دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، لەساڵی 1974 خێزانەکەی ئاوارەی ئێران دەبن و ساڵی 1978 لە ئێران لەدایک دەبێت و خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە ئێران - #نەغەدە# تەواو دەکات و ساڵی 1997 بۆ خوێندنی زانکۆ دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە زانکۆی سەلاحەددین، لە زمان و ئەدەبی کوردی بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنێت.
ساڵی 2002 لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن – بگۆڕی ناوەندی هەولێر دادەمەزرێت و شارەزای جیهانی ئایتی و گەیاندن دەبێت و بەشدار دەبێت لە دانانی بگۆڕ لە شارەکانی #هەولێر#، #دهۆک#، #شەقلاوە#، #چۆمان#، هەروەها شارەزای جیهانی ئایتی و دروستکردنی ماڵپەڕ دەبێت و چەند ماڵپەڕیک دروست دەکات.
ساڵی 2005 لە وڵاتی ئەردەن بەشداری خولێکی GIS دەکات و دەگوازرێتەوە دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ساڵی 2008 دەبێتە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی هەمان وەزارەت. لەبەدواداچوون و گەڕان بۆ پەرەپێدان و خۆبەهێز لە کارەکانی، شارەزای پەیوەندییە گشتییەکان دەبێت و هەست دەکات کە ئەم بوارە پێویستە لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت. لە ساڵی 2013 لەگەڵ هاوڕێیەکانی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکان دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان. چەندین خولی سەبارەت بەبابەتەکانی پەیوەندار بە پەیوەندییە گشتییەکان ڕێکخستووە یا بەڕێوەبردووە و دوو ژمارە لە گۆڤاری پەیوەندییە گشتییەکان بڵاو دەکەنەوە کە ئەرکی سەرنووسەری پێ دەسپێردرێت.
ساڵی 2015 ڕاژەی دەگوازێتەوە دیوانی چاودێری دارایی و لەێ دەبێتە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان.
لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی تەورێز، بڕوانامەی ماستەر لە زانستەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان) بەدەست دەهێنێت و هەروەها بەشداری خولی MBA لە زانکۆی تەورێز دەکات.
چەندین خول و سیمیناری سەبارەت بە ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل، فرۆش ومەندوبی ئەنجام داوە و وەک ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەیوەندییە گشتییەکان و فرۆش و مەندوبی کار دەکات.
$بەرهەمە چاپکراوەکان:$
1. هونەری ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆل لە کار و بۆنەکاندا. (دووجار چاپ کراوە).
2. فرۆشیاری پڕۆفێشنال.
3. مەندووبی سەرکەوتوو.
4. بازاڕدۆزی دیجیتالی (هاوبەش لەگەڵ ئاراس نووری).
$پەرتووکی بەردەست:$
1. پەیوەندییە گشتییەکانی بازرگانی
2. وەرز و ڕۆژە کۆردییەکان[1]