وڕێنە
#ئەخۆل#
دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە، ئێستاکەش ئەناڵێنێ
هەناسەی ساردی ناکامی لە سینەمدا ئەتاسێێنێ
ئەگەر جوانیت سەرنجم ڕابکێشی، مەگرە لێم چونکە ؛
جەماڵت پەیکەری ڤینۆسی خوای جوانیش ئەجوڵێنێ !
پەچەت لادە ببینم ڕووت، ئەمن خۆ سەیری تۆ ناکەم
لە ڕووی تۆ تێدەگەم، یەزدان چلۆن نەخشی ئەنەخشێنێ !
کە تیشکی ڕۆژ ئەدا زاخاوی پرچی زەردی زێڕینت ؛
لە لام قەوس و قەزەح هیچ ڕەونەق و شەوقێکی نامێنێ !
بەوەش دڵشاد و خۆش حاڵم، کە یادی نائومێدی خۆم
بە خوڕ ئەشکی لە چاوانا قەتیس ماوم ئەبزوێنێ،
تەمەن ڕووە و خەزان ئەڕوا، کەچی گەردوون ئەوا تازە
لە وێرانەی دڵا تۆوی گوڵی دڵداری ئەڕوێنێ،
بە چەشنێ خۆشەویستی تۆ لە سینە و کەللەما چەسپە،
مەگەر جامی ئەجەل، ئەو تین و تاوەی لێ هەڵێنجێنێ ![1]