داگیرکردنی هەولێر لەلایەن مەغۆلەکان
د. بورهان حاتەم
هەولێر هەر لە سەرەتاوە لای مەغۆلەکان بایەخێکی زۆری هەبوو و بووبووە شوێنی چاوتێبڕینیان. دەکرێت بگوترێت بایەخی لەدوای بەغداوە دەهات، ئەمەش بەهۆی بوونی قەڵایەکی سەخت و ئاوەدانییەکی زۆر لە شارەکەدا. بۆیە هۆلاکۆ لە سەروبەندی پەلاماردانی بەغدا لە ساڵی 656ک/ 1258ز سوپایەکی گەورەی بەسەرکردایەتی (ئەرقیونۆیان) بۆ داگیرکردنی هەولێر ڕەوانەکرد، بەڵام جەنگاوەرە کوردەکانی هەولێر ڕووبەڕوویان بوونەوە.
(تاج الدین بن صلایا)، کە حاکمی هەولێر بوو، پەیوەندی بە مەغۆلەکانەوە کرد و ویستی قەڵاکەیان ڕادەست بکات، تا دواتر خۆی لەسەر حوکم بمێنێتەوە، بۆیە هەوڵیدا جەنگاوەرەکانی قەڵا بەوە قایل بکات، کە خۆیان ڕادەستی مەغۆل بکەن، بەڵام جەگاوەرە کوردەکان ئەمەیان ڕەتکردەوە و سووربوون لەسەر بەرگریکردن لە قەڵاکە، تەنانەت هەڕەشەیان لە (ابن صالایا) کرد، بۆیە نێوبراو قەڵای جێهێشت و چووە پاڵ مەغۆلەکان، کە دواتر لەلایەن هۆلاکۆوە کوژرا. تەنانەت شەوێکیان کوردەکان لەناکاو لە قەڵا هاتنە خوارەوە و پەلاماری مۆڵگەکانی مەغۆلیاندا و غافڵگیریان کردن و ئەوەی بەرچنگیان کەوت کوشتیان و مەنجەنیقەکانیشیان سووتاندن و پاشان گەڕانەوە ناو قەڵا.
هێرش و گەمارۆی سەختی مەغۆلەکان بۆ سەر قەڵا شەش مانگ بەردەوام بوو، بەڵام کوردەکان ئازایانە شەڕیان کرد و ئامادەنەبوون قەڵا ڕادەست بکەن. دوای ئەوەی سەرکردەی مەغۆلی (ئەرقیونۆیان) نائومێد بوو لەوەی بتوانێت لەڕێگای شەڕەوە قەڵا بگرێت، ناچار پەنای بردە بەر ڕێگا چارەی سیاسی، بۆیە ڕاوێژی بە (بەردەدین لوءلوء)ی خاوەنی شاری موسڵ کرد، بۆ چۆنیەتی داگیرکردنی قەڵا. بەدرەدین ئامۆژگاری کرد، کە قەڵا لەوپەڕی قایمی دایە و بە فێڵ و تەڵەکە نەبێت ناگیرێت، بۆیە پێی گوت: لە ئێستادا کەشوهەوا بۆ کوردەکان لەبارە و کەلوپەل و ئازووقەی تەواویان پاشکەوتکردووە، ئامۆژگاریم ئەوەیە داگیرکردنی قەڵا دوابخەیت بۆ وەرزی هاوین، چونکە لە هاویندا کوردەکان بەرگەی گەرما ناگرن و بەرەو چیاکان هەڵدەکشێن. ئەوەبوو دواتر مەغۆلەکان بە هاوکاری بەدرەدین لوءلوء توانیان شوورەکانی قەڵاکە بڕووخێنن و داگیری بکەن.
لە گێڕانەوەیەکی دیکەی مێژوویی، کە ئیبن عیبری ئاماژەی پێدەکات هاتووە: بەدرەدین لوءلوء قەڵای هەولێری بە (70) هەزار دینار لە مەغۆڵەکان کڕی و دوای دوورکەوتنەوەیان نوێنەر و پارێزگاری خۆی تێدا دانا. دوای ماوەیەکی کەم (شەڕەفەدین گەڵاڵی)، کە میرێکی کورد بوو، پێشتر پەیوەندی بە مەغۆلەکانەوە کردبوو، لە هەمان کاتیشدا دوژمنی بەدرەدین بوو و نەیدەویست هەولێر لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بێت، توانی ڕەزامەندی هۆلاکۆ بەدەستبهێنێت بۆ دەرکردنی هێزەکانی بەدرەدین، لە بەرامبەر ئەوەشدا شەڕەفەدین بەڵێنی بە هۆلاکۆ دا، کە هاوکاری سوپای مەغۆل بکات لە ناوچەی (جووڵەمێرگ) دژ بە کوردەکان. ئەوەبوو دەستوپێوەندەکانی بەدرەدینی لە قەڵا وەدەرنا و خۆی حوکمی شارەکەی گرتە دەست.
دوای ئەوەی شەڕەفەدین گەڵاڵی هەولێری جێهێشت و بەشداری لەگەڵ سوپای مەغۆل کرد لە شەڕی جووڵەمێرگ، بەدرەدین لوءلوء توانی هەندێک کورد بە پارە بەکرێ بگرێت بۆ کوشتنی شەڕەفەدین، ئەوەبوو هێرشیان کردە سەر ڕەشماڵەکەی و لە خەودا غافڵکوژیان کرد.[1]
سەرچاوەکان:
-د. زرار صدیق توفیق، کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامیدا، ل369-372.
-د. عبدالله العلیاوی، کوردستان فی عهد المغول، ل127-130.
-عبدالحلیم عبدالله فارس العزاوی، دور الکرد فی مقاومة الغزو المغولي, ل307-311.