شەڕی قەرات و تەیراوە
نووسینی : #شێرزاد شێخانی#
سارانی زوو کە دەیانبردینە عەسکەری یەکەم شت ئەوە بو هەر لەگەر گەشتنمان لۆ ناو معەسکەر سەرمانیان (سفر) دەکرد..
ئەوجا هەر لەگەر سفر کردنەکە یەکسەر ئاسەواری ئەو برینانەمان دەردەکەتن کەلەزەمانی منداریدا لەشەڕی قەراتو تەیراوەدا توشی دەهاتین.
هەر کاتەکی کوڕەکی هەولێریت بدیتبایە سەری لەچار پێنج جێیدا شکایە، ئەوە یەکسەر دەتزانی ئەو کوڕە یان خەرکی تەیراوەیە یانیش قەراتی هەولێرێ.
ئەمن بەخۆم لە دو سێ جێدا سەرم شکایە، چونکی لەفەریقی تەیراوەی بوم.ئەوجا با لۆتان باسکەم ئەو شەڕانە کوو بوون.
جارێ پێش حەمو شتەکی ئێستاش نازانم ئەمەی مندارانی ئەو زەمانە ئەو شەڕانەمان لۆ دەکرد، ئایا لۆ داگییر کردنی قەراتەکە بو، یان مەسەلە خیلافێکی سیاسی یان ئابوری بو، یان لەسەر دابەشکردنی داهاتی گومرگ بو.
تەبعەن هیچ سەبەبەکی لەو بابەتە نەبو لەگۆڕێ، حەمو مەسەلەکە عیبارەت بو لەکەرایەتی عەقری منداری.
لەدوای وەختی عەسران یەکدو منداری تەیراوە دەهاتنە سەرجادەکەی سینەما سیروان و لەخوارێوە هەندەک جونیان دەدایە ئەو مندارانەی لەسەر لێواری قەراتێ دانیشتینە، ئیدی دەبوە شەڕە جونی یەکتری و لەهیکرا کوڕانی قەرات هەندەک بەردو کەرپوچیان غلۆر دەکردە خوارێ .
مندارانی تەیراوەش کە پێشتر بەردیان خڕکردیتەوە بەردەقانیەکانیان حەشو دەکرد و شەڕ دەستی پێدەکرد..
کە هاتو هاوار هەردەستا ئیدی تەعزیزاتی مندارانی قەراتێ دەگەشتنە لایانو، تەیراوەییەکانیش بە برا گچکەکانیان هاواریان لۆ منداری تەیراوە دەبردو ئەوانیش لەکۆڕانانەوە بە دارلاستیقو بەردەقانی خۆیان دەگەیاندە معەسکەری مندارانی تەیراوە.
شەڕە بەرد گەرم دەبو، سەر جادەکەی سینەما سیروان پڕ دەبو لەگاشە بەردو کەرپوچ و، ئیدی خین دەڕژا، سەری مندارنی قەراتی بە بەردەقانی دەشکاو، لاچاوەکی هەندەکیان بەدار لاستیق بریندار دەبو، مندارانی تەیراوەش عەینەن شت، ئەوجا حەتا مەغریبان کابرا گۆتەنی شەڕی دەستەویەخە بەردەوام دەبو، دوایی ئینسحاب دەستی پێدەکرد لۆ ماران، داکەکانمان دەکەتنە سەر تیمار کردنو بەستانی برینەکانی سەرمان بە پەمۆو پەڕۆ.
ڕۆژی دواییش ئەمنی تەیراوەیی و حیسامی قەراتی برادەرم لەچایخانەی عەبۆ یەکترمان دەگرتەوەو پێکەوە چاو بیبسیمان دەخواردو دۆمینەو تاوڵەمان دەکرد.
جار جار حیسام برینی لاچاوەکەی پیشانم دەداو ئەمنیش برینی سەرە شکایەکەم و دەستمان بەفشەفشە دەکرد لەسەر شەڕەکەی دونێ.
دەمەو عەسریش لەچایخانە دەهاتینە دەرێ هەندەکجار ئەمن پارەی حیسامم دەدا، هەندەک جاریش ئەو پارەی چاو بیبسیەکانی منی دەداو دەرۆیشتینەوە، ئەمن دەچوم بەردم خڕدەکردەوەو بەردەقانیەکەم دەردەهیناو، ئەویش کەرپوچی خڕدەکردەوەو دەهاتە سەر قەراتێ چاوەرێی ساعەی سفرمان دەکرد لۆ جەولەیەکی دی شەڕی برا بریندار کردن..
خۆزیا بەخۆزیای خوا شەڕی سیاسیەکانیشمان هەر وەکی شەڕی مەی منداران بایە، بەس سەر شکاندنی تێدابایەو، کوشتو بڕ نەبایە، خۆزیا مەکتەب سیاسیەکانمان وەکی مە لەدوای شەڕەکان لەچایخانە دابنیشتاینەو حیسابی یەکتریان بدابابە، ئێستا ڕۆژمان بەو ڕۆژە ڕەشە نەدەگەیشت..
لێرەدا بەجێتان دەهێلم با بچمە بەر ئاوێنە تەماشایەکی جێی ئەو برینانە بکەمەوە کە لەشەڕی نەگریسی تەیراوەو قەراتێدا ئاسەوارەکەی حەتا ئێستاش هەر مایە، باقی وەلسەلام.