لە ساڵی 1960 لە شاری #سلێمانی#، لە گەڕەکی سەرچیمەن لە خانەوادەیەکی ناسراو هاتۆتە دنیاوە.
هەر لە منداڵییەوە، زیرەکی و وریایی لە ڕادەبەدەری تێدا بەدیکراوە، لە خوێندندا لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی دا زۆر سەرکەوتوو بووە، هەموو پلەکانی بە باشی بڕیووە، تەنانەت لە قۆناغی ئامادەییدا زۆر چالاک بووە، لە هەموو بوارەکانی شانۆ، ئەدەب، ڕۆشنبیری و وتارداندا (خطابە) و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، چەندین خەڵاتی بردۆتەوە، بۆیە تووشی کێچەڵ و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس و ئەمنی سلێمانی و یەکێتیی قوتابییانی کارتۆنی دەبۆوە، تەنانەت جارێکیان چەند چەتەوڵێکی حیزبی بەعس بردوویانەتە قەراغ شار و لوولەی تفەنگیان تێکردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە، ئەگەر بێدەنگ نابێت و بەردەوام بێت لەسەر ئەم ڕەفتارانەی دەیکوژن و کەسیش پێی نازانێت، بەڵام سەیر لەوەدا دەبێت، ئەو کەسەی هەڕەشەی لێ دەکات، پاش یەک هەفتە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە، بە سزای گەل دەگەیەنرێت، هەرچەندە بەیاد بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم نهێنییە نابێت و سەری لەم کارە سوڕدەمێنێت، بەشێوەیەک ترسێکی زۆر بۆ خۆیی و خانەوادەکەی درووست دەبێت، وای لێ دێت ماوەیەک نەچێتەوە بۆ خوێندن.
لە زانکۆش لە قۆناغی سێیەمی کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی سەڵاحەدین، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە واز لە خوێندن دەهێنێت.
بەیاد ڕۆژنامەنووسێکی گەنج و چالاک بووە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، بە ڕۆنیۆ چەندین ژمارەی گۆڤار تریفەی بڵاودەکەنەوە، کە گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری سەنگین بوو.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و پاش دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان، ئەو لەگەڵ هاوڕێکانییدا یەکێک بووە لە بێژەرە سەرەتاییەکانی ئەم تەلەفیزیۆنە و ڕۆڵێکی گرنگ و سەرکی بینیووە لە سەرکەوتن و بەروەپێشەوچوونی بەرنامەکانییدا و تەناتەت لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی 1992 دا.
بەیاد یەکەم کەس بووە، کە پەڕتووکێکی لەسەر مامۆستا نەجمەدین مەلا نووسیووە بە ناونیشانی (بۆتان دەگێڕمەوە) لە ساڵی 1979 دا، هەروەها پەڕتووکێکی دیکە لەسەر گەشەکردنی قۆناغی کۆمەڵ 1986 نووسیووە، مامۆستا ڕەئووف حەسەن پێشەکی بۆ نووسیووە، هەروەها سەرجەمی بەرهەمەکانی شاعیر ع. بەسۆزی لە دووتۆیی پەڕتووکێکدا دوای ڕاپەڕین بڵاوکردۆتەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کردووە.
دوا کاری ڕۆژنامەنووسیشی ئەندامی بنکەی گەلاوێژ بووە و سکرتێری نووسیی گۆڤاری گەلاوێژی نوێ بووە.
بەیاد عەبدولقادر لەگەڵ هونەرمەند خالید ڕەسوڵ و چەند برادەرێکی نووسەر و شاعیری دیکەیدا، لە کۆتایی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەیان بەرنامەی ڤیدیۆیی، بۆ نووسەران و شانۆکاران تۆمارکردووە.
بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە ئەم کەسایەتییە بە توانا و چالاکە لە تەمەنێکی زۆر گەنجییەوە تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە و لە ماڵەوە بەئازارەوە دەتلایەوە تا ڕۆژی 09-06-2021 لە تەمەنی 61 ساڵی کۆچی دوایی کرد.[1]
وێنەکان لە ئەرشیفی هونەرمەند خالید ڕەسوڵ و هونەرمەند هیوا عەبدوڵڵا وەرگیراوە.