باخچەی گڵکەند (گرکەند)...
(بەهەشتی شار)لە سەرەتای هەشتایەکان ئەواهام دیتیە.
لە مانگی جۆزەردان لە چێشتەنگاوە پیاسەیەکی بەرسەعی کردنێکی فێنکی هەولێرێ لە دەمی ئیزن دانمان بۆ ئیمتیحانی سەری ساڵێ.
هەنگاوەکانمان وردە وردە بەبەر پڕوشکە مرواریەکانی نافورەی ئاوی کەسک و سۆر هەڵی دەگرتین بۆ بەردەم دەرگا گەورە دوو سەکۆیە دینگەکەی چونە ژوورەوەی ئەو دونیا هێمنەی ناو جەرگەی شار.
لە هەردو لای ڕێڕەوەکە لەسەر جادەی کەرکووکێ ڕا لۆ ژوورێ دوو ڕێز گوڵە ژاڵە(ڕولک)سوور و سپی و پەمەییی بون.
لەوێ کۆمەڵێک پەپولەی باڵ نەخشینی ڕەنگاو ڕەنگ لە پێشوازیتەوە بوون تا لەدەرگا چونە ژوورەوەت لە شان و ملت نەدەبونەوە.
بە بەرزی باڵای داری کالیپتۆس و چنارە تەڵخە کەسکە هەڵچوەکانی دەستە ڕاستی ڕێگا بازنەیەکە بۆ قوڵایی ئاسمانە شینە پڕ هەورە سپیە لۆکەییەکان، هەر دەنگی خوێندنی سمفۆنیای (کوکوختی بیباسی) شار بوو نەدەبڕایەوە، ئەوانیش شەو بۆ سەرخەو شکاندنێک دەگەڕانەوە هێلانەکانیان لەباغە پڕ دار سەروەکانی قەسرەکەی ئەحمەد چەلەبی.
بە درێژایی دەستە چۆپی ڕێڕەوەکەش شێرە بەلوعە پڕ ئاوە سپیە تەزیەکان، جۆگای بن درەختە مورتکەکانی ئاودەدا.
لەبەری دیوی ناوەوەی ستادیۆمە لێژەکەی فریزە نەرمە پڕئاوە تولە درێژەکان بوو، بۆنی تەڕی دەئاخنیە هەمو جەستەت.
لە دەمی پیاسە و پیانانت بە فریزەکە هەستت بە ڕۆچونێ دەکرد بە قوڵای زەویە شێدارە نەرمەکەی شار.
لە هەمو ڕاڕەوەکان کورسیە دارە تەختە خاوێنەکانی لێ بوو، گەلێکیان بە هێندێک هێماو پیتی یەکەمی ناوی دڵدار و دوڵبەرەکان بە زمانی ئینگلیزی هەڵکۆرا بوو بە مێژویێکی لەمەو بەر و بە دڵ و تیرێ نەخشێندرابوو.
ووردە ووردە لە لێژایی قانە فریزە تەختە گەورەکە دەگەیشتیە فیردەوسی حەوزە گەورەکەی نێوەڕاستی ئەو بەهەشتە خوا پێداوەی شار کە پڕپڕ بوون لە تۆپی خونچە گوڵی تازە پشکوتو و گوڵەباغە سوور و سپی و زەردو پەمەیی و گوڵە ستێرە هەڵچوەکان و گوڵە پڕ مێخەکە قەنەفڵەکان و لاو لاوە تێک ئاڵاوە مۆر و پەمەییەکان و گوڵە نازناز و گوڵە سەعات و شەوبۆیە بۆن هەڵپڕژیوەکانی بەر شەماڵی ئەو شەوەی ڕابردوی شار.[1]
وەرگیراوە :
لە چمکێ یادەوەریەکانی
یوسف عوسمان عەزیز