ساڵی 1978 کە شیوعی لێیان قەوما لەگەڵ بەعس، کۆمەڵێکی زۆر خۆیان لە دەستی ڕژێمی بەعس ڕزگار کرد و هانایان بۆ شاخەکانی کوردستان برد، ژمارەیەک لەو شیوعیانە، هاتنە سماقولی گرتک، بەڵام بۆ ئێوارەی ئەو ڕۆژە حوکمەت پێی زانی و هەرچوار دەوری گرتن، جەیش و جاش لە پێشەوەی ئاوایی و کۆپتەریش لە پشتی ئاوایی بۆیان دابەزی، شیوعیەکان هیچ ئەزمونێکی شەڕی پارتیزانیان نەبو، زۆربەشیان مامۆستاو دەست و پێ سپی بوون، بۆیە شەڕەکە بە زیانێکی گەورەی شیوعیەکان تەواو بوو، نزیکەی 13 پێشمەرگە شەهید بوون و، هەندێکیشیان ملی چیای ئاوەگردیان گرت و لە شوێنێک کە پێی دەگوترێ (جوتە گەڵی)، خۆیان دەشارنەوە، هەر ئەو شەوە بەفر دەبارێ، بەفری ئەوکات کە سەرەتای زستان دەباری تاکو بەهار ڕەش نەدەبۆوە..
لە ناوەڕاستی مانگی ئادار هێشتا بەفر بە تەواوی نەتوابۆوە، دارکەری گوند دەچن دار ببڕن، سەیر دەکەن سێ مەیت لەوێ کەوتوە، وەکو خەویان لێ کەوتبێ ئەوها بوو..
مەیتەکان دەبەنەوە ناو ئاوایی و دەیانەوێ بیانشارنەوە، چەند پیاوچاکێکی گوند دەیان شۆن، بەڵام لەکاتی شۆردن، دەبینن یەکیان مەسیحیە، جانازانم بە هۆی سەلیبەوە زانیبویان یان بە هۆی سونەتەوە، من بیستم گوتیان یەکیان سونەت نەکرابوو..
خەلکی سماقولی گرتک زۆر وابەستەی دینن، پرس بە مەلا دەکەن کە ئایا لە قەبرستانی موسلمانان بینێژن یان نا؟
مەلاش دەڵێ جایز نیە، بڕۆن لە دووری ئاوایی لە شوێنێک بینێژن..
مەبەست لەم گێڕانەوەیە :
1- زانینی مێژوی دۆڵی سماقولی.
2- زانیاری لەبارەی خەباتی حیزبی شیوعی.
3-ئەگەر کەسێک مرد دوای چەند ڕۆژێک هیچ تەڕایەتیەک لە لاشەی ئەو مردوە نامێنێ، لەو ڕۆژانە دیعایە بڵاو بۆوە، کەوا تەرمێک دوای 31 ساڵ لە گۆڕ دەرهێنراوە و هەر خوێنی لێ چؤڕاوە، ئەو تەرمەی ناو خامە سپیەکە هەوە، بەڵام ئەوە درۆیەکی شاخدارە، چونکە ئەو خامە نوێیە و دیارە دوای دەرهێنانەوەی تەرمەکە شوشەیەک خوێنیان بەسەر شوێنێکی پەیکەرە ئێسکەکە دا کردوە و ئینجا ڕەسمیان گرتوە، بۆچی لە کاتی دەرهێنانەوەی تەرمەکە بە ڤیدیۆ بڵاویان نەدەکردەوە، ئەمرۆ مۆبایلی زیرەک لە هەمو شوێنێک هەیە ؟پاشان خوێن ڕێژەی ٪90 ی ئاوە، ئاویش دەبێ بە هەڵم..
بەڵام هی ئەو پێشمەرگە شیوعیانە بە هۆی ساردیەوە تەرمەکانیان وەک خۆی مابوو، دوای چوار مانگ..
ئازاد سماقوڵی