بیرەوەری...
ئەگەر جەلیلە فەندی دەما..!
وەکو هەمو ڕۆژان پێش هەشت گەیشتمە مەکتەبێ، دەرسی یەکەمم کرد و هاتمەوە ژوری مامۆستایان، دەرسی دوەم شاغرم هەبو ئیدی لێی دانیشتم و سەرم بەسەر کتێبەکەی بەردەممدا گرت و لە ناکاو خەیاڵ و دالغەیەک بردمییەوە، لە پڕ بە بەیانی باشی جەلیلە فەندی و چاکوچۆنییەکەی وەخۆ هاتمەوە و گوتی: خێرە لۆ بە تەنێی؟ ئەمنیش دوای جوابدانەوە گوتم: دوێنێ جەدوەل گۆڕاوە و دەرسی دوەمم نییە. کە وام گوت یەکڕاست چووە لای جەدوەلێ و لە پشت عەینەکەکەوە هوردهورد چاوی لە دەرسەکانی خۆی و هی ئه و ڕۆژی بڕی..
پێشتر وا هاتبو، کە دەرسی یەکەم و ئاخیریان لۆ جەلیلە فەندی دانەئەنا، بۆیە ئه و ڕۆژی وەک هەمو ڕۆژەکانی دی بە کاوەخۆ هاتبو و نەشیزانیبو، کە ڕۆژی پێشتر، جەدوەلیان گۆریوە. هەمو ئەوانەی ڕۆژێک لە (ڕزگاری) بون چ وەک مامۆستا یان قوتابی ئاشنای زمانی ئاخاوتنی ئاسایی جەلیلە فەندین و دەزانن، کە چ پیاوێکی خۆشمەجلیس و قسەخۆش و لەسەرخۆ بو، ڕۆژێک دەرسی شاغری هەبان پیاو هەر حەزیدەکرد ئه و ڕۆژە خۆشی دەرسی شاغری هەبان تا هەر گوێ لە قسە و بەزمەکانی ئه و بە تایبەتیش هاوتەمەنەکانی، کە حەیامێک بو بەیەکەوە لەوێ بون، ڕابگرێ. وێڕای جیاوازیی تەمەنی لەگەڵ هەندێکمان بەڵام ئه و هەر ئه و جەلیلە بو، کە پێی باو بو.
ئه و کاتەی ئه و سەیری جەدەوەلەکەی دەکرد منیش چاوم لەسەر ئه و نەبڕی و وەک ئه و چۆن لە جەد ولەکە وردببوەوە ئاوا لە شێوەی تێڕامانی ئه و ڕامام. دوای یەک دو خولەک لە سەیرکردنی، سەرێکی باداو و دیار بو عەقڵی نەگرت، ئیدی هەر لەبەر خۆیەوە گوتی: (هەی...... تان دە........ خۆ دەگە خۆتان و جەدەوەلەکەشتان..)
چوار پێنج ساڵە هەر کاتێک وەزارەتی بەناو دارایی باسی خشتە و مشتەکانی دابەشکردنی موچە دەکا، بە دەست خۆم نییە ڕاستەوخۆ ئه و دیمەن و قسەیەی جەلیلە فەندی ڕەحمەتیم دێتەوە یاد و جارجارەش دەڵێم تۆ بڵێی ئێستا بمابایە و ئه و وەزعە قۆڕەی بدیتبایە چی بەسەر زاردا دەهات..؟![1]