ناوی تەواو عائیشە ڕەسوڵ ئیبراهیم.
ژنێکی ناودار و خەباتگێڕی کوردستان بوو، ئەو خەباتی نیشتمانی و ژنانی ئاوێزانی یەک کرد و هەموو ژیانی خۆی بەو خەباتە ئاوێتەیە بەخشی و شوێن پەنجەی دیارە و وەک سیمبولێکی بەرزی تێکۆشان لەدەرگایەکی گەورەوە چووە نێو مێژووی نوێی کوردستانەوە.
ئەو بەهێمنی و بێدەنگی و دوور لە ڕۆشنایی میدیا و خۆدەرخستن خزمەتی کرد، کەم دوا و کاری زۆری کرد.
عائیشە ڕەسوڵ ئیبراهیم، ساڵی 1946 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە.
لەئامێزی خانەوادەیەکی ناسراوو کوردپەروەر گۆش و پەروەردە بوو.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکرد. ئیدی لەخوێندن دابڕا و وەک کچی گەورەی ماڵ خۆی بۆ کاروباری ماڵ و خزمەتکردنی خانەوادەکەی تەرخانکرد.
عائیشە هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە، هەستی بەئازار و چەوسانەوەی گەلەکەی کرد.هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لەدەروازەیەکەوە خزمەتی گەلو نیشتمانەکەی بکات. ئیدی لە ڕێی بەهییە مەعرووف و ئەنجوم زوهدییەوە، دەرگای تێکۆشانی بۆ واڵا بوو. ساڵی 1959 لە ڕێی ئەو دوو ژنە ناودارەوە، پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە کرد، هەردوو خەباتی سیاسی و پیشەیی ئاوێزانی یەک کرد و لەهەردوو بوارەکەدا کەوتە تێکۆشانێکی سەختەوە، ماڵەکەیان بووە مەڵبەندی تیکۆشانی فەرهەنگی و سیاسی و پیشەیی، لەو ناوەندەدا عائیشە ڕۆڵی دیاری لەسەر هەموو ئەو ئاستانە بینی و خۆی و هاوڕێکانی توانیان بازنەی پەیوەندییەکان فراوان و پێگەی جەماوەری بەهێز بکەن. بەکار و چالاکییەکانیان ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە ژنان هاوشانی پیاوان، دەتوانن ڕۆڵی شایستە و پێشەنگ بگێڕن.
ئەو لە کاری ڕێکخراوەیی نهێنی بەردەوام بوو تا ساڵی 1974، ئیدی لەو ساڵەدا لەگەڵ ژنانی هاوڕێی چووە شاخ و وەک پێشمەرگە بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کرد و بەدڵسۆزی ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ کرد.
دوای شکستی شۆڕش لە ساڵی 1975، عائیشە گەڕایەوە شاری سلێمانی. ئیدی لە دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان، پەیوەندی بەرێکخستنە نهێنییەکانی ئەو حزبەوە کردووە و لە خەباتی نهێنیدا ڕۆڵی دیاری خۆی بینی و تا ڕاپەڕینی ئازاری 1991 لەکایەی خەبات بەردەوام بوو.
دوای ڕاپەڕین قۆناغێکی نوێی خەباتی ئاشکرای مەدەنی و جەماوەری دەستی پێ کرد، ئەو لە هەردوو مەیدانی خەباتی حزبی و پیشەیی خزمەتی کرد. لەسەر هەردوو ئاست پێشکەوت، لەئاستی حزبی بووە ئەندامی کۆمیتە و لە ژیانی پیشەییش بەهەڵبژاردن بووە بەئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی ژنانی کوردستان، ئەو لەهەردوو کایەدا بایەخی بەبەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ئەندامان و بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هاوکاری هەژاران و خوێندکاران و ژنان دا و بەهێمنی و بێدەنگی خزمەتێکی زۆری پێشکەش کرد و پەیوەندییەکی بەرینی جەماوەری درووستکرد.
پاش زیاتر لەنیو سەدە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و فەرهەنگی و پیشەیی، ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 2019، عائیشە ڕەسوڵ خەباتگێڕی ناودار، بۆ دوا جار چاوەکانی لێکنا و چووە ڕیزی سەروەرانی نیشتمانەوە و لە گۆرٍستانی (شێخ فەتاح) ی شاری سلێمانی لەرێوڕەسمێکی میللی و ڕەسمیدا بەخاک سپێردرا.
دروودی ڕێز و وەفا و ئەمەکداری بۆ گیان پاکی عائیشە ڕەسوڵ، ئەو ژنەی هەموو ژیانی خۆی بۆ خەباتی نیشتمانی و پیشە یی تەرخانکرد و بەهێمن و بێدەنگی خزمەتێکی زۆری کرد و مێژوویەکی جوانی پڕ شانازی تۆمار کرد.[1]