ئازاد سماقوڵی
سەددام کە بێ ئومێد بوو لە شکست پێهێنانی شۆڕشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوای ڕاگواستنی سەرسنورەکان بە قوڵایی بیست کیلۆمەتر بە درێژایی سنوری ئێران و تورکیا، پاش ئەوەی بۆ هەر پێشمەرگەیەک کۆپتەرێکی تەرخانکرد لە شەڕی پارتیزانی شکستی هێنا، سەددام زۆر ڕق ئەستور بوو بەرامبەر بە کورد، کەسێکی خوێڕیش بوو، ئەوکات ڕاستە جێگری ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، بەڵام خۆی هەمو بڕیارێکی دەردەکرد، ساڵی 1978 سەردانی ئێرانی کرد و لە کۆشکی نیاوەران پێشوازی لێکرا و ئاهەنگی گۆرانی بۆ سازکرا، لەو ئاهەنگە مەهەستی گۆرانی بێژ گۆرانی گوت، لە کاتی ڕۆیشتنەوەی سەددام داوای لە شا کرد کە مەهەستی ئیزن بدا بچێت بۆ بەغدا، کاتێ گەیشتە بەغدا سەددام چەند گۆرانیەکی فارسی بۆ تۆمارکرد، کە ئەوکات شتێکی نامۆ بوو، گۆرانی فارسی لە تەلەفیزیۆنی بەغدا پەخش بکرێ، چونکە عێراق فارسی زمانی نەبو، لە گەڕانەوەی مەهەستی تاقمێک ئەلماسی بە هەدیە لە لایەن سەددامەوە وەرگرت.
ئەمەش بوە جێگای گومانی مێردەکەی مەهەستی و لە داخان سەری خۆی هەڵگرت و چوە ئەمریکا و مەهەستی تەڵاق دا.
هەر لەو ساڵە ئایشەشان هاتە بەغدا و چەند گۆرانیەکی لە تەلەفیزیۆنی بەغدا بۆ تۆمار کرا، ئەمەش هەر جێگای گومان و پرسیار بوو، تورکیای دوژمنی کورد چۆن ڕێگای دا ئایشەشان بچێتە بەغدا و گۆرانی کوردی تۆمار بکا، لە کاتێکا ئەو ساڵە ناخۆشترین ساڵ بوو بۆ ڕۆشنبیری کوردی لە عێراق.
هەر دوای گەڕانەوەی ئایشەشان، لە ماڵەوە لێیان دەبێ بە عاجزی، لە ئەستەمبۆل تا مردنی بە تەنیایی ژیا..
جا سەددام کە نەیتوانی شکست بە شؤڕش بێنێ، لە ڕوی دەرونیەوە تێکشکاو بوو بۆیە دەستی بۆ کارێکی وا قێزەوەنی داوێن پیسی برد و دوو هونەرمەندی کوردی داوەتکرد بۆ بەغدا تا پارسەنگی دەرونی خۆی ڕاستبکاتەوە..[1]