مێژووی گەڕەکی تەیراوە
گەڕەکی تەیراوە یەکێکە لە گەڕەکە بەناوبانگەکان، ئەو نێوبانگەش لەوە سەرچاوەی هاتووە لە دوای گەڕەکەکانی جولەکان و تەعجیل و خانەقا، تەیراوەش درووست دەبێت.
سەرەتا لە ماڵێک و حەسارێک بناغەی دادەنرێت، ناوی تەیراوە لەوەوە هاتووە دوای ساڵی 1920 تاهیر ئیسماعیل ئاغا ی خاوەنی گوندی چەمەدوبز و مەلا عومەر بە خۆی و خاو و خێزانەکەی لە گوند بار و بارگەی تێک دەنێ و ڕوو لە شاری هەولێر دەکات.
خانوویەک و حەسارێکی گەورە درووست دەکات خۆی لەناو خانووەکە نیشتەجێ دەبێ و حەسارەکەش لۆ مەڕ و ماڵات بەکار دێنێ.
تاهیر ئاغا دەوڵەمەند بوو، خاوەن زەوی و موڵکێکی زۆر بوو، پیاوێکی خواناس و بە دڵ، فەقیر دۆست بوو زۆر یارمەتیی هەژارانی دەدا، هەر بۆیە وردەوردە ئەوەی بێ جێگا و ماڵ بوو پارچە زەوییەکی بە گوریس لۆ دەپیوا بە بەلاش دەیدایێ.
کابرای فەقیریش خانووێکی لە خشت و قوڕ و کاریتە پێکدەهێنا، تا وای لێهات تاهیر ئاغای چاوتێر خۆی داوای لە خەرکی دەکرد وەرن خانوو بکەن زەویتان دەدەمێ. ئیدی خەرک وردەوردە ڕووی لە تەیراوە کرد هەر بابا بو خانووی درووست دەکرد.
پێش ئەوەی ناوی ئەو گەڕەکە ببێتە تەیراوە چەند نازناو و ناونیشانی هەبوو وەک:
گلکەند: ئەو شوێنە دەکەوێتە بەرانبەر تەجنیدی کۆن، شوێنەکە نزم بوو بەردەوام ئاوی لێ ڕادەوەستا، لەبەر باشی خاکەکەی خەڵک خۆرەکەیان کۆ دەکردەوە و دەیانفرۆشتەوە.
گومبەتان: شوێنەکەی بەرز بوو وەک گومبەت وا بوو. پشت قوتابخانە ی ئە یوبیه بوو.
مزگەوتی شێخ مەلا ڕەشید: لەبەر مزگەوتەکە و گۆڕی شێخ مەلا ڕەشید ناسرا بوو.
گەڕەکی کەناسان: لە پاش شۆڕشی 14 ی گەلاوێژ زەوی بە خەڵات درایە کرێکار و کەناس و دەست کوورت و هەژاران.
قۆرتی دزان: ئەو شوێنەش چەند قۆرتێکی گەورەو گچکەی لێ بوو لەو کاتە دزەکان گەر شتێکیان دزی با لەناو ئەو قۆرتانە دەیانشاردەوە ئەو شوێنەش دەکەوێتە چوارڕیانی شێخ مەحمود.
باخچەی کورد و عەرەب: باخچەیەکی کۆنە لەو گەڕەکە بە ئاسانی دەناسرێتەوە.
خانزادی ئێستا: غاباتی خەستەخانەیان پێ دەگوت.
ناوی تەیراوە لە ناوی کەسایەتی دیاری شاری هەولێر حاجی تاهیر ئاغا هاتووە. سەرەتا بەو شێوەیە..تەیری.. تەیرۆ.. تەیراوە بۆیەش بە تەواوی ئەو گەڕەکانە ی کە پێشتر ناوو وە سفمان کردن وەک ناونیشان ماینەوە
بەڵام ناوی تەیراوە وەک گەڕەکێکی گەورە و کۆن هەژمار دەکرێت لە مێژووی شار.[1]