$نایلە خان کێیە؟$
لەدایک بووی گەڕەکی شێخانی شاری #سلێمانی# بوو،
خوشکی نوسەری گەورەی کورد #جەمال عیرفان#ە و کچی عەبدوڵڵا عیرفانە، عەبدوڵا عیرفانیش یەکێک بووە لە پیاوە دیار و بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی، ماوەیەکی زۆر قازی بووە لەشاری سلێمانی و دەرووبەری خزمەتێکی زۆری کردوە و خۆشەویستی ناو خەڵک بووە، هاوژینەکەی ناوی ئامینە مەلا ڕەفعەت ڕەواندزی بووە، خاوەنی چوار کوڕ و چوار کچی هەبوون بەناوەکانی(جەمال، عەلی، ئەحمەد، کەمال، نائلە، کامیلە، حەبیبە، جەمیلە).
نایلە خان خێزانی شێخ حمە عەلی شێخ حسێن
بووە، کە قائمقام بووه لە ساڵی 1904 تا 1905 هەروەها قائمقامی #چەمچەماڵ# بوو..خاوەنی دوو کوڕ بوون بەناوەکانی(حەسەن و حسێن). کە هەر دوو کوڕەکەی بە گەنجی کۆچی دواییانکردوە..دوای ئەوە هیچ نەوەیەکیان لەدوای خۆیاندا بەجێنەماوە..
نائیلە خان لە بنەماڵەی خۆی کە بنەماڵەی عیرفانییەکان بوون و دانیشتووی گەڕەکی شێخان بوون موڵک و ماڵێکی زۆریان هەبووە، لە بنەماڵەی مێردەکەشییەوە کە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ بوون، بەهەمان شێوە دەوڵەمەند و موڵکدار بوون..
بۆیە پێش مردنی زۆربەی موڵکەکانی خۆی بەخشی بە کاری خێرخوازی، دوو زەوی گەورەی لەباشترین شوێنی شاری سلێمانی لەگەڕەکی تویمەلیک بۆ نەخۆشخانە بەخشیوە، کە بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕین بەهەڵە خانووی لەسەر دروستکراو نەخۆشخانە دروستنەکرا.
نایلە خان لەسەرەتای هەشتاکاندا لەگەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی لە ماڵی ڕوناک خانی جەمیل سائیب کۆچی دواییکرد..
کاتێک خۆی لە ژیاندا بوو، توانی لەسەر بوجە و زەوی خۆی لەساڵی 1979 دا مزگەوتێک لەسەر شەقامی شەست مەتری بەرامبەر بەگەڕەکی توی مەلیک دروستبکات، بۆ یەکەمینجار لەمێژووی کورددا توانی ڕێچکەشکێن بێت و ناوی خۆی بنوسێت. بۆ ئەم مەبەستە پیاوێکی دەستپاک و ڕاستگۆیی ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی کە پورزازای خۆی بوو بەناوی(عەلی تۆفيق ئەحمەد چنگیانی)، ئەم پیاوە زۆر بەدڵسۆزی سەرپەرشتی هەموو کارەکانی کردو بەباشی بۆی ڕاپەڕاند و ئەرکەکەی خستۆتە سەر شانی خۆی تا تەواو بوون.
$ویسترا مزگەوتەکە بڕوخێنرێت.!$
ئەم مزگەوتە بە بیانووی ئەوەی کە شوێنەکەی باش نییەو کۆنە، حکومەت ویستی بیروخێنێت، چونکە خاوەنی موڵکدار لە ژیاندا نەمابوو، دواتر بە توانای هەندێ کەسی باش ڕێگەیان نەدا ئەو مزگەوتە بروخێنرێت، لەوانە: غەریب ڕەشید، جەلال ڕەشید کە برا بوون.
_یەکەمجار مزگەوتەکە کە دروستکرا ناوی لێنرا نایلە عیرفان کە بەناوی خاوەن موڵک و دروستکاری ناولێنرا، بوو، دوای ساڵانێکی زۆر ویسترا کە ناوێکی تری لێبنرێت، بەڵام کەسوکاری بەوە ڕازی نەبوون، بۆیە کرا بە نایلە خاتوون..
_لە مێژووی کوردا بە یەکەمین ژن دادەنرێت کە مزگەوتێک دروست بکات لەسەر بودجە و موڵکی خۆی و بیکات بەناوی خۆیەوە.
داناز عەبدولڕەحمان
سوپاس بۆ خاتوو ڕوناک جەمیل سائیب کە زۆربەی زانیارییەکان لە بەڕێزیانەوە وەرگیراوە.[1]