سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی چیای مەتینا لە باشووری کوردستان، هەوالەکان ڕووداوێکی غەمگین و نەخوازراویان ڕاگەیاند. لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کۆمەڵێک پێشمەرگە گیایان لەدەست داوەو ژمارەکی دیکەش بریندار بوون. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، گەلی کوردستان و دۆستانی گەلەمان بەو هەواڵە خەمبار بوون.
زیاتر لە 40 ڕۆژە لە شاخی مەتینا و ناوچەکانی دوروبەری، شەڕێکی سەخت لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی #هەپەگە#دا بەردەوامە. ئامانجی دەوڵەتی تورکیاو ئەنجامەکانی ئەو شەڕە ئاشکران. سوپای تورکیا، خەڵکی ناوچەکەو دێ و دێهات و ژینگەی ناوچەکەشی کردۆتە ئامانجی شەڕەکەی خۆی و لەهەوڵی ئەوەدایە هەموو ناوچەکە داگیر بکات. هەتا ئێستا 22 گوندی کورد و کلدانیان چۆڵکراون. زەوی و باخەکانی خەڵک و دارستانی ناوچەکە سوتێنراون. زیاتر لە 1500 کەسی خەڵکی ئەو گوندانە ئاوارە بوون.
سەرۆکی تورکیا 2 ڕۆژ پێش ئێستا لە تەلەفزیۆن و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە وتی کەمپی مەخموریش پاکتاو ئەکەین. لەو کەمپەدا زیاتر لە 13000 ژن و منداڵ و پەساڵاجوو هەن کە لەبەر زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورکیا ئاوارە و پەنابەر بوون. لە دۆخێکی ئاوادا پێویست بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی لەدژی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی کە تورکیا پەیڕەوی ئەکات، هەیە.
ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی گەریلا بۆ هەر مەبەستێک بێت، بە بێ ئاگاداری و دیالۆگ لەگەڵ هەپەگە، جێگای پرسیارە. ئامانج و دۆخی ڕووداوەکەش هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، کێ تاوانبار بێت و کێ لەسەر هەقە و کێ ناهەقە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە هەڵوەستە بکرێت. بەڵام ئەرکی هەر گرنگ و بە پەلە ئەوەیە ڕێگە نەدرێت کێشەکە گەورەتر بکرێت و ببێتە هۆکاری شەڕێکی ناوخۆیی. گەلی کوردستان و دۆستانی کورد بە هەستیارییەوە لە دۆخەکە ئەڕوانن. پێویستە بە هەموو شێوازێک هەوڵ بدەین گرژیەکان گەورەتر نەبن. فراوانبوونی ڕووداوەکە دڵی خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزەکەی ئەسووتێنێ و دڵی نەیارانی خۆش ئەکات.
پێویستە هەموو کێشەو ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردستانییەکان لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەربکرێن. بۆ ئەو مەبەستەش، نزیکەی ساڵێکە ئێمە لە هەوڵی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆییداین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتیی کوردستانیی، کۆمیتەیەکی دیالۆگی ناوخۆییان پێکهێناو کەوتنە هەوڵدان و هەتا ئێستاش بەردەوامن.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەردوو لایەن ئەکەین کە کێشەکە بە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر بکەن. هەروەها داوا لە هەموو هێز و کەسایەتییە کوردستانییەکان ئەکەین لەو بوارەدا بە هەڵوێست بن و ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو کۆمەڵە پێشمەرگەیە، سەرەخۆشی لەگەلی کوردستان و خانەوادە بەڕیزەکانیان ئەکات. هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ برینداران ئەخوازێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک
05.06.2021 برۆکسل