ناونیشانی پەرتووک: بۆنسای
نووسەر: ئەلێخاندرۆ زامبرا
وەرگێڕان: ئارام ڕەشید
لە هەوڵ و بیرۆکەی نوێی ئارام ڕەشید، ڕۆمانی بۆنسای، ئەلێخاندرۆ زامبرای وەرگێڕاوەتەسەر زمانی کوردی و بەرلەوەی بەچاپی بگەیەنێت بە pdf پێشکەشی خوێنەرانی دەکات، ئەمەش ئەزمونکردنە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری تەکنەلۆژیا و گرنگیدانە بە خوێنەر بەتایبەتی لەم سەردەمی کۆرۆنایە، بۆ ئەوەی کەسێک بە سانایی لە مۆبایلەکەی یاخود لاپتۆپەکەیەوە لە ماڵ و شوێنەکەی خۆیەوە ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە.
چەند کورتەباسێک لەبارەی ڕۆمانەکە و نووسەرەکە:
ئەدەبيات لەمە جوانتر نانووسرێت
بۆنسای چيرۆکی خۆشەويستی نێوان (خوليۆ) و (ئێميليا)يە، دوو لاوی چيلليايی، کە هەر لە يەکەمين ڕستەوە ئاخروعاقيبەتيان ڕوون دەبێتەوە: (ئێميليا دەمرێت و ئەو بەتەنيا دەمێنێتەوە، گەرچی چەندين ساڵ پێش مردنی ئەويش، ئەو هەر تەنيا بووە.) ئەمە يەکەمين ڕستەی ڕۆمانەکەيە، بەڵام پرۆسەی گێڕانەوە پێشبينينەکراوە. ڕۆمانێک کە دەستپێکەکەی کۆتاييە و کۆتاييەکەشی کۆتاييەکی واقعييە. ئەدەبيات لەمە جوانتر نانووسرێت: (ئێميليا دەمرێت، خوليۆ نامرێت. باقييەکەی ئەدەبياتە.)
هەردووکيان دەڵێن پرۆستيان خوێندووەتەوە
خوليۆ و ئێميليا پێکدی ئاشنا دەبن، پێکەوە دەخەون، ئەوسا عاشقی يەکتر دەبن، هەر بەم سادەييە. لێکدی جيا دەبنەوە، بێ درامێک. جوانيی لە خودی ئەم تراژيديايەدايە، لەو هەقيقەتەی کە خۆشەويستيان بەرانبەر يەکتر کاڵ دەبێتەوە، بەڵام وابەستەی يەکتر دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکيش تەواو بووبێت. زامبرا لە چەند ڕستەی کورت دا وابەستەيی قووڵی ئەوان نيشان دەدات: هەردووکيان دەڵێن پرۆستيان خوێندووەتەوە، هەردووکيشيان درۆ دەکەن.
ڕەخنەگرانی ئەدەبی دەيانپرسی: زامبرا کێيە؟
ڕۆمانی بۆنسای، شۆکێک بوو لە مێژووی ئەدەبياتی ئەمەريکای لاتين. ڕەخنەگرانی ئەدەبی دەيانپرسی: زامبرا کێيە؟ چۆن دەبێت نووسەرێک بە ڕۆمانێکی وا بچکۆلەوە، کاريگەرييەکی وا گەورەی لەسەر خوێنەران دانابێت؟ چۆن دەکرێت گشت ڕەخنەکان ستايشئامێز بن، لە کاتێکدا ئەم کتێبە بچکۆلەيە، چيرۆکێکی سادەی عاشقانەی هەيە؟