تر پشتیوانی حکومەتی عێراقی کرد.
لە هێرش و داگیرکاریەکانی داعش بۆ سەر کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر کۆبانێ، دەوڵەتی تورکیا خاوەنی ڕۆڵێکی سەرەکی بوو و بە ئاشکرا هاوکاریی داعشی کرد.
دەوڵەتی تورکیا دژی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە. لە سەرەتاوە تا ئێستا لە هەڵوێستێکی هێرشکاری دایە. هەروەها لە باشوری کوردستان بە دەیان مۆڵگە و بنکەی سەربازی و سیخوڕی دامەزراندووە و دەزگا هەواڵگرییەکانیان لە دژی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بەکاردێنێ.
ئێستاش لە دەڤەری مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەستی بە هێرشێکی گەورە و بەرفراوان کردووە. لە بەرامبەر ئەم هێرش و ئۆپەراسیۆنە دا تا ئێستا لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ناونەتەوەیی، وەکو پێویست دەنگ بەرز نەبوونەتەوە. پێویستە ئەم بێدەنگییە بشکێنرێ و لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریە ناڕازییبوونی زۆر دەرکەوێ. پێویستە هێزە بەرگریکارەکان، هەڵوێست و هاوکاری ئێمە لەگەڵ خۆیاندا ببینن. بە یەکێتیەکی پتەو و بە پشتگیریی دۆستان دەتوانین ئەم هێرش و داگیرکەرییە بشکێنین. دەوڵەتی تورکیا ئەوەندە بەهێز نییە! نمونەی سەرکەوتنی گارێ لەبەرچاوانە. بە بەرخۆدانێکی نەتەوەیی دەتوانین هێزەکانیان بشکێنین. سەرەتا دەبێ هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بێتە کایەوە. بۆ ئەمەیش پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان لە دژی داگیرکەریی خاوەن هەڵوێست بن. لە ئاستی هەرە باڵادا نرخێکی پاراستنی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتیمانی لە دەوری بەرخۆدێران دروستبکرێت. هەڵوێستی یەکگرتوو دەتوانێ بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتیەکان بگۆڕێ.
راوێژی هەڵوێستی نەتەوەیی لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک، بە گرنگی و بە پەلە ئەم بانگەوازه بۆ گەلانی کوردستان و جیهانی مرۆڤدۆست و دیموکراسیخواز ڕادەگەیەنێ:
1. لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی گەلی ئەرمەنیدا هێرشکردن بۆ سەر باشوری کوردستان، پەیامی دووبارەکردنەوەی جینۆسایدێکە. ئەوان دەیانەوێ گەلی کوردیش کۆمەڵکوژ بکەن. ئێمەی بەشدارانی کۆنفڕانس بە هەستیارییەوە لە ڕەفتاری دڕندانەی دەوڵەتی تورکیا نزیک دەڕوانین و بە هەموو توانامانەوە دژی ئەم هێرشە دەوەستینەوە و شان بە شانی هێزەکانی پاراستن جێگا دەگرین.
2. نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناوخۆییی کوردستانیان، سەنگەری پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان لاواز دەکات و ڕێ بۆ بەرەی دوژمنکاری خۆش دەکات. ئەمە لە داگیرکردنی کەرکووک، خانەقین، مەخمور و شەنگال بینرا. بەڵام ڕێکەوتنی ناوخۆیی هێرشی دوژمنان دەشکێنێت و دەستکەوتەکان گەورە و گەورەتر دەکات، ئەم ڕاستییە لە پاراستن و سەرکەوتنەکانی کۆبانی دا بینرا. کۆبۆنەوە ڕێکەوتنی ناوخۆیی وەک مەرجی مان و نەمان دەبینێ و بانگی یەکێتیی نەتەوەیی دوپات دەکاتەوە.
3. پیویستە لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات پشتیوانیەکی بەهێز لە هێزەکانی بەرگری بکرێت و بەو گیانە گەرم و گوڕییەی پاراستنی کۆبانێ دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بوەستینەوە. بۆ ئەم ئامانجە دەبێ لە وڵات و دەرەوەی وڵات خەباتێکی بەکگرتووی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەهێزی دیپلۆماسیی بکرێت.
4. کۆنفراس بانگی گەلی کوردستان دەکات لەدژی هێرش و داگیرکاری لە سەفەربەریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بن. بەردەوام بە هەموو شێوازێکی گونجاو لە تێکۆشان و چالاکیدا بن. شانبەشانی هێزە بەرگریکارەکان جێگای خۆیان بگرن.
5. کۆنفرانس، بانگی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریەی دەوڵەتی تورکیا بوەستێت و هێزە سەربازیەکانی تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان وەدەرخەن.
6. کۆنفرانس، بانگی دەوڵەتی عێراقی فیدڕال دەکات پەیمانی سنووربەزاندن کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق تورکیاوە ئیمزا کرابوو، هەڵوەشێنێتەوە.لە دژی ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە سەر باشوری کوردستان هەڵویست بگرێت. ئاسمانی عێراق لە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا قەدەغە بکات. بۆ وەدەرنانی هێزە سەربازیەکانی تورکیا لەناو سنوری دەوڵەتی عێراق، بە کردەیی هەنگاو بنێت.
7. کۆنفرانس، بانگی کۆمکاری عەرەبی دەکا لە دژی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان هەڵوێست بگرێ و شەرمەزار و ئیدانەی بکات.
8. کۆنفڕانس، بانگی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتیی ئەوروپا و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکات لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان بێدەنگ نەمێنن و هەڵوێست بگرن.
9. کۆنفڕانس، بانگی دۆستانی گەلی کورد و بە گشتی دونیای دیموکراتیک و خاوەن ویژدان دەکات و ڕایدەگەیەنێ هەروەکچۆن لە شەڕەکانی کۆبانی، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانییدا هەڵوێستێکی جوامێرانەتان پیشاندا، بەو هیوایەین کە لەم شەڕەشدا هەڵوێستی خۆیان نپشان بدەن. گەلی کورد پێویستی بە پشتگیریی ئێوەیە.
10. ئێمە داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانمان دەکەین مامەڵەی ئابوری لەگەڵ تورکیا نەکەن، بایکۆتی توریزمی تورکیا بکەن.
11. بە ئامانجی هەماهەنگی کارو تێکۆشان دژی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرداخوازی کۆنفرانس و بە کردارکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس، ژوورێکی قەیران لە ئاستێکی باڵادا درووست ئەکرێت. لەو شوێن و ولاتانەش کە دەرفەت هەبێ، کۆمیتەی چالاک لەژێر چەتری ژووری قەیراندا درووست دەکرێت.
12. ئێمە کەسایەتی و نوێنەران کە لە کۆنفڕانسدا ئامادەین، لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەردەگرین و جارێکی تریش خاوەندارێتی خۆمان بۆ هێزەکانی پاراستنی کوردستان دووبارە دەکەینەوە و ڕایدەگیێنین: پاراستنی دەڤەرەکانی مەتینا، زاپ، و ئاڤاشین پاراستنی هەموو کوردستانە، ئێمە بە هەموو هێز و تواناکانمانەوە خاوەندارێتی لەو بەرگری و بەرخۆدانە دەکەین. هەروەها داوای هەمان ئەم هەڵوێستە لە هەموو پارت، ڕێکخستن، کەسایەتی کوردستانی و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین.
راوێژی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا
15ی گوڵان 2021