ڕۆمانی کوردی لە نێو ڕەوت و دیدە جیاوازە کانی ئەدەبی جیهانی، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی
دڵشاد کاوانی[1]: فرەڕەهەندی بنەمایێکی بەهێزە بۆ دیاری کردنی ڕۆمانی باش و ناوازە. ئەوانەی زمان سادە دەکەنەوە چیڕۆک چڕدەکەنەوە ئەمانە نووسەرانێکن پانتایی بیرکردنەوەیان بچووکە و هەڵگڕی مەعریفەیەکی پتەو و بەهێز نین.
دڵشاد کاوانی: کۆمەڵێک ڕۆماننووسی تازە پەیدابوون فێری ئەوە بوون دەڵێن دەبێت ڕۆمان زمانی سادەبێت و گرێی گاڵی تێدانەبێت، دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خوێنەرانیان بگونجێنن من پێم وایە پانتایی بیرکردنەوەی ئەم ڕۆماننووسانە خۆی سادە و ساکار و بێ ئەوەی خۆشیان هەست بەوە بکەن لەگەڵ ئاستی خوێنەرەکانیان دابەزیوون.
دڵشاد کاوانی: مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت.
لێکۆڵینەوە: دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕەخنەگر.
پێشەکی:.
ڕۆمان وەک دیارترین و تازەترین ژانری سەرەکی ئەدەبی، بۆتە بابەت و ڕوانینی جیا جیای ناوەندە زانستی و ئەدەبییەکانی جیهانی و وەک سەیروورەتێکی ئەدەبی خۆی خزاندۆتە نێو سەرجەم ئەدەبیاتی نووسراوی جیهان و ئەدەبە جیاوازەکانی گەلان و هەر یەکەیان بە زمانێک و کلتوورێکی جیاوازەوە لە ڕێگای ڕۆمانەوە دید و ڕوانین و بچم و دابونەریت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان نیشاند دەدەن.
چیڕۆک و ڕۆمان لە شێوەی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب بە سادە و ساکاریی لە هەناوی پەخشانەوە لە دایکبوو پاشان خزایە نێو فەرهەنگ و کایەکانی ژیانی مرۆڤ، بەم جۆرە ڕووی لە مێژووی ئەدەبییەوە ڕۆمان دەرگایای بەسەرو خواستی مرۆڤاییەتی کردوە دواتر گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بۆئەوەی بەراوردێکی ئەدەبی زانستیانە بکەین، دەبێت سەرەتا بزانین ژانری ڕۆمان چییە و چۆن و کەی وەک پێوستییەکی نووسین ڕووی کردۆتە نێو ئەدەبیاتی جیهان و مێژوویی ئەدەبی نووسراوی کوردی، ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشەیە ئەدەبییە داین، کە ڕۆمان وەک ڕەوتێکی تازە و هەنووکەیی دونیای ئەدەب پێیدا تێدەپەڕێت.
سەرەتا:.
ڕێشەی ڕۆمان بۆ وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ چیرۆک بەکاردەهێنرا. وەک ناسنامە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، ئێستا وا دادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە پەنجا هەزار وشە لە خۆ بگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوە لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات.
مێژووی ڕۆمانی جیهانی:.
هەرچەندە ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی تری ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، دەقی ڕۆمان کە بەشێوەی پەخشان نووسرابێت نەوەک شیعر و بە یەکەم ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤاییەتی دابنرێت و بە تەواوی بەشەکانییەوە مابێتەوە، ڕۆمانی (کەری زێڕین) لە نووسینی نووسەر و فەیلەسووفی ئەمازیغی لۆکیوس ئەپۆلیوس، لە ساڵی (125-180ز) ئەگەرچی ڕۆمانێکی دیکە پێش ئەو هەیە بەناوی (سێریکون) لە نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئەریتەر) کە لە ساڵی (66 ز) مردووە و ڕۆمانێکی تەنزئامێزە، بەڵام بە ناتەواوی گەیشتۆتە دەستی خوێنەران و هەندێک بەشی لێ فەوتاوە. بۆیە ڕۆمانی (کەری زێڕین) یەکەم ڕۆمانی کۆنە کە دەقەکەی هیچی لێ نەفەوتابێت و وەک خۆی مابێتەوە. ڕۆمانی (کەری زێڕین) بە شێوازێکی نوێی ئەدەبی و بەشێوەی پێکهاتەگەرایی نووسراوەتەوە کە کۆمەڵێک چیڕۆک لەخۆ دەگرێت، کەسی یەکەمی تاک ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، ئەو شێوازەی لەم ڕۆمانەدا بەکارهاتووە، لە سەردەمەکانی دواتر لە گەلێک ڕۆماندا بەکارهێنرا و سوودی لێ وەرگیرا و تا ئێستاش سوودی لێ وەردەگیرێت.
لۆکیوس ئەپۆلیوس، نووسەرێکی لاتینی و گوتاربێژێکی ئەمازیغیی نۆمیدیە و فەیلەسووف و زانای سروشت و ڕۆماننووس و شانۆنووس و داستاننووس و شاعیر بووە، خەڵکی ناوچەی نۆمیدیا بووە، کە دەکەوێتە وڵاتی جەزائیری ئێستا. لە ساڵی (125 ز) لە شاری مادور (مداوروشی جەزائیر) لەدایکبووە، لە ساڵی (180ز) کۆچی دوایی کردووە.
سەرەتای ڕۆمانی ئەوڕوپی نوێ:.
لە دوای ئەوە، توێژەرانی ئەدەبی، باسی ڕۆمانی دۆن کیشۆت ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس (1547- 1616ز) دەکەن، کە بە دوو بەش لە ساڵانی (1605) و (1615) بڵاوی کردۆتەوە و بە یەکەم ڕۆمانی ئەوروپیی نوێ، بە یەکەم گەورەترین کاری ئەدەبیی جیهانی دادەنێن و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراوە.
ڕۆمان لە جهیانی عەرەبی:.
بەمەش هونەری ڕۆمان زۆر دواتر دەگاتە جیهانی عەرەبی و ڕۆمانی ئاقیبەت خێر (حسن العواقب) ی زەینەب فەواز کە لە ساڵی (1899ز) دەرچووە، بە یەکەم ڕۆمانی عەرەبی دێتە هەژمار، دوای ئەویش ڕۆمانی دڵی پیاوەکە (قلب الرجل) ی لەبیبە هاشم کە لە ساڵی (1904ز) بڵاوی کردۆەتەوە، پاشان ڕۆمانی بەدیعە و فواد (بديعة و فؤاد) ی عەفیفە کەرەم دێت، کە ساڵی (1906ز) بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆماننووسە ئافرەتانە، پێشەنگی ڕۆمانی زمانی عەرەبین و هەرسێکیان خەڵکی وڵاتی لوبنانن. ئەمە لە کاتێکدا کە تا ماوەیەکی زۆر و بەر لە دۆزینەوەی ئەمانە، لە مێژووی ئەدەبی عەرەبیدا، ڕۆمانی (زەینەب) ی محەممەد حوسێن هەیکەل، کە لە ساڵی (1914ز) بڵاوبۆتەوە، کە بە یەکەم ڕۆمانی عەرەبی دەزانرێت.
ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا:.
کەچی زۆر لەوە بەکاوەخۆتر لە ئەدەبیاتی کوردی لە ڕووی گێڕانەوەوە، وەکوو هەموو بوارەکانی دیکە، لە دوای ئەدەبیاتی وڵاتانی دیکە دێت، یەکەم ڕۆمانی کوردی، لە ساڵی (1935) لە لایەن عەرەبی شەمۆ (1897- 1978)، لە ئەرمەنستان بە ناوی (شڤانێ کورمانجا) بڵاوکراوەتەوە کە بە پیتی ڕووسی نووسراوە، بەمەش (شڤانێ کورمانجا) دەبێتە یەکەم ڕۆمانی کوردی کە چاپ و پەخش کرابێت.
پێش ئەوە، ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) کە ئەحمەد موختار جاف لە ساڵانی (1927- 1928) نووسیوییەتی، بەڵام ئەو کات و بە هۆی نەگونجانی بارودۆخەکە، یان هەر بارودۆخێکی دیکەی پەیوەست بە نووسەرەکەیەوە، ئەم ڕۆمانە چاپ نەکرا و بە دەستنووس مایەوە، تا دوای ساڵانی حەفتا، ئینجا چاپ و بڵاوکرایەوە.
یەکەم ڕۆمانی چاپکراوی کوردی باشووری کوردستان، ڕۆمانی (پێشمەرگە)یە، کە دکتۆر ڕەحیمی قازی نووسیوییەتی و سەرەتا لە ساڵی (1959) لە شاری ئیرەوانی وڵاتی ئەرمینیا چاپ کرا و چاپی دووەمیشی لە بەغدا لە ساڵی (1961) بڵاوبۆ تەوە.
قۆناغەکانی ڕۆمان:.
ڕۆماننووسان، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزری و پێویستی ئەدەبی و کەرستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بە ڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێنەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بە گشتی بەم جۆرەیە.
ڕۆمانی سەدەی نۆزدەم.
لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لە ژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و هەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون.
گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی 1847 لە نووسینی چارلۆت برۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لە ناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.
نمونەیەیەکی دیکە (وزەرین هایت) کە لە ساڵە 1847 بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە.
هەروەها ڕۆمانەکەی هێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بە ناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی 1851 نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی ناسانیەل هۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.
ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا.
ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (1837- 1901). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستەدەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە هۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریانە بەناوبانگەکان وەک چارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کریسمس کارۆڵی) لە ساڵی 1843 نووسیووە. لویس کاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی 1864 و (بەناو شێوە شووشەییەکە) دا لە ساڵی 1871 نووسیووە.
ڕۆمانی ڕیالیزمی.
ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەری هەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سروشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێهێزبووبوون بەهۆی سروشتیانەوە.
نموونەی ڕۆمانی سروشتگەرایی (کابینەی خاڵە تۆم) هاریت بیچێر ستۆوە، لە ساڵی 1852 دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیوییەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لە لای (تۆم ساویێر) لە ساڵی 1876 و (سەرکێشی هەکەلبێری) لە ساڵی 1885 لەلایەن (مارک تواین) و (ساموێل لانگهۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.
ڕۆمانی (مۆدێرنتە) و سەدەی هاوچەرخ.
ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەشدەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنتە (1900-1945) و (ئەدەبیاتی هاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆستمۆدێرنتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و هاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر هۆکارەکانی مرۆڤدا، سروشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمفی سەرەکی ڕۆمانەکانە.
ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی فێتنام و هێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمەنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، لە کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی نو بێ وسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
ڕۆمانی پۆستمۆدێرن.
هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی هاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆستمۆدێرنتە، هاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناوی و خەیاڵ و ڕۆمانی هێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە لایەن هێزێکی بەهێزترەوە فرمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنها هۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنییەتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆستمۆدێرنتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) 1982، لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی 1966، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە 1976، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی 1973، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (100 ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا مارکێز.
ڕۆمانی ناوخۆ:.
لە سەرەتاکانی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەقی ڕۆمان لە ئەدەبییاتی کوردی کەوتە جمووجۆڵ و گەشەی ئەدەبیی خۆی کە لە ڕۆماننووسانی شەستەکان دێن، بگرە تا دێتە سەر نەوەی حەفتاکان، نەوەیەکی دیاری ڕۆمانووسانی کوردین زۆر بە ڕوونی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیاڵیستی و بە هۆی بوونی کێشەیەکی نەتەوایەتیی زیاتر بەرەو ئەدەبی بەرگری و ناسیۆنالیزمی و بە دیاری کراوی لە ژێر هەژموونی ئەدەبی ڕووسی دان. بەتایبەتی ماکسیم گۆرکی و دیسکۆفیسکی تریرۆدۆسکی کاریگەری تەواویان بەسەر ڕۆماننووسانی کورد هەیە. بۆیەشە زۆتر گۆشەنیگای ئەدەبی ئەوانە لەسەر فۆڕم بووە، نەوەک تەکنیک و شێوزا و بونیادی ئەدەبیی.
لە ئەدەبیات دا بە گشتی پێوەرێک هەیە و پەێڕەوی دەکڕێت وەک جولیا کریستۆفا دەڵێ: هەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕێشەی لە ناو تێکستی پێش خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە گەڕانەوەی نەوە بۆ پێش نەوەی خۆی ڕەنگە ڕەوابێت، ئەمە بە هێزی نەوەی دواتر دەردەخات. لێ من ئەمە بۆ ڕۆمان بە باش نایبینم چونکە دەبێت ڕۆمان هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاری و پێویستی ژیانکردنی مرۆڤایەتی خۆی نوێ بکاتەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆڵ و ئاڕاستە نوێکانی ڕۆمانی جیهانی ڕێ بکات.
من ئەم دەرچوونە لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بەدەگمەن دەبینم، هەرچەندە خۆ جیاکردنەوەی ئەدەبی پێوستی بە ڕێچکە و ڕێبازی ئەدەبی خۆجێی هەیە. بەڵام لە ئەدەبیاتی کوردی تەنیا هەوڵ دەبیندڕێت، هەروەک هەروەک ئۆکتاڤیۆپاس گوتوویەتی: نوێخوازی لەبەرانبەر نوێخوازییەکی تر ڕەخنەی گرتووە و خۆی بەیان کردووە، بۆیە لەڕێگەی مانیفێستەوە دەریدەبڕن. بەشەکەی دیکەیان ئەو جەنگەیە کە لەنێوان گرووپی ئەدەبی شارچییەتی هەیە، بیانووەکەش ئەوەیە کە جیاوازی ستایلی کارکردنە، یاخود جیاوازی بۆچوونە بەرانبەر بە زمانی ئەدەب. ئەگەرچی مانیفێستەکە چ لەنێو فیکر و چ لەنێو ئەدەبیاتی گەلانیشدا شتێکی نوێ نییە، پێشتر لەنێو ئەدەبیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتیشدا هەبووە، بۆ نموونە لەنێو فارسەکاندا، (بزورگی عەلەوی و سادقی هیدایەت و د. موسەدەق) هەبوون، ئەم ئەدیبانە لەژێر کاریگەری ئاڵوگۆڕی ڕەوشێکی سیاسی لە ئێران، ئەو مانیفێستەیان دەرکرد، لەناو عەرەب و بەتایبەتی ئەدیبانی عێڕاقیش وەک (سامی مەهدی و فازل عەزاوی و فەوزی کەریم و خالید عەلی) درووستبوون، ئەمانیش لەژێر کاریگەری فیکری چەپگەرایی بوون کە لە ئەوروپا وە وەک پڕدێک لە لوبنان و میسرەوە ڕووی لە عێراق کردبوو، ئەم دەستانە خۆیان ڕاگەیاند و مانیفێستی تایبەت بە خۆیان بڵاو کردەوە.
دەستە و گروپە ئەدەبییە کوردییەکان.
بەهەمان شێوەش لەناو ئەدیبانی کورد، مانیفێستەی ئەدەبی گرووپی کفری و ڕوانگەییەکان بەتایبەتی بزوتنەوەی (ڕوانگە لە ساڵی 1970) هەبوون، ئەم بزوتنەوەیە یەکەمین بانگەوازی خۆی لە بەرواری 25/4/1970 دا لە ژمارە (15) ی ڕۆژنامەی (هاوکاری) لە شاری بەغدا بڵاوکردەوە. بزوتنەوەکە خواستی سەرەکی نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی بوو، بە هەوڵی کۆمەڵێک قەڵەمی تازەی ئه و سەردەمە کە دواتر دەبنە ناوێکی دیاری ئەدەبیاتیی کوردی، لەوانە (حسێن عارف، کاکەمەم بۆتانی، جەمال شارباژێڕی، جەلال میرزا کەریم، کەمال ڕەووف محەمەد شێرکۆ بێکەس) ئەمانە لە ژێر دروشمی (بیری نوێ، وتەی نوێ، کرداری نوێ)، هەستکردن بە زەرورەتی تازەکردنەوەی ئەدەبی کوردی و نوێکردنەوەی جیهانبینی خوێنەرانی کورد، هەڵدەستن بە داڕشتنەوەی کۆمەڵێک فۆڕم و پێودانگ و جومگەی کۆنی ناو ڕۆشنبیری کوردی و گۆڕینی بە فۆڕم و ناوەڕۆک و بابەتی تازه. لەوانە شێرکۆ بێکەسی شاعیر یەکێک بوو لە ڕابەرانی بزوتنەوەکە هەرچەند ڕۆماننووسانی وەک حسێن عارف و کاکەمەم هەبوون، لێ ئەمە زێتر لە لە چوارچێوەی شیعریی و هەوڵی تاکەکەسی مایەوە، نەوەک دەستە و گروپ.
هەروەها لە نەوەدەکانیشدا مانیفێستی (وێران) و پێشووتریش کۆمەڵێک نووسەری هەولێر دەستە چەمعییەکیان بەناوی قوتابخانەی هەولێر هەبووە، لە هەندەرانیش گرووپی (ڕەهەندییەکان) لە پەنای کاری فیکری و لێکۆڵینەوەدا خۆیان ڕاگەیاند. لێ هیچ یەکێک لەو دەستە و گرووپانە کاریگەری خۆیان نەخستە سەر نەوەکان و ئەو ستایلە ئەدەبییەش کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت. لێ لە هەر یەکێک لەم بزوتنەوە ئەدبییەکان بەتایبەتی کوردی ڕۆڵی چێڕۆکنووسان و ڕۆماننووسان کەمتر دەردەکەوێت و مانیفێستەیانە نەبووە مۆدێل و گوتارێکی زاڵی ئەدەبی و نەوەی دوای ئەوان بیکات بە بنەما و کاری پێکات، چونکە ئەدەب کاری تاکگەراییە نەک گرووپ کە ئەمە دوای چارەکە سەدەیەک بوو بە تێگەیشتنی فیکری لەناو ئەدیبانی کورد، هەر بۆیە دواتر لەبەریەک هەڵوەشانەوە، کە بینیمان گرووپەکانی کەرکووک و ڕوانگە و هەولێر و ڕەهەندەکان چۆن توانەوە و نەیان توانی تاکو نەوەکانی تر شتێک زیاد بکەن بۆ سەر ئەو مانیفێستە ئەدەبییانە، چونکە دەرکەوت ئەدەب کاری تەنیاییە نەک گرووپ.
دواجار ئەوەی کە لەچەمکی مانیفێستەوە تێدەگەین، کارێکی دوو پەتییە، یەکەمیان:. لە پشت دەقی ئەدەبیدا مشتوومڕێکیی مەعریفی و هزریی دێنێتە ئاراوە تا برەو بە جیاوازییەکان بدات، دووەمیان:. ئەوەیە کە لەو دیووی ئەدەبدا جیاوازییەکان دەمرێت، دەرووناسی کەسی توندڕۆ دادەبڕێنێت لە نووسەری دەق کە ڕەخنە لە دەقەکەی دەگیرێت و بە ئاسایی وەریدەگرێت، ئەوەش کە گورز لە جیاوازی دیدگا دەوەشێنێت، گرووپێک ئەوانیتر پشتگوێ دەخەن و دایاندەبڕن لە دونیای ئەدەب، بە بیانووگرتنی نوێخوازی و دابڕان و کەلێنێک دروست دەکەن و تاقی دەکرێنەوە، بۆیەیە هەموو مانیفێستەک تەنیا وتەنیا بۆ ماوەیەکی کورت دەڕۆن نەوەک درێژ.
دوو دەیەی پێشوو مایەی ئەوە بوون کە ببنە فاکتۆیەک بۆ گەشەسەندنی ئێستای ڕۆمانی کوردی هەرچەند ڕۆماننووسانی نەوەکانی پێشوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین.
لەوانە حسێن عارف لە هەشتاکانەوە هەردوو ڕۆمانی شار و ئەندیشەی مڕۆڤێکی چاپ کرد، عەزیزی مەلا ڕەش کوێخا سێوێ و غەوارە خەسرو جاف کۆردەرە و هیچی چاپ کرد.
لە ئەدەبیاتی شاخ و کێو دا، محەممەد موکری ڕۆمانەکانی سەگوەڕ و تۆڵە و هەرەس و حەمە کەریم عارف کۆچی سووری چاپڤکرد. لە هەندەرانیش چەند بەرهەمێک لەدایکبوون وەک ڕۆمانی مرنا کاڵەکەی ڕەند و هاوارا دیجلەیێ محەممەد ئۆزۆن، بەشێوەزاری کرمانجی ژووروو.
ئەگەر چی لەم قۆناغانەشدا یەک شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری شۆسیالیستی ناسیۆنالیزمی بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.
سەرباری ئەو ڕۆمانانە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی ڕەچەڵەک کورد ڕۆمانیان بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسی ناوبانگی جیهانییان هەبوو وەک یەشار کەمال کە بە تورکی دەنووسێت (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەینووسی.
هەرچەند ئەم ڕۆماننووسانە لە لایەنی زمان ناچنە خانەی ڕۆمانی کوردی کەچی لە ناوەڕۆک باسی ژیان و خەباتی کورد دەکەن.
-دواین نەوەی ڕۆماننووسی کوردی.
تا ئێستا جگە لە چەند ڕۆماننووسێک کە بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرین، گەرنا بە گشتی ڕۆماننووسانی گەنج لەژێر هەژموون و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەی پێشوتر دەرنەچوون و نەیانتوانیوە ئەم قاوغە تێک بشکێنن. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر من دوو ڕۆمانی دوونەوەی جیاوازم خوێندەوە کە هەردووکیان لە ناوەڕۆکدا یەک باس بوون. کە یەکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانە دووەمیان ڕۆماننووسێکی تازەیە، هەردووکیان لە فۆرم و ناوەڕۆک باسی ڕێکخستنەکانی ناو شاری بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن. ئەمە کاردانەوە و موتربە کردنی بیری لقی دوومە لەسەر فۆڕم و بیری و کەدی یەکەم لق و پۆپی گرتووە، کە دەبووایە سیمایەکی نوێی بە بیرەکەی دابوایە. بۆیە پێوستە ڕۆماننووسان هەمیشە خۆیان تازە بکەنەوە و بەرەو ڕەوت و کارتێکردنی تازە بچن، لە بەرامبەرشیدا هەوڵی زۆر جوان هەن وەک پڕۆگرافیکی شەوانی باکۆی کەماڵ سەعدی، لە ڕووی شکلییەوە و سادیستییەتی ڕۆمانی بەڕێگاوەی بەندە و زانستیی مرۆڤی هەرزانی گۆران سەباح، عیرفانی ڕۆمانی میدیای هۆشەنگ شێخ محەمەد. کە بە تەواوی لە فکر و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانی پێش خۆیان دەرچوون و تازەن بە ئەدەبیاتی کوردی. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.
پەیام لە نێو ڕۆمانی کوردی دا.
هەمیشە لە هەموو دونیادا ڕۆمان پەیامێکی بەرزتری بۆ خوێنەرانی پییە، بۆیە زۆر جار نووسەر دەگەیێنیتە ئاستی دوودڵی و دڵەڕاوێکی جددی. لێرە کارامەیی و زەندی نووسەر خۆی زیت دەکاتەوە و دێتە پێشەوە کاتێک کە وا لە خوێنەر دەکات ناچار تا ئاستی دەق بەرزبێتەوە، چونکە پانتایی نێوان و خوێنەر نووسەر زۆر جار وەک پانتایی نێوان زەوی و ئاسمان واییە، گر نگە باشترین نووسەران ئه و کەسانە نەبن کە بۆ ئاستی خوێنەر نەیێنە خوارەوە بەڵکوو ئەوە خوێنەرە دەبێت به پایەکان و نەردەبانەکانی نووسین سەرکەوێت وەک جبار جمال غریب دەڵێ: من گەر یەک خوێنەرم هەبێت درێژە بە نووسین دەدەم.
سەرەڕای هاتنی گۆلباڵ و پێشکەوتنی تەکنەلۆژییا و سەرقاڵبوونی زیاتری مرۆڤەکان و خەریکبوونیان بە بابەتە کورت و خێراکان، تا ئێستاش ڕۆمان پێگەی خۆی لەدەست نەداوە و ڕۆماننووسانیش بەردەوام لە ڕووی تەکنیک و گرێچنی و گێڕانەوەی ڕووداوەکانەوە، پەرە بە هونەرەکەیان دەدەن. هەرچەندە لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زرنگەکان، باسی مەرگی نووسراوی سەر کاغەز و بەر لە هەمووشیان باسی مەرگی ڕۆمان لە جیهان دەکرێت. مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.
ڕۆڵی ڕۆمان لە هەمبەر فەلسەفەدا:.
هەڵبەتە ژانری ڕۆمان یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ئەدەب کە مرۆڤ بە دەربڕینی زمانێکی جیا لە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیان بەدەر لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەریی و بیرەوەرییەکان، بە زمانێکی تابەتی تر و باڵاتر لەوانەی پێشوو کە باسمان کرد، لە ڕێگای گەمەی زمان و گێڕانەوەی سەرد و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دەرخستەی داهاتووی خۆی پێ دیاری دەکات. هەروەک ئەلبێڕ کامۆ لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئێژێ ئەوەی ڕۆمانی پێ لە ژانرەکانی تری ئەدەبی جیا دەکرێتەوە هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی ڕۆمانە لە نووسینەوەی ڕووداوەکان بەمەش ڕۆمان وەک قورسترین و زەحمەترین ژانری ئەدەبی دیاری دەکرێت. بە هەمان شێوە کامۆی ڕۆماننووسی جیهانی لە درێژەی تێڕوانینە تایبەتییەکانی خۆیدا دەنووسێت بۆئەوەی بتەوێت ببیت بە فەیلەسووف سەرەتا بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە گەر بێت و ئەمە دیدگایەکی ئەدەبی بێت بۆ باڵگرتنی دەقی ڕۆمان، پێچەوانەکەشی هەر درووستە. وەک ژان پۆڵ سارتەری فەیلەسووفی بوونگەڕایی ولۆ سەرنجی دەخاتە سەر فەلسەفە فەلسەفە وەک نووسینی ڕۆمان وایە، لە هەموو ڕووداوێکدا پرسیارێک درووست دەکات بەم پێودانگە کەواتە دەکرێت ڕۆماننووس وەک فەیلەسووفێکی بچووک لێی بڕواندرێت. سەرباری ئەوەی کە مەرجە نووسەری ڕۆمان سەرەتا ئەدیب بێت و دواتر ڕوانینی تایبەتی و باڵای هەبێت بۆ ژیان و سەرداوی جیاواز و ئەبستکراتی و ڕەهایی هەبێت بۆ پڕۆژیکتۆیی ژیان و دەرخستەی نهێنی و پەنهانەکانی ناخی مرۆڤ لەبەر یەک هەڵبخات، شیکاری بۆ بکات و بیخاتە بەر خەرمانی ئەدەب و ئازایانە و بە بوێریەوە بیخاتە بەر باس.
هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی لە ڕۆماندا:.
مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.
یەکەمیان: تەنیا ڕووداوێکی دیاری کراو، خوێنەرێکی دیاری کراویش بە سەرنج دەگرێت.
دووەمیان: تەنیا یەک ڕووداوی گشتگیر پەیامێکی دیاریکراویش بەدەستەوە دەدات. وەلێ لە فرە ڕەهەندی ڕووداو دا خوێنەری هەمە ڕەنگ و پەیامی فرە چەشنیش دەکاتە ئامانج.
ئەرکی ڕۆمان لە ژیانی مرۆڤ:.
هەروەک چۆن هەردوو نووسەری دیاری جیهانی بواری دەروونی ماسۆشیەت و سادیزمی، دۆناتا فرانسۆ دیسادی فەرەنسی، ناسراو بە مارکیز دیساد لە ساڵی 1740- 1814 و فۆن زاخر مازۆخی نەمساوی لە نێوان ساڵانی 1836-1895 دوو نووسەری دەروونشیکران نەبوون بەڵکوو دوو ڕۆماننووس بوون توانیان گەورەترین هەر دوو نەخۆشی سادیستییەت و ماسۆخیزمی بدۆزنەوە. بەمەش دەشێ ڕۆماننووس ببێتە فاکتۆیەک بۆ چارەسەر و گۆڕانکاری گەورە لە سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە ڕزگاری و ئازادیی و پاراستنی چەمکە مرۆییەکان.
تەنانەت وەک بەرگریکاری نوێ و بێ لاگیری و گوێدانە قرخە قرخ و مقۆکان و هەڵواردەی جیاوازییە سروشتییەکان، ڕۆماننووس ڕۆڵی کارای دەبێ وەک ژیل دۆلۆز دەڵێت نموونەی هەرە گەش لای من بریتییە لە: کافکا، بیکێت، گیراسیم لۆکا و گۆدار، نووسینەوەی تەتەڵەیەکی زۆر جوانیان داهێنا، ئەویش نووسینەوەی تەتەڵەی تایبەتی خۆیانە. بەو پێیەش وەکوو کافکا ئەرکی ڕۆماننووس نووسینەوەی ڕووداوەکان و پیسی و پۆخڵی مرۆڤە وەک خۆی و لە ڕێگای شەپۆڵەکانی هزر و خەیاڵی تایبەتی نووسەر، بەمەش نووسەر دەبێتە هەڵگیرسێنەری شۆڕشێکی تایبەتی لە ناخی خوێنەردا و لێکەوتەکانیشی دەچێتە خزمەتی گیرفانی کەسانی تر، بەناوی شۆڕشی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، نەتەوەیی و نەژادی، ئەمەش بە ڕوونی لە لای ماکسیم گۆرکێ لە دایک و زانکۆکانی ژیانم و چیخۆڤ زیندە خەون و دیسکۆفیسکی لە تاوان و سزا دا بە سەرجەم ڕەهندەکانی دیکە دەبنە سەیرورەتی ژیان لای خوێنەر.
زمان لە ڕۆمانی کوردی دا.
سەرباری ئەوەی ڕۆمانی ئێستا لە ناوەڕۆکی گێڕانەوە و تەکنیک و شێوە و شێواز و بوونیاد بەهێزە، لە بۆگێڕەوەی هەمووشتزان و کەم شتزان دا، پێشکەتووترە لە ڕۆمانەکانی شەستەکان و حەفتاکان، ئەمەش کاریگەرییەتی زۆر و زەوەندی وەرگێڕانی دەقی بیانی و نووسەرانی بێگانەیە لەسەر ڕۆماننووسانی کورد.
پێم خۆش بوو ئەمە ڕوون بکەمەوە کە ئێستای ڕۆمانی کوردی لە ڕووی زمان و لە ڕێنووسی و ڕێزمانی کوردی، لە خراپیترین دۆخی زمان دایە و دەتوانین بڵێین زۆربەی ڕۆمانووسانی کورد نەشارەزان بە زمانی جگماکیی، هەر ڕۆماننووسێک ڕێنووسێکی تایبەتی خۆی هەیە و بەتایبەتی تر لە بەکار هێنانی زمانی و ڕێنووسی، سەرباری ئەوەی بۆچوونی جیاوازم هەیە. جەخار ئێمە تا ئێستا یەک ڕێنووسی دیاریکراو و یەکانگیریی کوردیمان نییە، بەڵکوو ئەسەف هەریەکەمان بە جۆرێک دەنووسێت. وەک ئەوە وایە بڵێین لە جەنگدا هەموو شتێک ڕەوایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زمانی داگیرکاریی زمانەکانی سەردەستە و کۆچ و تێکەڵی ڕۆمانووسانە بە ئەدەبی دەرەوە و کە سەری زمانی کوردی خواردوە.
ئەنجام:.
هەڵبەتە هەموو دەقێک چەندان گۆشەنیگای جیاوازی هەیە و دەشێت چەندان توێژینەوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەک دەق بکرێت، ئەوەی ئێمەیش شیانی ئەوەیە لە چەندان گۆشەی دیکەوە لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێن، وەلێ ناکرێت لەبارەیانەوە نەدوێن. ڕێی تێناچێت ڕۆمانێک بنووسرێت، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی هزری تاکی کورد نەکات، خوێنەری کورد تامەزرۆیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لا دروسست بێت، ڕۆماننووس بە ئاسانی دەتوانێت خوێنەری بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چۆن چێژ لە ژیان وەردەگرێت و زۆر جار خۆی لە دەقدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا دەستی ناکەوێت. بۆیە دوای ئەو لێکۆڵینەوەیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ڕۆمانی کوردی لە نێوەندێکی جیاوز دایە نە فرە دەنگە و نە یەک دەنگ، واتە ڕۆمانی کوردی نەوەک تاک توانیوییەتی وەک دەنگی جیاواز سنووری زمانەکانیتر ببڕێت و هەروەها وەک ڕەوت و دەستە و گروپیش نەبۆتە ئەودەنگە کە ببێتە ڕیبازێکی بە هێزی ئەدەبی و کاریگەری و لێکەوتەی بەسەر گەلانی دیکە دا هەبێت، تەنیا هونەری ڕۆمانی کوردی لەسەر هەوڵی جوانی تاکەکەسی ماوەتەوە.
سەرچاوەکان
کوردی:.
-ڕۆمانی کوردی، مێژوو و سەرهەڵدان، له سەرەتاوە تا ڕاپەڕینی (1991)- سەنگەر زراری. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (239)، نیسانی (2017)
-ڕۆمانی پێنجەمین کتێب. جمال جبار غریب.چاپی 2009.
-کتێبی یادداشتەکان ئەلبێر کامۆ. و پێشڕەو حسێن. چاپی 2011.
-کتێبی فەلسەفەی ژیل دۆلۆز. و ڕێبین ڕسوڵ اسماعیل. چاپی 2018.
-حسێن عارف : ڕوانگه و یاران و نەیارانی- دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی- چاپی یەکەم، 2005.
شوان ئەحمەد : ڕوانگەی یار و نەیار. 2013-12-04ڕۆژنامەی ئەیکتڕۆنی وتاری کورد.
مانیفێستۆی ئەدەبی. سمکۆ محەمەد. ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان 2019 ئازار 27.
عەرەبی:.
-تأريخ الرواية، الموسوعة العربیة العالمیة- مجلد (11)، مؤسسة أعمال الموسوعة للنشر و التوزيع, ط2، 1999.
- کتاب نظرية النص الادبي. عبد المللک مرتاض. 3- يونيو 20017.
- لأدب بين القومية والعالمية کيف يصبح الأثر الأدبي جزءا من الأدب العالمي. https://al-vefagh.ir/News/163716.html
فارسی:.
- دن کیشوت.سروانتس ترجمه ی محمد قاضی. - 29 بهمن- 3197.
-نام کتاب : مسخ (The Metamorphosis)نویسنده کتاب : فرانتس کافکا ژانر کتاب : پوچ گرایانه قالب ادبی : ڕمان زبان : آلمانی تاریخ خلق اثر : پراگ، 1912 تاریخ چاپ : 1915 ناشر: Kurt Wolff Verlag.
-بهرترین ڕمان ها تحلیل ڕمان 1984 اثر جورج اورول. پتامبر 23, 2019/2 دیدگاه /توسط محمدرضا تیموری.