مەحەتەی قیتار(شەمەندەفەری)هەولێرێ..
(کۆتایی شێستەکان)
نزیکەی حەفتا ساڵ بەرلەئێستا ئەو شارە قیتاری تێدابووە.
ساحەی تۆپانێی مەحەتەی لەپشت فلکەی بەتەمای خوای هەوکە یان شێخی چۆلی بوو.
خوارێ لۆ دەو بەستە پیسەکەی پشت مزگەفتی شێخی چۆلی دوو حەسار و سێ چار خانی لێبوو هی ماڵی شێخ محێدینی گەڕەکی عارەبان بوو.
حەسارەکەی خوارێ هەموو ماڵەعارەب بوون. ژنەکانیان ڕەفتەی ڕەشی قەدیفەی بەڕیشووەیان بەتیلاگێکی خوار لە سەری دەبەستا بەوێنەی کوردەواری کەوێیان لەبەر بوو. پیاوەکانیان زیاتر شورتەی لاخەبەر بوون تازە تڤەنگی سەمینۆفیان وەرگرتبوو.
پشتەوان جسرەکی لێبوو لەجێی مەتعەم واشنەنتۆنی بەرامبەر فلکەی بەتەمای خوای. پارکی منارەی کەندەڵانێکی ڕکی بڵند بوو لەسەرەوە ڕێیەکی لێ بوو لۆلای ماڵە عارەباکانی سایلۆی دەچوو شیری گامێشیان هەبوو.
ساحەکەی ناو مەحەتە و مەحەتەش بەخۆی لەسەر جادەیڕا سیم کرابوو لەبەرامبەر ڕێست هاوسی ئەویش بەرامبەر فڕنی سەموونی ئیعاشەی هەتا دەگەیشتە نێزیک غاباتی کورانی.
لەدوو سێ جێیان دڕا بوو لێوەی دەچووینە ژۆرێ. ساحەکە دوو گۆلی ئاسنی بەشیش و تۆڕی لێبوو بەردەوام تۆپانێی لێ دەکرا. عاردەکەی بواران یەک پارچە دەبووە گوڵە حاجیلە. بەردەوام منداڵ بنیشتی ئەبوسامیان دەگێڕا(ابو سهم).
لەسەرەوەی ساحەکە تانکی ئاوی قیتارەکەی لێبوو، ئێستا ناو پارکی شانەدەرە. ڕێڕەوی سکەکان دوو سێ ڕێی ئاسنی یەکتر بڕ بوو دەچوو ناو هۆڵێکی گەورە.
هەموو چێشتەنگاوەک قیتارەکە بەدەنگی سافیرە خۆشە لە بولبول چووەکەی چەند جارێک دەیجریواند و لۆ بەئاگا هاتنەوەی خەڵک لەسەر سکەکە لابچن و موژدە گەیشتنی شەمەندەفەرەکەش بوو.
پشت قاعەکەی سێ چار تانکی زۆر گەورەی دەبی نەفت و بەنزین بی لەسەر عاردی چەسپ کرابوون سکەی قیتارەکەیان لۆچووبوو لەوێ فارغۆنی تانکیەکان بەتاڵ دەکران.
فارغۆنی داریشی هەبوو زیاتر هێستری تێدا بوو هی سریەی نەقلی جەبەلی مەعەسکەری بوو.
فارغۆنی فلاتی دوور و درێژیشی هەبوو باری هەموو شتێکی لێ دەنرا و هەندێک جار تۆپ و مودەڕەعەشی پێ دەهاتە هەولێرێ. فارغۆنی گواستنەوەی نەفەریشی هەبوو.
کەقیتارکە لە سەرەوەی ئێستای گەڕەکی مەنتکاوەی دەگەیشتە جادەی کەرکووکێ شورتی شارعەکی لێبوو لەو چۆڵەوانیەی سەیارەکانی بەئیشارەی پلێتێکی دەستی ڕەنگ شین و سۆر ڕادەگرت هەتا قیتارە قورسەکە دوای ئەوەی عاردی دەهەژاندەوە و دەنگی مەکینە گەورەکەی پێشەوە تێدەپەڕی ئەوجا بەس گوێت لەدەنگی تێپەڕینی لێکخشانی تایە ئاسنەکانی فارغۆنە دوور و درێژە تەواو نەبوەەکان دەبوو.
دوایێ سکەکە لەسەر گرد یان کۆسپەکی دوور و درێژ بەناوەڕاستی گەڕەکی ئازادی تێدەپەڕی بەردەوام هۆڕنەکەی لێدەدا و دەنگی چکە چکی تایەکانی دەهات. ئەو دەم موسافیرەکان لەپەنجەرەی فارگۆن و دەرگەکان سەریان دەردەهینا لەخەڵکی ڕادەمان.
بەپشتەوەی مەلعەب و پێش مزگەفتی گەورەی ئازادی دا تێدەپەڕی و بەناو پارکی شانەدەری ئێستا و دەگەیشتەوە مەحەتەی. سەیرەکە ئەوە بوو لەبەردەوامی دووبارە بوونەوەی ئەو دیاردەی گەیشتن و ڕۆیشتنی لای خەڵک زۆر ئاسایی بوو. کەس لەو دەمەی هەتا منداڵیش نەدەهاتە سەر سکەکەی. پێناچێت هیچ ڕووداوێک ڕووی دابێ جگە لەیەک ڕووداوی کوژانەوەی تڕومبێلێک بە ڕێکەوت لەکاتی هاتنی قیتارەکە لە ڕێی کەرکووکێ.
کەدەگەیشتە مەحەتەی.
کرێکارەکان جەگی گۆڕینی سکەکانیان ئاڕاستە دەکرد بۆ ئەو شوێنەی مەبەستیان بوو قیتارەکەی بۆ ببەنە بەر تانکی ئاوەکەی یان هۆڵی چاکردنەوەی و یان بەڕێ کردنی.
عەمەلەی سکەی بەدلەی شینیان لەبەردابوو زۆر جارانیش لەسەر سکەی لەناو گالیسکەیەک دەبینران یەکێکیان پاڵی دەداو دووان و سێیانیشیان لەناوی دادەنیشتن لەکاتی چاودێری و تووند کردنەوەی بورغی و پشکنینی تەختە دارە لاکێشەکانی بەینی سکەکان و زۆر زاراوەی ئینگلیزیان بەکار دێنا لەقسەکانیان.
منداڵی چەتوونیش پارەی پێنج فلووسی ئاسنیان دەخستە سەر سکەکە و قورسایی لێخشابدنی تایە قورسە ئاسنەکانی پان پانیان دەکردەوە
جوانتری دیمەنی گەیشتنی قیتارەکەش ئەو دەمەی بوو.
لەزستانێکی ساردی پڕ بارانی بەر دڵۆپە ئاوە ڕوونەکانی هەولێرێ.
کە ئاسمان هەمووی تەم بوو، فەرشی تەختی زەوی ئەو ناوە هەموو سەوزایی و گوڵە حاجیلە و کنێر و کولیکە نیسان و دڕکە سەعات لاولاوی پەمەیی و سپی بوو. لەدەمی وەستانی یان هێور بوونەوەی هەڵمێکی سپی سپی لەهەور چووی خەستی لە بن تانکی پێشەوەی قیتارەکە دەپڕژاندە عاردەکە بۆ کەم کردنەوەی پەستانی تانکیەکە و دووکەڵە ڕەشە قەترانیەکەی دوکەل کێشەکەی سەرەوەش کەلە ئەنجامی سووتانی خەڵوزە بەردیەکە بەرز دەبۆوە. ئەو دەمە دەبووە تابلۆیەک کەهەلمە سپیەکە تێکهەلکێش و دەست لەملانێی دوکەڵە ڕەشەکە دەبوو لۆ عاسمانێ بەرز دەبوونەوە. لەدەمی مامۆستا موحەمەد ئەحمەد ئەربیلی دوو گۆرانی خۆش هەبوون لەتەک هەلهەلە وێرم زۆر جاران ژن دیانگۆتەوە. لەسەر نەزمی...
(عالادلعۆنە عالادلعۆنە
قەمارەک وا دێ شینی عاسمانیە
کاکمی تێدایە سێی سانەویە)!
لۆ قیتارەکەش هەبوە. قیتارەک وا دێ....
لەبۆشاری سلێمانی قەت ئەو قیتارەی پێڕانەگەیشت بەوێنەی خەستەخانەی مەدینە طوبی صەدامی تابووە توانجی سەرزمانی خەڵک لە دەمی دواکەوتن و نەگەیشتی کەس و خۆشەویستەکانیان دەیانووت بوویە قیتارەکەی سلێمانی![1]
یوسف، هەولێر
2021/3/11