(شاعیرێکی کوردی قەفقاس کە گەورەترین داهێنانی لە شیعری کوردیدا ئەنجام داوە، کە لیریکی بەرزی شیعری ئەوروپایی و ئامێزی لەوەسفی سرووشت و دڵداری تێکەڵ بە غەزەلی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتیی کردووە.)
شکۆی حەسەن
1928-1975
شکۆ کوڕی حەسەنی مدۆیە، لە گوندی (جاموشوانی بچووک) لە ناوچەی ئاقبارانی #ئەرمەنستان# لە ساڵی 1928 لە دایک بووە، ماڵی باوکی لە بنەچەدا لە گوندەکانی ناوچەی (#قارس#) لە #کوردستان#ی #عوسمانی# ژیاون. شکۆ لە تەمەنی پێنج ساڵی بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، سۆفی کوڕی حەسەنی مدۆی مامی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە. خوێندنی سەرەتایی بە چوار ساڵ لە گوندی خۆیان تەواوی کردووە. قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی ئەلەکەزی کوردان گەیاندۆتە ئەنجام، لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی لە ساڵی 1948 بووە بە قوتابی زانستگای #یەریڤان# لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسی دا، لە ساڵی 1953 باوەڕنامەی ئەو دەسگا زانستییەی وەرگرتووە..
لە ساڵی 1954 لە گوندی #باگنار# لە ناوچەی #گاگرا# (ئەبخازیای گورجستان) شکۆ بووە بە مامۆستا لە قوتابخانەی ئەو گوندەدا، وانەی زمان و ئەدەبی ئەرمەنی وتۆتەوە تا ساڵی 1957 لەو کارەیدا ماوەتەوە.
لە ساڵی 1959 لە بەشی کوردی ڕادیۆی ئەرمەنستان لە شاری یەریڤان دامەزراوە، کاری نووسینەوە و وەرگێڕان و ئامادەکردنی بەرنامە ئەدەبییەکانی پێ سپێردراوە..
لە ساڵی 1961 لە تاقیکردنەوەی تایبەتیی سەردەکەوێ وەک قوتابی خوێندنی باڵا لە ئەکادیمییەی زانستی ئەرمەنستان وەردەگیرێ. بە مەبەستی تەواو کردنی خوێندن ڕوو دەکاتە شاری سانت پیترسبۆرگ (لینینگرادی ئەوسا) لە ئامۆژگای ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمییەی زانستی، لە بەشی کوردناسیدا دادەمەزرێت.
لە ساڵی 1965 خوێندنی باڵا تەواو دەکات، لەم ماوەیەدا تووشی نەخۆشی گەدە دەبێ، ئازاری زۆر دەچێژێ و بێ ئارامی دەکا، بەەم نەخۆشییەوە لەکار ناکەوێ تا دوایی ژیانی لە ساڵی 1975 کۆچی دوایی کردووە.
شیعری:
خەیاڵی شیعری لەلای شکۆ لە سەردەمی قوتابییەتیدا سەری هەڵداوە.. هەندێ شیعری لە ڕۆژنامەی زانسگای یەریڤان بڵاو کرداوەتەوە...هەروەها ڕۆژنامەی (ڕیاتازە) مەیدانی مەشڤی شکۆ بووە لە شیعر نووسیندا. لە پاشانا شیعرە بڵاوکراوەکان و شیعری تازەی دیکەی لە دیوانی تایبەتیدا بڵاوکردۆتەوە. لەوانە کۆمەڵێک شیعر بە ناوی (قالچیچەک) 1961 و (تەمبوورا کوردا) 1965 و (مەرمێ دڵی کورد) 1970 ی بڵاو کردۆتەوە...بەشێک لەم بەرهەمانەی بە زمانی ڕووسی و گورجی و ئەرمەنی لە لینینگراد و تفلیس و یەریڤان بڵاوکراونەتەوە.
شیعری شکۆ لەسەر کێشی سیلایی خۆماڵی هۆنراوەتەوە، هەموو جۆرە کێشەکانی بەکار هێناوەبەتەواوی و بەکەرت کراوییەوە، لە ڕووی کەمی و زۆری بڕگەکان (تەفعیلەکان) شاعیر دێڕە شیعری زۆر کوورت و زۆر درێژی هەیه، لەم لایەنەوە لە دابەشکردنی ئەو بیرانەی کە دەیانخاتە ناو شیعرەکانیەوە، سەرکەوتوو بووە..بۆ بەڵگە دێرە شیعری هەیە لە دوو بڕگە پێک هاتووە، دێڕی دیکەی بریتییە لە پازدە بڕگە.
شکۆ لە هەموو بابەتەکانی شیعری نوێکردنەوەیدا وشە و زاراوەی فەرهەنگی پێوە دیارە، ئەگەر شاعیرانی دیکەی ئەو وڵاتە نوێکردنەوەیان لە وشە تازە بابەت بێ لە ئەنجامی دامەزراندنی کۆمەڵی سۆسیالیزم، نوێ کردنەوەی شکۆ لە هەموو بەرهەمەکەیەتی بە گشتی واتە بەکارهێنانی ئەو وشانەی ڕۆشنبیر و خوێندەوار دەیکەنە کەرەستە بۆ بیروباوەڕ و بینینێکی لە مێشکێکی تەرکیبیەوە هەڵقوڵاو بێ دوور لە بینینی ڕووکەشی شاعیری میللیی نەخوێندەوار. شاعیر ئەدگاری هەستی نەتەوەیی پاراستووە، بەڵام تێکەڵ بە بینینی هەستی شیعری ڕۆژاوایی کردووە لە ڕێگەی ئەدەبی ڕووسیەوە، تا پلەیێکیش لە ڕێگای ئەدەبی گورجی و ئەرمەنییەوە.
زۆربەی بەرهەمی شیعری دەچێتە ناو بابەتی لیریکەکانی لە ڕووی قەوارەوە ئاسایین، بەزۆری کوورتن و درێژیان کەمە، هەرچی پۆیێمەکانیش بەقەوارە ناوەنجین و درێژیان زۆر نییه، جگە لەمە لەناو شیعری قەفقاسی ڕووسیا بابەتی چوارین بەرچاو ناکەوێ.شکۆی حەسەن یەکێکە لەوانەی ئەم بابەتە گرنگەیان هێناوەتەوە شیعری خۆیانەوە. زیاتر لەپەنجا چوارین لە کۆمەڵە بڵاوکراوەکانی شکۆ دەکەونەوە بەرچاو لەکێشدا ڕەنگاوڕەنگن لە ڕووی کوورتی و درێژی بڕگەدا، کوورتترین درێژە شیعری چوارینەکان چوار بڕگەیه، درێژترینیان پازدە بڕگەیە، لە قافیەدا لاسایی چوارینی شیعری کلاسیکی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کدووە لەسەر سیستێمی (ا ا ب ا) دایمەزراندووە..
ئەوەی بەرهەمی شیعری شکۆ لە شاعیرانی دیکەی ئەو وڵاتە جیا دەکاتەوە ئەوەیە: لیریکی بەرزی شیعری ئەوروپایی ئامێزی لەوەسفی سرووشت و دڵدڵری تێکەڵ بە غەزەلی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی کردووە و بابەتی تازەی هێناوەتە ناوەوە لەگەڵ چێژی مرۆڤی سەردەم دەگونجێت. ئەم داهێنانەی شکۆ ئینقیلابێکی گەورەیە لە ناوەرۆکی شیعری کوردی لە قەفقاسی ڕووسیا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا..
کچە کوردی ڕەخنەگر ئێما باکۆیێڤا لە پێشەکی کۆمەڵە شیعری شکۆی حەسەن (مەرمی دڵی کورد) 1970 دەڵێت (دوشورمیش بوونا شاییر ب شکل و سفەتن. تەبیەت و عەمرێ جەماعەتا مە، سفەتێ میرخاسێ شاییرە لیریکی یێ ڕاست تێنە نتراندنیێ، بەژن و بالا دۆتا کوردایی چەک و ڕحالێ ملەتی یێ، کو ڕاستی مە تێن عەفڕاندنێد شکۆیی حەسەن دا، نە خوەش نە ڕند ددنە شێیرا) . ئەم جۆرە شیعرەی شکۆ لەو کۆمەڵەدا ئاسایی نەبوو، چونکە لە سیعری نووسراو گوێیان بەوە ڕانەهاتبوو بەم جۆرە دڵداری لەگەڵ کچدا ببەسترێ و دەست لە ملی بکرێ.لەبەر ئەوە هەرچەندە ئەوانەی شیعری شکۆیان بە داهێنان لە قەڵەم دابوو زۆریان لەسەر نووسیبوو و ستایشیان کردبوو بەڵام چەند کەسێکیش دەنگی بێزارییان دەربڕیبوو، بێگومان هۆی ئەو بێزارییە زیاتر لەوەوە بووە، ئەوەی شکۆ کردبووی ئەوان پێیان نەکرابوو، ئیتر تووشی گرێی سایکۆلۆجی بوون لە ئەنحامی داهێنانەکەی شکۆ.
شیعری شکۆ لە ڕووی ناوەرۆکەوە لە دەوروبەری ئەم مەبەستانە دەسووڕێتەوە:
1-وەسف و دڵداری: مەبەستێکی تازەیە شاعیر ئەدەبی قەفقاسی ڕووسیای پێ بەرز کردۆتەوە..پەرتووکێکی ڕۆمانتیکی درووستکردووە. وەسفی شیعر و دڵداری و باران و کەژەکان و شەو و ڕۆژ و بەیانی و ئێواران دەکا. ماچی تەنیا لە کچی کوردی ناوێ، لە کچە جوانەکانی قەفقاس و ئەوروپاش داوا دەکا.
2-کوردایەتی:مەسەلەی نیشتمانی کورد کێشەیێکی گەورە بۆ لەناو دڵ و دەروونی شکۆ. وەک مەبەستێکی سەرەکی لە بەرهەمیدا دەکەوێتە بەرچاو، دیاردەی کوردایەتی لە سەرانسەری شیعری شکۆ بەدی دەکرێ، لە هەموو ئەو شیعرانەی بۆ مەبەستی دیکە هونراونەتەوە. لەپێش هەموو شتێکدا کورد و کوردستان وەک زاراوەیێکی مێژوویی و جوگرافی شیعری شکۆی داگیر کردووە. کوردستانی من، کوردستانی دەسووتێ، کوردستانی عەزیز، یادی ڕەمزەکانی کورد دەکاتەوە: فەقێ تەیران، ئەحمەدی خانی، ئەمینی عەبداڵ. ئەلەگەز و جەژنی نەورۆز و زمانی کوردی و دڵداری مەم و زین و گوڵناز و کەلەش و گەلێ دیاردەی دیکە سەرچاوەی داهێنانی شیعری شکۆ بوون.
شاعیر پڕ باوەڕ بوو لە دواڕۆژی ڕووناکی کورد، دەیووت لەبەر ئەوە شیعری بۆ دەڵێم، ئەگەر بمزانیایە ئەو دواڕۆژە -خودا نەخواستە - نایەتە دی شیعرم نەدەوت.
3-نیشتمانی سۆڤێتەکان: شکۆ وەک شاعیرانی دیکە کوردی ئەو وڵاتە بەشێ لە مەبەسەکانی شیعری بۆ دەسەڵات و سۆسیالیزم تەرخان کراوە. جا ئەم شیعرانە بە زۆر سەپێنرابنە سەر شاعیر یا لە ناخی دەروونی ڕاستی خۆی هەڵقوڵاو بن گرنگ نییه. بەشێک لەوبەرهەمانە داهێنانی جوانکارییان تێدا هەیه، بە تایبەتیی ئەوانەی پەیوەندییان بە وەسفی سرووشت و ڕەنگینی شار و جوانی ژنانەوە هەیه. لەم جۆرە شیعرانەیدا یادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و جەژنی کرێکاران و لینین و سوپای سوور دەکاتەوە. لینینگراد وەک شارێکی یەکجار جوان لەسەر ڕووی زەوی، و ئەبخازیا وەک سروششتێکی زۆر جوان لە گورجستان جێگەی بایەخی شاعیر بوون، لەو شار و ناوچانەدا ژیا بوو.
شاعیر لە دوای پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەم لەسەر لەسەر خەباتی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کردۆتەوە لە دژی ئەمپریالیستی ئینگلیزی و ئەمریکی و فەرەنسی، چونکە هەندێ لەو وڵاتە عەرەبییانە دۆستی ڕووسیا بوون.
شکۆی حەسەن یەکێک بوو لەو شاعیرانەی تەعبیریان لە ویست و ئارەزووی کوردی قەفقاسی ڕووسیا دەکرد. بە شیعری جوان و ڕەنگینەوە مێشکیان دەکردنەوە و خەیاڵیان فراوان دەکرد.
شکۆ چوارینەکانی بە شێوازی ڕۆمانتیکی هۆنیوەتەوە، لە هەندێکیاندا هەست بە هەناسەی سیمبولیزم دەکرێ و لە هیی دیکەیاندا گیانی خەیام دەجووڵێتەوە، لە لە چوارینەکانیدا ناویشی دەبا.
لە چوارینێکدا دەڵێ:
ئەز جارەکێ سەر بێکاسێ هەیلۆ چوومە عەرشی عەزمین
ئەحمەد خانی ڕوونیشت بوو سەر پارناسێ مەیی هێشتن
ساز - تەنبوورێ خوە نهێری، کە سەرهاتێ، کرە ئاخین
گۆ، بێژە من، بێی کوردستان کورد دنێدا هەلا دژین؟.
لەم چوارینە جوانەدا شاعیر بە سواری ئەسپی پێگاس دەچێتە عەرشی ئاسمان (کۆزمۆس) ، پێگاس ناوی ئەسپێکە ئیلهام دەدا بە شاعیران لە ئەفسانەی گرێکدا. لەوێ چاوی بە ئەحمەدی خانی دەکەوێ لەسەر شاخی پارناسدانیشتووە، ئەمەش ناوی شاخێکی ئەفسانەیی گرێکە پەرستگای شاعیرانی لێ بووە، ئەحمەدی خانی لەو پەرستگایەدا دانیشتووە، بیر دەکاتەوە سەری سوڕماوە، ، دەپرسێ پێم بڵێن کورد بەبێ کوردستان ماوە؟ خانی باش دەزانێ خاکی کوردستان لە دەست خاوەنی خۆی نییه.
شکۆی حەسەن شاعیرێک بوو شیعری ئەدەبی کوردی لە قەفقاسی ڕووسیا لە چوارچێوەی هونەری ناوچەییەوە گواستییەوە گێتیی شیعری بەرزی لەدواڕۆژدا پێی دەڵێن کلاسیکی. لە قاڵبی شیعری کێش و قافیەی میللی خۆماڵی جۆرە شیعرێکی نوێی درووستکرد بەرانبەر لیریکی نەتەوە پێشکەوتووەکانی وڵاتی ڕووسیای ئەو سەردەمە بوەستێ. لەبەر ئەوە کەوتە بەر نەشتەری ڕەخنەگرانی دواکەوتوو، ئەوانەی گوێیان بەو شیعرەی لەناوە بوو ڕاهاتبوو. بەڵام داهێنانی نوێ مافی ئەوەی تێدا هەبوو لەسەر پێ بوەستێ و شیعری شکۆ بمێنێ و ڕەخنەگرە نەفامەکان ببنە سەد قەل و بەردێ.
لەشیعری (کوردستان د شەوتە) دا دەڵێ:
شەڕە، ، شەڕە لالێ جان
د شەو تە کوردستان
ژ ناڤ مژا بارووتێ
دەنگی شین و گری تێ
.........
نالینی کال تفالا
تێ ژ چیا ئو نەو الا
قیژینا قیز، داییکا
کە تییە مێشێ واویکا
..........
قورینا شێر عەفاتا
مینانی شوور ئو بالتا
ئو زولفەقار و خەنجەر
قوتکر دژمن دل -جگەر
.......
شەرە، ، شەرە، لالێ جان
د شەوتە کوردستان
ژ ناف مژا بارووتێ
دەنگی شین و گری تێ.
ئامادەکردنی: #ڕاپەر عوسمان عوزێری#
سەرچاوە:
1-مامۆستا جەمیلی مەلا قەرە
2-ڕادیۆی کوردی یەریڤان
3-د. مارف خەزنەدار [1]