سکرتێرە 25
گۆتم : مەغدور نابی ؟ گۆتی : ناوەڵلا ! گۆتم : باشە ئەتوو چ لە ڕاوێژکاری دەزانی ؟ گۆتی : لۆ چما ڕاوێژکاری چیە، لەمارێ لێ پاردەدەمەوەو سەرەمانگان دێم معاشەکەی وەردەگرم، ئەمن دەزانم نەدەوام کردنی تێداو نە ڕاوێژکردن ! گۆتم : کوو دەزانی ؟ گۆتی : وەڵلا ئەو ئێکەک هەیە زوو زوو دێتە مەیدانی کۆترو بولبولان، دەکڕی و دەفرۆشی، ڕۆژەکی گۆتم : ئەرێ ئەتوو کارو کاسبیت چیە ؟ گۆتی : وەڵلا ڕاوێژکارم، گۆتم : ئەدی نابینم دەوام بکەی ؟ گۆتی : دەوامم نیە، بەس سەرەمانگان دەچم معاشەکەی وەردەگرم و تەواو، ئەوجە لەهەمووی عەنتیکەتر، لەمن کۆلەوار تربوو، بڕوات هەبی عەین و عای (حای) لێک نەدەکردەوە ! گۆتم : جەعۆ تڕومبێلەکەی باژۆ بابڕۆین، ماخران ئەتوو هەند سەی دەرەقەتت نایێم..!
جەعۆ سلفی لێداو گێمان لەگریان و هات و هاوارەکی زۆر بوو لەناو خەستەخانەی، گۆتم : تڕومبێلەکەی بکوژێنەوەو وەرە خوارێ بابچینە ژۆرێ، دەترسێم مام عەوڵا شتەکی لێهاتبی ! هاتینە خوارێ و غارماندا لۆ ناو خەستەخانەی، چووینە ژۆرێ و دیتمان خەرک تێک قژقژایەو دەرزیت فڕێ دابا عاسمانێ نەدەکەتە عاردی ! نێزیک بووینەوەو دیتمان جەماعەتی خۆمان نینە، گۆتم : خوایە شوکر مام عەوڵا سەلامەتە..! دیقەتم دا زەلامەک زۆر بەتووندی قسەی دەکردو دەیگۆ : بابە نیتمان وەڵلا نیتمان بیللا نیتمان، ئاخر ئەمە دەفتەرەکی لەکێ بینین ! کارمەندەکەش دەیگۆ وەڵلا نەینن مەیتەکەتان نادەینەوە، ئەوجە کەیفی خۆتانە..!
لەوەی تێگەیشتم خەستەخانە داوای دەفتەرەکی لە خاوەن مردی دەکەن حەقی مەسرەفی چەند ڕۆژەی کە چارەسەریان کردیە، ئەوانیش دەیانگۆ نیمانەو لەکێ بینین..! ئەوانیش دەیانگۆ دەنا مەیتەکەتان نادەینەوە، وەلحاسلی نەگەیشتنە هیچ و ئان ئاخیری خزم و کەسی نەخۆشەکەی گۆتیان : بابە مەیتەکەمان ناوێتەوەو لۆ خۆتان بی، وەڵلا وەبیللا چاوتان بەفلوسەکی ناکەوی، چەند ڕۆژە هەشتا وەرەقەتان لەمە ستاندیە، هەونکەش دەفتەرەکتان دەوێ..!
قۆری جەعۆم گرت و گۆتم : وەرە بابڕۆین، جەعۆ هات و هەردووکمان سەرو درمان گیرابوو، سواری تڕومبێلی بووین، جەعۆ سەری بەسوکانی کردو گۆتی : خوایە گیان، ئەوە چ وەزعەکە ئەمە تێیکەتینە، ئەو وراتە لۆ ئەوهای لێهات، بنیادەم لۆ ئەوها بێقیمەت بوو، ئەو مەسوولانە لۆ ئەوها گۆڕان، خۆ ئەمە وەختی خۆی سوندمان بەسەریان دەخواردو خواخوامان بوو ڕسمەکیان لەگەر بگرین، ئێستا لۆ هەموو بوونە تاجیرو دزو گەندەڵ، ئای ژیان چەند قورس بووی، کوو ئەمن وەختی خۆی بەگێی قووشەی برادەرم نەکرد ! گۆتم : قووشەی برادەرت کێیە ؟ گۆتی : پێکەوە کۆتر بازبووین، وەختەکی هەرچی هەیبوو فرۆشتی و گۆتیە من : جەعۆ وەرە با بڕۆین ! گۆتم : کورە دەبڕۆ ئەمن کوو ئەو کوردستانەی بەجێ دێلم، قووشە هەتا جرت گرتی لۆی لێدام و گۆتی : ڕۆژەک دادێ لۆت بەدەردەکەوی زۆر کەری، نەک هەر کەری لەکەرێش کەرتری..! گۆتم : ئەوجە لۆت بەدەرکەت جەعۆ ؟ گۆتی : دەزانی کەنگی لۆم بەدەرکەت ؟ گۆتم : کەنگی ؟ گۆتی : پاشی ڕۆیشتنی قووشەی بە دووسێ ساری، ڕۆژەکی سێ چار چەکدار هاتنە مەیدانی کۆتران، سەلامیان کردو گۆتیان : ئەمە حیمایەی فران مەسوولینە، لەگەرمان وەرە دەچینە مەزرەعەکەی، عەزی لێیە کۆترو بولبولەکی زۆر بکڕی و لۆ جوانی لە مەزرەعەکەی دایبنێ، ئەوجە وەرە بزانە چیدەوێ لۆی تەرتیبکە، وڵلا ئەمنیش درم خۆشبوو، گۆتم : چشتەکی باشەو ئەمنیش خێرەکی لێدەبینم، هەستام وەگەریان کەتم و مەزرەعە خۆت بگرە واهاتم..
گەیشتینە مەزرەعەی، وەکی چووم مەسوولەکە لەگەر دوو سێ کیژان مەلەوانی دەکرد، لەناو ئاوێ جارەک خۆی بەو کیژی دادەداو جارەکی دی بەویدی، وەلحاسر ئەمنیان دانیشاندو شەربەتەکیان لۆ هینام، هەتا مەسوولەکە هاتە دەرێ، خاولیەکی لەخۆ لوول داو لەسەر کورسیەکی درێژ پاری داوە، کیژەکانیش بەزەیتی لاق و ڕان و قۆر و باسک و پشتیان چەوردەکرد، چەکدارەک چووە کنی و سەری لەبن گێی نا و هەندە قسەی لۆ کرد، ئەویش سەری برند کردو بڕەک تەماشا منی کرد، پاشان گۆتیە کیژەکان یاڵلا ڕوعو جەوە (یاڵلا بڕۆنە ژۆرێ)، خۆشیەکەی لەوەی دابوو مەسوولەکەش وەکی من عەین و عای (عەین و حا) لێک نەدەکردەوە، پاشان تەماشای کردمەوەو بەپەنجەی شهادەی ئیشارەتی دامێ و گۆتی : وەرە..!
چوومە پێش و گۆتم : باشی خارە ؟ عەینەگە ڕەشەکەی لەسە چاوی لابردو بەینەکی تەماشای کردم، بێئەوەی وەرامم بداتەوە دەستی لۆ پاسەوانەکی درێژکردو پاشان دوو پەنجەی بەدەوی وەنا..! چەکدارەکە بەغاردان چوو قۆدیەکی گچکەی هینا و کردیەوە، مەسوولەکە دەستی درێژ کردو جغارەکی ئەستووری کووبی دەرهینا، ئەوی وەختی خۆی سەددام و عودەیی کوڕی دەیانکێشا، جغارەکەی بەدەوی وەناو لۆیان پێکرد، ئەویش قوومەکی لێداو دووکەرەکەی بە عاسمانێ وەرکرد، ئێک دوو قوومیدی لێداو ڕووی لەمن کرد و گۆتی : ناوت چیە ؟ گۆتم : جەفعەر (جەعفەر) بەران بە جەعۆ مەشهورم، بڕەک خۆی قیت کردەوەو دانیشت، گۆتی : دەرێن ئەتوو خەبیری لەکۆترو بولبولی و تەیرو تاری ؟ گۆتم : ئەرێوەڵلا سەرم باش لێدەردەچی ! گۆتی : گێبدە من، ئەمن زۆر مەرەقم کۆترو بولبول و تەیروتارە، دەمەوێ کۆمەرەکی باشم لۆ بینی و لێرە لەناو مەزرەعەی جێ و ڕێیان لۆ تەرتیب کەی، گۆتم : دەوری چەندی بی و بایی چەندی بی ؟ گۆتی : چەندی زۆربی باشە، لۆ پارەش قسووری مەکە، هیچ کێشە نیە، کیهان گران و باش و جوانە ئەوانەم لۆبینە، گۆتم : کەنگی دەست بەکاربم ؟ گۆتی : لەوڕۆوە..!
ڕوخسەتم لێ وەرگرت و هاتمە دەرێ، چووم یەک دوو وەستام تێگەیاند بێن لیسی لۆ کۆترەکان دروست کەن و قەفەزی جوان جوانیش لۆ بولبولەکان، گۆتیان : ئەدی پارە ؟ گۆتم : خەمتان نەبی بەزیادەوە وەریدەگرن، ئەوانیش هاتن جێیەکەیان دیت و هەموویان پیواو دەست بەکاربوون، ئەمنیش بازاڕی کۆترو بولبولانم سەراو بن کردو هەر شتەکی باش هەبوو کڕیم، هەمووشی لەگەریان ڕێک دەکەتم کەپارەم وەرگرت بیاندەمێ، ئێک دوو جار بە پاسەوان و سکرتێرەکەیم گۆ لۆ پارەی، گۆتیان خەمت نەبی وەکی ئیشەکەت تەواو کرد خارمان بەزیادەوە دەتداتێ، بڕوات هەبی هەندە تەیرو بولبولم لۆ لەجنوب هینا، خۆم زۆر ماندی کرد هەتا چشتەکی جوانم لۆ تەرتیب کرد، هاتە دیارێ و زۆری بەدریبوو، دەستخۆشی لێکردم و ڕۆیی و چووە ناو حەوزەکەی و دەستی بەمەلەوانی کردەوە، ئەمنیش لیستەکم بە پارەی مەسروفاتی دا سکرتێرەکەی و گۆتم : بڕەک بەپەلەمە ئەگەر زوو پارەکەم بدەنێ ! گۆتی : ئێک دوو ڕۆژیدی تەلەفۆنت لۆ دەکەین وەرە پارەکەی ببە، دەبی ئەمە بەخارمان پیشان بدەین و ڕازی بی لەسەری..!
ئیدی یەک دوو ڕۆژ تێپەڕی و حەفتەک تێپەڕی هەر دەنگ نەبوو، بووە دوو حەفتە هیچ نەبوو، هەستام چوومە مەزرەعەکەی، ئەلهەقی ڕێزیان لێنام و گۆتیان وەڵلا ئەوە خارمان سەفەری کردیە هەر بێتەوە پارەکەت دەدەینێ..! ئەمنیش گۆتم : باشە کاکە، بەس ژماری مۆبایلەکم بدەنێ با تەلەفۆنتان لۆ بکەم، خواحافیزیم لێکردن و هاتمە دەرێ..!
گۆتم : ئێ جەعۆ، دەلۆم تەواو کە بزانم پارەکەت وەرگرت یان نا ؟ جەعۆ جغارەکی دەریناو بەلێوی وەناو ئاگری لێدا، قوومەکی دوورو درێژی لێداو گۆتی : با لۆت تەواو کەم ؛ سێ چار ڕۆژ پێچوو تەلەفۆنم کردەوە، گۆتی : هێشتا خارم نەهاتتەوە، وەلحاسر مانگەکی ئەمنیان هیناو برد و هیچیان نەدامێ، وەیلێهات وەرامی تەلەفۆنیشیان نەدەدامەوە، گەیشتە ئەوەی ژمارەکەم بلۆک بکەن و هەرچەند تەلەفۆنم دەکرد وەرینەدەگرت، لەولایەش ساحێب کۆترو بولبول و وەستایەکان تەنگاویان کردم لۆ پارەی و هەموو ڕۆژێ دەهاتنە سەر سەرو کۆکرەم، ژیانم تێکچوو، نەمدەزانی چبکەم، هەموو ڕۆژێ دەچوومە پێش دەرکەی مەزرەعەی، نەدەرکەیان لێدەکردمەوەو نە وەرامیان دەدامەوە، تڕومبێلەکانی مەسوولەکەی بە پێشم دادەهاتن و جڤ و هوڕیان بوو، نەڕایان دەگرت و نەلێیان دەپێچامەوە، ئاخیری لەکن برادەرەکی معامی (محامی) باسم کرد، گۆتی : ئەوراق و وەسلەکانت مایە ؟ گۆتم : بەرێ ! گۆتی : وەرە وەکالەم لۆبکە شکایەتی لێدەکەین !
گۆتم : ئەوجە شکایەتت کرد ؟ گۆتی : ئەرێوەڵلا، ئیشمان کەتە مەعکەمەی (مەحکەمەی)، وەکی خەبەریان دا مەسوولەکەی شکایەتت لێکرایە، دەستی بە هەڕو گیفی کرد لەمن، گێم نەدایێ، ئەوجارە معامیەکەیان تەنگاو کرد، ئەویش بەرگەی گرت و گۆتی : واز ناینم، کاکە ئەوجارە لە مەعکەمەی فایلەکەیان شاردەوەو دەستی دەستیان پێدەکردین، دەردەکیان داینێ نەبیتەوە، هەر وازمان نەهینا، معامیەکە چوو مەسەلەکەی لە فەیس بووکی براو کردەوەو کردیە هەرا..! مەسوولەکەو مەعکەمە چاویان چووە پشتی سەری، ڕۆژەکی لەڕێی مەعکەمەی ڕێیان لە معامیەکەی گرت و ڕفاندیان، بردبوویانە ئاقاری هەندیان لێدابوو، هەندیان لێدابوو، پازدە ڕۆژان لەخەستەخانەی کەت ! ئەمن لێم بووە عەکسی و وازم نەهینا، دنیاو بنیام پڕکرد، ڕۆژەکی تەلەفۆنەکم لۆ هات، هەرم گرت، پاسەوانەکانی مەسوولەکەی بووین، گۆتیان خارم دەرێ بابێ ڕێک کەوین، ناوی خوام لێهیناو چوومە مەزرەعەکەی، هەر ئەوەندە گەیشتمە وێ، بەسێ چارەکان تێم ئاران و لوولیان دەم، ئەمنیان بردە ژۆرەکی و هەندیان لێدام، هەندیان لێدام، مار هەنجنیان کردم، حەفتەکی لەو ژۆرەیان کردم و سێ جەمە لێیان دەدام، گۆتیان : تۆبە یان نا ؟ گۆتم : تۆبە ! گۆتیان : ئەوە بەرەللات دەکەین، وەڵلا وەبیللا شکایەت بکەی، یان باس بکەی، ئەوجارە دەتگرینەوەو زمانت لەبنیڕا دەبڕین و لەناو ئەو مەزرەعەی بەشۆفەری لەبن خۆرێت دەنێین..!!
گۆتم : بابە بەس مەمکوژن تۆبە ئەمن جارەکیدی باسی پارەی بکەمەوە، وەڵلا بەشاپان ئەمنیان بردە ناو لانگرۆزەری و فڕێیان دامە بن دەست و پێی خۆیان، هەتتا گەیشتینەوە نێزیک مارێ هەر بەپێلەقان لێیان دام، لەسەری کۆرانێ ڕایانگرت و ئەمنیان فڕێدا خوارێ و بەتەنناش هەستان، خوا ڕەعمی کرد نەکەتمە بن تایەی تڕومبێلی، دەنا جیبلقاوم لە قوونی دەهاتە دەرێ..! گۆتم : ئێ دوایێ ؟ گۆتی : وەڵلا ئوستاج بە شلەشل خۆم گەیاندەوە مارێ، وەکی مندار چاویان بەمن کەت شاگەشکە بوون، باوەشیان تێهەرینام تێر تێر ماچیان کردم، گۆتیان : وەڵلا خوا ئەتووی داوەو ئەمە هیویمان لەتوو دانابوو، جێنەما لەدووت نەگەڕێین، هەر لەخەستەخانەیڕا بگرە هەتا پۆلیس و ئاسایشی، هیچمان دەست نەکەت و خۆمان دەخالەتی خوای کرد سۆراغەکی توومان بداتێ..! دۆشەکیان لۆ ڕاهێخستم و لێی ڕاکشام، جلک و بەرگە بەخینەکەیان لەبەر کردمەوەو چوونە دوو کامەرانی معاون تووببی، هات تەماشای کردم و گۆتی : وەی بابە ڕۆ، ئەوە کێ ئەوهای لێکردی ؟ گۆتم : پەڕیمەوە ئەوبەری جادەی بچم سەرم بتراشم مانتۆڕەکی کەریم کابان خۆی پێدادام و تەختی کردم، کامەران دەستی بە تەداوی کردو گۆتی : مانتۆڕ نیە، بەران با هەوبی..! بڕوابکە ئوستاج نەوێرایمە برێم گیرایمەو لێیان دایمە، منداریشم هەموو سووند داینە لەهیچ جێیەکی باس نەکەن و بلۆکەکی لەسەر دانێن، گۆتم : باشە پارەکە زۆربوو، مەسوولەکە نەیدەدایێ ؟ گۆتی : وەڵڵا هەشت دەفتەرو سی وەرەقە بوو ! گۆتم : دیارە ئەتوو مەزرەعەی گامێش و حوشترت لۆ دانایە، مەعقولە هەشت دەفتەر و سی وەرەقە ! گۆتی : ئاخر ئەتوو شارەزای ئیشەکەی نی، بڕوات هەبی کۆتر هەیە بە دوو دەفتەری، ئەمن چشتی گرانبەهام لۆ کڕیبوو، نەک چشتی تەڕبەگە..!
ڕێ و ڕێ دەگەڕاینەوەو هەر فکرم لە وەزعی جەعۆی بەستەزمان دەکردەوە کەوا ئەو مەسوولە چ دەردەکی دایتێ و چی لێکردیە، سەرم برند کردە عاسمانێ و گۆتم : خوایە ئەو زولمەی هەر نەگری..! گۆتمە جەعۆی : ئەدی لەگەر قەرداران چتکردەوە ؟ گۆتی : وەڵلا چبکەمەوە، وازیان لێنەهینام، خانیەکی سەت مەتریم هەبوو مەجبور بووم بفرۆشم، تڕومبێلەکەشم فرۆشت و پارەی هەردووکیم داوە ساحێب قەردەکان، ئەوە هەمووی بەلایەکی لەدەست دانی سیقەو متمانەش لە مەیدانێ بەلایەکی، کەس معامەلەی لەگەر نەدەکردم و ناویان لێنام جەعۆ دەگگەچی، وایان دەزانی بەدرۆ ئەو قسانە دەکەم و ئەسل و ئەساسی نیە، کابرای وەستاش ئەوی چشتەکانی لە مەزرەعەی دروست کردبوو، لەباتی پشتم بگری، دەیگۆ : کێ دەرێ جەعۆ پارەکەی وەرنەگرتیەو لرفی نەکردیەو خۆی لەکنەمە کردیتە شەریفی مەککەی..!
گەیشتینەوە سەری کۆرانێ و گۆتم : یەعنی هەر ئەوها وازت لەکابرای هینا ؟ گۆتی : لۆ ئەتووبای وازت نەدەهینا، گدۆ کێ دەرەقەتی وانە دێ، شەیتان بە شەیتاناتی خۆی سبەینان وەکی لەخەوێ هەردەستی، دەچتە کنەوانەو دەرێ : ئەرێ ئەوڕۆ چبکەم..!
هاتمە خوارێ و چوومەوە ژۆرێ، جەعۆش تڕومبێلەکەی ڕاگرت و بە قوڕگی پڕ لەگریان چۆوە مارێ، پێم لەدەرکەی ناو مەلای سبەینێ بانگیدا، جلکم گۆڕی و دەسنوێژەکی بەهەقم شووشت و نوێژی بەیانیم کرد، پاشان گازی مندارەکانم کردو گۆتم : کوڕم هەستن نوێژەکەی بکەن، هەر ئەوەتان بەکەلک دێ، پاشان داکی ئەحمەدیشم هەستاندو ئەویش نوێژی کردو زۆری دوعا لۆ مام عەوڵای کرد بەساغی دەرچی، گۆتی : وەزع ئەو عەوڵا باشتر نەبووی ؟ گۆتم : ئیشاڵلا باش دەبی، دوعای لۆبکە..
پارم داوە هەتا بڕەک چاوم گەرم کەم، باشبوو خەوم لێکەت، هەستام سعات حەفت و چارێگ بوو، داکی ئەحمەدی نانی بەیانی حازر کرد بوو، پارەنانەکم خواردو چایەکم لەسەر کرد، حەبەکی زەختیم ئاوا کردو چوومە دەرێ، دیتم جەعۆش حازرە، سەلامم لێکردو سواری تڕومبێلی بووم، وەزارەت خۆت بگرە واهاتین..
گەیشتینە وەزارەت و چووینە ژۆرێ، وەکی تەماشا دەکەم کۆمەرە کارمەندەک دەرکەیان گرتیەو ناچنە ژۆرێ و ناهێلن ئەمنیش بچمە ژۆرێ ! گۆتم : یا ئەڵلا خێر دەبی چببی !؟ چوومە پێش و سەلامم لێکردن، وەرامیان نەدامەوەو تێکڕا گۆتیان : نایدەینەوە نایدەینەوە..! گۆتم : خوایە ئەوە دەبی چبی نەیدەنەوە، دیتم زێخەش لەناوەوان ڕاوەستابوو و دەستی هەردەشەقاند، ئەویش چووبووە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لەزددی من هووتافی لێدەدا ! گۆتم : دەتێمگەینن چنادەنەوە ؟ گۆتیان تڕومبێلی دائیرەی، ئەوەی وەزارەت دایتیەمە لۆ هات و چووی..! گۆتم : ئا ئێ ئێ تێگەیشتم، دە پێنج شەشەکان دیاری بکەن و بابێنە ژۆری من و بکەوینە دانووستان..!
کەئەو قسەم کرد، دەرکەیان چۆل کرد، ئەمنیش بەسەکەتم و چوومە ژۆرەکەی خۆم، دانیشتم و جەڕەسەکم لێدا، سکرتێرەکەم هات، خۆی لەسەر یەک داوی ڕازاندبۆوە، پانتۆڕەکی لەپێکردبوو تەسک تەسک، نازانم کوو بەبەری وەچوو بوو، هاتە ئەو دیوی مێزی و زەردەخەنەکی کردو گۆتی : بەرێ جەنابی وەزیر ! گۆتم : بکشێوە ئەو دیوی مێزی و جارەکیدی نێیە ئێرە، زوو قاوەکیشم لۆ بینە ! گۆتی : وەڵلا زێخەخان مانی گرتیەو کەسنیە قاوەو چایەی لێنێ، بەران ئێستا بەو دەستە ناسکانەی خۆم قاوەکت لۆ دەینم، دەبی ئاگرت تێبەردا، گۆتم : بڕۆ دەرێ و قاوەش ناخۆمەوە، بەس بزانە جەماعەتی تڕومبێلەکان نەهاتن بیان بینم، گۆتی : وادەچم تەئکید دەکەم، چووە دەرێ و بڕەکی پێچوو هاتەوەو گۆتی : وەڵلا جەماعەت هەرایتیان و هێشتا پێکنەهاتینە لەسەر ئەندامانی لیژنەی، هەرکەسەو دەرێ دەبی ئەمنی تێدابی ! گۆتم : تەواوە، ئەگەر ویستت شتەکی تێکدەی لیژنەو میژنەی لۆ دروست کە، ئەدی پێم برێ کەس نەهاتیە بمبینی ؟ گۆتی : وەڵلا ڕۆژنامەنووسەک هاتیە دەیەوێ بتبینی ! گۆتم : ئیزنی دە با بێتە ژۆرێ..!
هەتا ئەمن فایل و مایلەکانم دەرینا و چاوەکم پێدا خشاند ڕۆژنامە نووسەکە هاتە ژۆرێ، سەلامی کردو بەخێراتنم کرد، دانیشت و کەتینە قسە، گۆتی : وەڵلا هاتیمە چالاکیەکانی جەنابت براو بکەمەوەو ڕاپۆرتەکی لەسەر بکەم، گۆتم : ئەمن تازە دەست بەکار بوویمەو جارێ شتەکی وانیە، گۆتی : ئەوە کەی کێشەیە، ئەتوو ناتەوێ بتبەمە تاقی عاسمانێ و وەزارەتەکەت بکەمە باشترین وەزارەت ! گۆتم : کوو ؟ گۆتی : ئەتوو چاوەکت لێمبی و هەقت نەبی، گۆتم : کوو چاوم لێتبی !؟ یەکسەر کاغەزەکی دەریناو لەپێشی دانام، دیتم کۆمەرەک داواکاریە، هەر لە پارچە عاردی بگرە تا دامەزراندنی خێزانی بە گرێبەست و سەرفکردنی موکافەئەو کۆمەرە چشتەکی دی..! بڕەک تەماشا داواکاریەکانم کردو تەماشا کابرام کرد، گۆتم : ببورە ئەو داواکاریانە بەمن جێبەجێ ناکرێ ! گۆتی : لۆ ناکرێ، خۆ لەگیرفانی توو نایێیتە دەرێ ! گۆتم : ئەتوو ڕۆژنامە نووسی، هەق نیە ئەوها مامەڵەی لەگەر پیشەکەت بکەی ! گۆتی : جەنابی وەزیر پیشەی چ و حاری چ، ئەو زەمان بەسەرچوو، چم دەدەیێ هەتا چت لۆبکەم..! گۆتم : کاتت تەواو بوو، دەتوانی تەشریفت ببەی..! بە توڕەیی هەستاو چووە دەرێ..!
هەندەی نەبرد زێخە هاتەوە، سەلامی کردو گۆتی : بابچم قاوەکت لۆ بینم، گۆتم : پێویست ناکا، ئەدی ئەتوو مانت نەگرتیە ؟ گۆتی : وەلا هەر بەردەوامم، بەران گۆتم : هەتا جەماعەت لیژنەکەی دروست دەکەن بچم بزانم وەزعی جەنابی وەزیری کووە ! گۆتم : وەڵلا باشم چ عەیبم نیە، گۆتی : ئەدی مام عەوڵا کووە ؟ گۆتم : دەبرێ لۆ هەندێ هاتیمەوە ! گۆتی : وەڵلا برێم چ..! گۆتم : تەندروستی باش نیەو بردمانە خەستەخانەکی ئەهلی، زێخە چەپەرۆکاکی لەسینگی خۆی داو گۆتی : ئەی کۆرەبم هەی، خۆ سەلامەتە ؟ گۆتم : ناوەڵلا باش نیە، گۆتی : ئەوجە عەوڵا پارەی خەستەخانەی ئەهلی پێدەدرێ ؟ گۆتم : ناوەڵلا، وا کەربی دەکەوی لەبرسان، گۆتی : دە لە وەزارەت لۆی تەرتیب کەو بڕایەوە، ئەدی کارمەندی خۆمان نیە ؟ گۆتم : ئەگەر لەیاسای حکومەت هەبی قسوری لۆ ناکەم، ئەمان ئەگەر نەبی ئاسان نیە ! زێخە گۆتی : جەنابی وەزیر وەڵلا وەزیرەکەی پێشەتوو ژانەسەرەکی گرت، سێ مانگان ئیجازەی وەرگرت و بەناوی عیلاجیش چووە بەریتانیاو بە جانتا پارەی لەخۆی سەرف کرد، وەکیل وەزیرەکیشمان هەبوو، لۆ عەمەلیاتەکی مایسیری چل ملیۆنی سەرف کرد، بڕوات هەبی هەرچی ژنی مدیرعامی ئێرەش هەیە، هەرهەموویان کەپوویان کردیتە فستق، بەپارەی وەزارەتی، ئەوە باسی تەقویمی ددان فۆلیۆد سمایلی (هۆلیۆد سمایل) هەر ناکەم ! کورە جەنابی وەزیر فشەیە فشە، دەبدە بەرێ ڕەعمەت لەبابت، ئەوڕۆ فرسەتەکت لۆ هاتیە و بیقۆزەوە..! گۆتمە زێخەی وەڵلا ئەتوو تەکبیر کەرم بی حارم باشە..! گۆتی : وەڵلاهی کووت لۆ باس دەکەم ئەوهایە..! لەو قسانە دابووین زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، تەماشام کرد سەرۆک وەزیران بوو، ئیشارەتم دا زێخەی بچتە دەرێ، لچەکی باداو چووە دەرێ..
پاش چاک و چۆنی، سەرۆک وەزیران گۆتی : ئەرێ ئەو هەرایە چیە لەوەزارەتی توو دروست بووە، دەرێن فەرمانبەرەکان مانیان گرتیە، هێزی تایبەت بنێرم تەفرو تونایان بکا !؟ گۆتم : ناوەڵلا پێویست ناکا جەناب، شتەکی بەسیتەو بەخۆم چارەی دەکەم، گۆتی : چیان دەوێ ؟ گۆتم : وەڵڵا ئەوانەی تڕومبێلی تایبەتی حکومەتیان پێیە لێمستاندینەوەو گۆتیتیم هەرکەس لەوەدوا بە تڕومبێلی خۆی بێ، چیدی قبور ناکەم ئەو هەموو مەسرەفە بکەوتە سەر حکومەتی، ئیدی مانیان گرتیەو ڕازی نینە..! سەرۆک وەزیران هەتا دەنگی تێدابوو لە قریتەی پێکەنینێی داو گۆتی : هەی مارت خرانەبی گۆتم داخوا چبووە، فەوری تڕومبێلەکانیان بدەوەو ئەو کێشەی چارەسەرکە..!
مایتی[1]