هەروەک ئاگادارن نزیکەی پەنجا ڕۆژە دەوڵەتی تورکیا دەستی بە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان کردووە. خەڵکی دەربەدەر دەکات و دێ و دێهات و کێڵگەو باخ دەسووتێنێت و تاڵانیی دەکات. هێرش دەکاتە سەر پەنابەرانی کامپی مەخمور و خەڵکی بێتاوان دەکوژێت. خەڵکی ناوچەکەو گەلێک ڕێکخراو بانگەواز دەکەن کە گەلی کوردستان و دۆستانی کورد لەدژی ئەو پێشێلکارییانە خاوەن هەڵوێست بن و خاوەندارێتی لە خەڵکی ناوچەکەو بەرگریکاران بکەن.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە، گەلی کوردستان و دۆستانی کورد کەوتنە هەوڵدان و گەڕان بەدوای چارەسەریدا. یەکێک لەو ڕێبازانەی کە بۆ خاوەندارێتی لە خەلک و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی هێرشەکانی توکیا گرتیانەبەر، ژمارەیەک دۆست چوون بۆ باشووری کوردستان. ئامانجی سەردانی ئەو دۆستانە پشتگیریی خەڵکی کوردستانە و بۆ چاوپێکەوتن و ئاشتی و دیالۆگە.
بەڵام بەداخەوە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی #هەولێر# ئاستەنگی دەخەنە بەردەم ئەو دۆستانەو ناهێڵن کارەکانی خۆیان بکەن. بە ناوی #وەزارەتی ناوخۆ#ی هەرێمی کوردستانەوە بەیاننامە دەردەکەن و هەولەکانی ئەو دۆستانە چەواشە دەکەن و بە دژایەتی ئاسایشی هەرێم ناوزەدیان دەکەن. ئەو بەیاننامەو پرۆپاگەندانە دوورن لە ڕاستتیەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاند نین. ئەو قسانە بەهیچ جۆرێک ڕاست نین. ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە.
ئەوان دۆستی گەلی کوردن. خۆیان و هاوڕێکانیان لە بەرگریی کۆبانێ و شەڕی #عەفرین# و #گرێ سپی# و سەرێ کانی و شەنگاڵ و زۆر شوێنی دی، شانبەشانی بەرگریکاران تیکۆشاون و قوربانییان داوە. ئەوان بە شێوازێکی ئەرێنی کوردیان بە جیهان ناساند و وەک دیپلۆماتکاری کورد خەباتیان کردووە. ئێستاش هەر بەو نیازەو هەڵوێستەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە. ئەوان میوانی ئازیزی کوردستانن. پێویستە ئێمە میوانپەروەریی خۆمان پیشانی ئەوان بدەین، پێویستە وەک میوان پێشوازیی بکرێن و باوەشی ڕێزیان بۆ بکرێتەوە.
لەو بارەیەوە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی هەولێر دەکەین، کە ئاستەنگی نەخەنە بەردەم کارەکانی ئەوان. وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.
هەروەها بانگەوازی هەموو پارت و ڕێخراوەکان و گەلی باشووری کوردستان دەکەین، میواندارێتی ئەو دۆستان بکەن و خاوەندارێتییان لێبکەن. پێویستە ئێمە هەموومان و لەگەڵ دۆستەکانیشماندا، لەدژی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست پیشانبدەین و پشتگیریی لە بەرگریکارانی گەلەکەمان بکەین.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
13.06.2021