(ناشتن و قەیرانی ناشتنی لاشەی مردووەکان.)
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی دانیشتوانی زەوی ڕوو لە هەڵکشانە، مرۆڤەکان زۆر دەبن و پێویستیان بە ڕووبەری زیاترە بۆ نیشتەجێبوون. کە ژمارەی لەدایکبوون زیاد دەبێت، ژمارەی مردنیش زیاد دەبێت. نەخۆشیە کوشندەکان و ڤایرۆسە جیهانگیریەکان هەڕەشە لە دانیشتووانی زەوی دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە پڕۆسەی زیادکردنی مرۆڤ پەک بخەن.
کاتێک لە ڕووبەرێکی دیاریکراو مرۆڤ زۆر دەبن، جەنجاڵی دانیشتوان دروست دەبێت. بەڵام دەبێت بیر لەوەش بکەینەوە، ئایا لاشەی مردووەکان چیان بەسەر دێت، کە شەڕ لەسەر بستێک خاکی نیشەتەجێبوونە؟!
هەڵگری هەر بیروباوەڕێک دەیەوێت مردووەکەی خۆی بە باشترین شێوە مەراسیمی بۆ ساز بکات و ماڵئاوایی لێ بکات. دەیانەوێت بە شایستەترین شێوە کە لایان پیرۆزە جەستەکە بسپێرن و ڕۆحیان بنێرن بۆ بەرزەخ! بەڵام کاتێک ڕێژەی مردن لە شوێنێکی جەنجاڵ هەڵدەکشێ، قەیرانی مردوو ناشتن دەستپێدەکات.
با سەرەتا بچین بۆ زنجیرە چیای هیمالایا...
لە زنجیرە چیای هیمالایا، لە بەرزی 4000 مەتر خەڵکانێکی کۆن لە شێوە گوندی بچوک نیشتەجێن کە ناسراون بە لاماکان، زۆربەیان پەیڕەوی ئاینی بوزان. خەڵکی ئەم گوندانە کاتێک کەسێکیان لێ دەمرێت، لەسەر ئاینی بوزا ماتەمینی بۆ دەبەستن، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ناشتنەکەیەتی. چونکە لەم بەرزاییە داری پێویست نیە تا لاشەکەی پێ بسووتێنن. ئەمان ڕێگایەک دەگرنەبەر کە هەزاران ساڵە بە پیرۆزی دەزانن، ئەویش ناشتنی ئاسمانی یە. لەم ناشتنەدا بانگی کەسێک دەکەن کە پەیڕەوی ئاینی بوزا نییە، ئەم کەسە دێت پێش ناشتنەکە دەست دەکات بە خواردنەوە تا مەست دەبێت، دووای ماتەمینەکە لە لایەن کەسوکاری مردووەکە، لاشەکە دەبەن بۆ سەر شاخی پیرۆز، ئەو شاخەی کە هەزاران ساڵە ناشتنەکەی لێ ئەنجام دەدرێت. لەوێ کەسە نا بوزاییەکە بە تەورێک لاشەکە پارچە بە پارچە دەکات و پارچەکانی دەدات بە هەڵۆکانی هیمالایا!. ئەوان ئەم ڕێگایە بە پیرۆز دادەنێن و دەڵێن بەم شێوەیە خۆمان لە بۆنی پیس و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە دەپارێزین. هەروەها جەستەکە لەپێناو ڕۆحێکی تر دەبەخشینە سروشت.
با بگەڕێینەوە ئێستا...
ئەمساڵ قەیرانەکان زیاتر قوڵ بوونەوە، هیندستان بە نموونە.
لە کۆتایی ساڵی 2019 کاتێک هەواڵی ڤایرۆسێکی نوێ بڵاو بوویەوە بە جیهان، زوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دا لە مەترسی ئەم ڤایرۆسە. چەند وڵاتێک گرینگیان پێداو ئامادەکاریان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. بەڵام ئەوەی لێرەدا شایەنی باسە وڵاتی هیندستان بوو، کە دووەم گەورەترین وڵاتە لە ڕووی دانیشتوانەوە. هەروەها یەکێکە لە پیسترین وڵاتانی جیهان بە شێوەیەک لە 30 پیسترین شاری جیهان، 22ی لە هیندستانە.
بەرلەوەی میوانە ترسناک و بکوژەکە بگات، خەڵکی ئەم وڵاتە گاڵتەیان بە شتێک دەهات کە بە چاو نەدەبینرا، هەر یەکەو لە شوێنی خۆی و بە بیروباوەڕی باوباپیرانیەوە دەیگوت ئەم میوانە ڕاناگرین و شوێنی لای ئێمە نابێتەوە. هەندێکیان بە میزی مانگا خۆیان دەشووشت و هەندێک بە تەپالەکەی لەشی خۆیان سواخ دەدا. هەندێک خۆیان غەرقی دووکەڵی تەپالەی فیل دەکرد و هەندێک لەبەر ئاگر دادەنیشتن. هەندێک دەیانگوت بتەکان دەمانپارێزن. کاتێک میوانەکە گەیشتە نێو دڵی شارەکان، قۆڵی هەڵکرد لەم خۆراکە چەورە!
تا وای لێهات لە ڕۆژێکدا 4000 چوار هەزار کەسی دەکوشت.
ئەم ڕێژە بەرزەی مردی خێرایە قەیرانی ناشتنی دروست کرد، ئەوانەی لە گۆڕەپانی نیودەلهی لاشەی مردووەکانیان دەسوتاند، وای لێهات داریان بۆ سوتانی لاشەکان دەست نەدەکەوت، بەناچاری چەند مردووەکیان پێکەوە دەسوتاند. ئەوانەشی لاشەی مردووەکانیان فڕێی ناو ڕووباری گانجێس دەدا وای لێهات بۆنی لاشەکانی ناو ڕووبارەکە خەڵکی هەراسان کرد. ئەوانەشی لەژێر زەوی دەیانناشت وای لێهات زەوییان لە شارەکان دەست نەکەوێت!
دوواجار ئەم میوانە بەچاو نەبینراوە نەک تەنیا پانتاییەکی گەورەی لەم وڵاتە داگیر کرد، بەڵکوو یاتاخی ڕاخست و نەوەشی خستەوە!
ئەی ئەوانەی جەستەیان نانێژن!
ماوەیەکە پرۆسەی هەڵگرتنی لاشەی مرۆڤ بە بەستوویی کە ناسراوە بە (Cryonice)، بۆتە جێی پرسیار و سەیرترین هەواڵەکانی جیهان. پەیڕەوانی ئەم کارە و خاوەن پڕۆژەکە وابیر دەکەنەوە کە لە داهاتوودا زانست دەتوانێت ڕۆحیان بەبەردا بخاتەوە و ژیانیان پێ بداتەوە. بۆیە دەیانەوێت جەستەکانیان هەڵبگرن تا ئەو کاتەی زانست دەگات بەم پێشکەوتنە.!
لە وڵاتێکی وەک ڕووسیا هەڵگرتنی لاشەی یەک مرۆڤ دەگاتە نزیکەی 30000 دۆلار، تا 2015 نزیکەی 270 کەس لاشەکانیان هەڵگرتبوو لەڕێگای ئەم پڕۆژەیەوە.
دوور نییە لە داهاتوودا قەیرانی ناشتنی لاشەی مردوەکان یەخەی مرۆڤایەتی بگرێت، ئایا ئەوکات پەیڕەوانی ئاینی چۆن مامەلە لەگەڵ جەستەی مرۆڤێکی مردوو دەکەن؟ ئەی زانست چی پێدەبێت؟! ئەوە مەسەلەیەکی گەورەیە لە داهاتوودا مرۆڤایەتی دەبێت ڕووبەڕووی ببێتەوە.
دڵدار داڵەڕێ