ئامادەکار: #کاوە فەقێ زادە#
پێدا چوونەوە بەسەر کولتووری زارەکی فۆلکلۆر و مۆسیقای نەتەوەیی لە کوردستان
کولتووری زارەکی کە وەک دەستەواژەی فۆلکلۆر (folklore) ئاوازەی دەرکردووە؛ لە ڕاستیدا هەنبانەیەکە لە سوننەت، کولتوور، باوەڕ و گشت داب و نەریتەکان، بەسەرهات و
چیرۆک، ئاواز و مەتەڵۆکە، هەروەها پەندگەلێکن کە لەناو کۆمەڵێک لە خەڵک
یان نەتەوەیەک و یا خود تۆرەمەیەک کە لە ڕابردووە تاکوو ئێستا باو بوونە و لەگەڵ ڕوانگەی سایکۆلۆژیکاڵەوە بەزۆری لەلایەن بەشی مامناوەندی یان خوارووتری کۆمەڵگا پارێزراوە و ڕاگوێزراوە.
لە تایبەتمەندییەکانی گرینگی کولتووری زارەکی، دەکرێ ئاماژە بکەینە سەر ڕاگوێستنی زارەکی ئەم کولتوورە و هەروەها پاراستنی شێوە سەرەتایییەکەیان. مۆسیقای فۆلکلۆر دەستەواژەیەکە کە هەڵگری گۆرانی و هەوا و هەڵپەڕکێی ڕەمەکییانەیە. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان (folksongs) هەوا و ئاوازگەلێکن کە لەناو خەڵک دا بڕەویان هەیە و لە دەکارکردنی سروشتی نەست و وزەکانی ناوەکی نەستەوە سەرچاوە دەگرێ. پێکهێنەرانی ئەم هونەرە بەزۆری نەناسیاو بوون و بە شێوەی زارەکی و سینگ بە سینگ ڕاگوێزراوە.
بۆ وتنی ئەم شێوە مۆسیقایە پێویست بە هاوڕێیەتی نییە و بەشێوەی هەوا و گۆرانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی هەر وڵاتێک دەست دەکەوێ. بە ڕووکردنی خەڵک بۆ ناو شارەکان و پێشکەوتنی شار و ئاوایییەکان، ئاوازە زارەکییەکان ڕێچکەیان بەست بۆ ناو دڵی شار و لە ناو شارەکان دا بڕەویان بەدەست هێنا. لە سەدەی 19ی زایینی و سەرەتای سەدەی 20، تاسەی ئەوەیکە بە ڕەوتی ژیانی مۆدێڕن، داب و نەریتی ڕابردوو تۆزی فەرامۆشی بگرن، ئەو ڕامانە بەدیکرا کە کۆمەڵێک لە هۆگران و دڵسۆزان، ئاسەوارە فۆلکلۆرییەکان کۆ بکەنەوە؛ هەر لەسەر ئەم هەڵوێستە ئاڕشیوێکی ڕازاوە لەم گۆرانی و هەوا فۆلکلۆرییانە کۆ کرایەوە.
زۆربەی مۆسیقارە ناودارەکانی جیهان لە بەرهەمەکانیان دا کەڵکیان لە ئاوازە فۆلکلۆرییەکان بینیوە؛ لەوانە هایدێن، گریک، دۆرژاک، چایکۆڤسکی، بارتوک و... لە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سەردەمانێکە ئاوازە فۆلکلۆرییەکان بوونەتە جێی سەرنجی هەندێ ئاوازدانەر و وەک پێخۆری زۆربەی بەرهەمەکانیان کەڵکیان
لێ وەرگرتوون. لە مۆسیقارە ئێرانییەکان دەکرێ ئاماژە بکەینە سەر حوسێن ناسیحی، ئەبولحەسەنی سەبا، مورتەزا حەنانە، حوسێن د ێهلەوی و ئیرەج سەهبایی؛ هەروەها لە مۆسیقای کوردیدا حەسەن و حوسێن یوسف زەمانی، هوشەنگ کامکار، موجتەبا میرزادە و... جێی باسە کە کوردستان یەکێک لە ناوچە هەرە گرینگ و داراکانی بەستێنی مۆسیقای فۆلکلۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مۆسیقای کوردی وەرگیراوە لە کەلەپوور و داب و نەریتی نەتەوەی کورد لە ڕەوتی مێژوودا، کە لە کۆنەوە سینگ بە سینگ گەیشتۆتە دەستی ئێمە و بە وێنەی خەزێنەیەکی بەنرخ لەناو دڵی ئەو نەتەوەیەدا پارێزراوە و تاکوو سەردەمی ئێستا ڕەچەڵەکی خۆی پاراستووە. مۆسیقای کوردی وەک ڕشتەمورواریدێک وایە کە دەسکەوتی هەوڵ و تەقەلای هونەرمەندانی بیرمەند و خاوەن هەستە. وا باشە لەم بارەیەوە ئاماژە بکرێتە سەر (گزنفون) مێژوونووسی یوونانی، ئەو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە لە سەردەمی هەخامەنیشییەکان دا ئەوە دەنگی مۆسیقای ڕەزمی کوردان بوو کە ترسی خستە ناو دڵی یوونانییەکان؛ ئەوە سروودەکانی کورد و زەبری دوو دەهۆڵەی کورد بوو لە ساڵی 401ی پێش زایین گوێی دوژمنانی کەڕ کرد و ئەوسا لەم وڵاتە ڕایان کرد. ئێمە بۆ هەست پێکردنی شایانتری مۆسیقای کوردی پێویستیمان بە ناسینی ئەو خەزێنەیە هەیە، تاکوو لەم ڕۆچنەیەوە ڕاستییەکانی نەتەوەیی و کولتووری کورد بناسین و بیناسێنین.
فۆرم و حاڵەتە فەرهەنگییە تایبەتەکانی مۆسیقای کوردی [1]