لە (نیریشخوخا)ی یەکەم پارێزگاری ئوربیلوم(هەولێر)ەوە بۆ کۆتا پارێزگار:
(ئه و پارێزگارانەی کە لە کاتی فەرمانڕەواییدا کوژراون یان مردوون)
نوسینی : د.دڵشاد زاموا Dlshad Zamua
-شاری ئوربیلوم وەک کۆنترین شاری بەردەوام ئاوەدانی کوردستان، ناوی یەکەم پارێزگاری ئەم شارە 4200 ساڵ لەمەوبەر (2200پ.ز.)لە نووسینە مێخییەکاندا تۆمارکراوە. نیریشخوخا، یەکەم پارێزگاری ناسراوی شارەکەیە کە
لە گەلی خورییەکان بوو، ئەوان شارەکەیان دروستکرد، بەڵام گوتییەکان هێرشیانکردە سەر شارەکە، و له و کاتەوە چارەنووسی یەکەم پارێزگار نازاندرێت.
-لە سەدەی 18 پ.ز. پارێزگاری وڵاتی ئوربێل ناوی (بونو-عەشتار)بوو، لە شاری قابرا دادەنیشت، بەڵام شەمشی ئەدەدی یەکەمی پاشای ئاشوری لە شاری ئاشور(قەڵای شەرقات)ەوە بەره و کەرکووک ڕۆیشت و لەوێوە بەره و پردێ گەڕایەوە و هێرشی بردە سەر شارەکە و پارێزگارەکەی بەدیلی برد، و دواتر ئازادی کرد، بەڵام ئەم پارێزگارەش چارەی ڕەش بوو، لە ناوچەی دیالەوە پاشای شانشینی ئیشنونا کە ناوی (دادوشا)بوو، هێرشیکردە سەر شارەکە و بونو-عەشتاری پارێزگاری وڵاتی ئوربێلی بە ڕم کوشت.
-لە سەردەمی ئاشوری نوێدا، شاری ئەربائیل بووە مەیدانی کوشتنی پارێزگارەکانی ناوچە چیاییەکانی پارێزگای هەولێر، (بوبو)ی فەرمانڕەوای بارزانیشتون لە قەڵای هەولێر کەوڵکرا.
-لە سەردەمی فارسە هاخامەنشییەکاندا، نەوەی کەیخوسرەوی پاشای میدیا، کە ناوی (چیتران-تەخما)بوو، پارێزگاری شاری ئەربیرا(هەولێر)بوو، دژی فارسەکان ڕاپەڕی، بەڵام داریوشی یەکەمی فارس، لە 521پ.ز. هێرشی کردە سەر شارەکە، و پارێزگاری شارەکە و 447پیاوماقوڵی شارەکەی دەست و قاچ پەڕاند و چاوێکی کوێرکرد و بە دەروازەی شاردا هەڵیواسی.
-ئازادی کوڕی مۆنۆبازۆس، کە فەرمانڕەوای ئەربێلا و ئەدیابێنێ بوو، کاتێک وازی لە بت پەرستی هێنا و بووە جولەکە، خەڵکی ناوچەکە بەرەنگاری بوونەوە، و لەگەڵ بنەماڵەکەی دەرکران.
-لە سەردەمەکانی تریشدا چارەنووسی پارێزگارەکان باشتر نەبوون.
لە پێش ڕاپەڕین پارێزگارەکان کە بەعس دایدەنان بۆ ئەم شارە، پێشمەرگە نەیدەهێشت بە ئاسودەیی بژین دایم لە ترسدا بوون بەنمونەی (ابراهیم زەنگەنە) لە 1986.
-لە دوای ڕاپەڕین، چەند پارێزگارێکی ئەم شارە لەکاتی فەرمانداریدا دوو پارێزگاری ئەم شارە لە هێرشی چەکداری و تەقینەوەدا کوژراون بەوێنەی(اکرم منتک فرنسو هریری).
ئایا کێ دەبێتە پارێزگاری نوێ؟ و چارەنووسی جوانەمەرگی دەبێت؟ یان دەبێت خێروبێر بۆخۆیی و بنەماڵەکەی؟!
هیواخوازین هەر کەسێک بێت، خزمەت بە هاوڵاتیانی ئازیزی هەولێر بکات، و جێگەی خۆی لەدڵی خەڵکدا بکاتەوە.[1]