گەر تەمەن بگەڕێتەوە ئارەزوومە ببمەوە بە کیژۆڵە نازدارەکەی زانکۆ
لەوێ لەژێر دار ئەرخەوانەکاندا بەدوای نازدارترین عەشقدا بگەڕێم و بگەڕێم و قەدەری نازداری تەمەن خەندە پێکەنین بدۆزمەوە
ئەمەوێ زۆرنازدارانە ئاوازی ویستنی مەعشوق بژەنم..ئەمەوێ و گەرەکمە چۆلەکەکان فێربکەم چۆن لەیەکدی بڕوانن چۆن دەنوک لەیەکدی بسون چۆن ئاوێزانی یەکدی ببن.
ئەمەوێ لەژێر دار ئەرخەوانەکەی زانکۆدا یار هەمووڕۆژ چاوەڕوانی ژووان بێت و بە چڵێ گوڵی سورەوە دێڕێ لە شیعری غەمبارم بۆ بخوێنێتەوە، بەچرپەوە پێم بڵێ نازدارەکەم ژیان و تەمەن کورتە ڕاکە بەرگە سپیەکەم بۆ بپۆشە کە لەتەنیشت بڕوانامەکەت بۆم داناوی سبەی تەخەڕوجمانە و من و تۆ زەماوەندمانە بەڵێنت پێ ئەدەم تاکە خاتوونی نازدارم بیت و ئارەزوومە تەنها خەندەم بۆ بکەیت بە کێژۆڵەکەشتم وتوە لەداهاتودا وەک تۆ تاکە نازداری بابە بێت، نەرم وەرەو بە سەمای دەمەو ئێوارەی چۆلەکەکان ئەفڕین ئەفڕین ئەفڕین... بۆدوور بۆ ژیانی پڕ لەخۆزگەو پڕ لە جوانی و پڕ لە ئومێد..پڕلە عەشقی ئەبەدی خێزانێکی بەختەوەر دوور لەچاوی میدیاکان و لە بڵاوکردنەوەی بەختەوەرییەکانمان ئەفڕین بۆ ئاسمانی یەکتر ویستنی ئەبەدی، چونکە ئەمەوێ پێتان بڵێم ژیانی بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ هەریەکێکمان پڕپڕبوو لەجوانی ژیان سادەبوو وەک سیما و ڕوخساری مناڵێکی بچوک..
ئەوسا بەڵێ ئەوسا ژیان و مرۆڤەکانیش گەلێ جوان بون جوان...
ئارەزوو عەبدولخالق..
ئەیلولی 2021